بسم الله الرحمن الرحیم
فەتوا لەسەر دروستیی دیاریكردنی ژمارەی حاجییان و پابەند بوون بە ڤیزای حەجەوە، مادەم پێویستی گشتی لەئارادایە و نادروستیی فێڵ كردن لەو ڕووەوە.
بە قەڵەمی
پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان
كۆمەڵێك پرسیارم پێ گەیشتوون لەبارەی ڕادەی دروستیی سەرپێچی كردنی كاروبارە كارگێڕییەكانی مۆڵەتی تایبەت بە حەج.
ئایا ئاساییە سەرپێچیی ئەو یاسایە بكەیت، بەپێی ئایەتی {وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا} (ال عمران:97)؟، چونكە وشەی (سبیلا) نەكیرەیە و بەڵگەیە لەسەر دروستیی ئەنجامدانی حەج بە هەر ڕێگەیەك، ئیتر بە فێڵ بێت یاخود بەبێ بوونی مۆڵەتی تایبەت بە حەج.
وەڵام:
ئەوەی گومانی تێدا نییە، ئەوەیە كە خوای گەورە حەجی فەڕز كردووە بەسەر هەر كەسێكەوە كە توانای هەبێت و، كردوویەتی بە یەكێك لە ڕوكنەكانی ئیسلام. هەربۆیە پێویستە ئەوەی توانای هەیە، هەوڵ بۆ بەجێ هێنانی ئەم ڕوكنە بدات، بەڵام بەپێی مەرج و ڕێكارە یاسایی و شەرعییەكانی، هەروەك تەواوی ڕوكن و واجباتە ئیسلامییەكانی تر.
هەر قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بە گرنگترین مەرجی حەج داوە لە ئایەتی {وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا}، كە مەرجەكە بریتییە لە بوونی توانا، ئایەتێكی ترمان هەیە كە ئاماژە بە مەرجێكی تر دەدات، ئەویش مەرجی نەبوونی گەمارۆیە، خوای گەورە فەرموویەتی (وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ ۚ فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ)(البقرة: 196).
فەرموودەیەكیش هاتووە كە (سبیل) بە سوار و تفاق ڕاڤە كردووە، كە گرۆیەك لە فەرموودەزانان و زانایان بە لاوازیان داناوە و گرۆیەك لە زانای تریش بە صەحیحی دادەنێن.
ڕاڤە كردنی (سبیل) بە سوار و تفاق و توێشوو، ڕێگر نییە لە بوونی چەند پێوەرێكی تری وەك توانای جەستەیی، ئاسایشی ڕێگاوبان، بوونی مەحرەم لەگەڵ ئافرەت (بە كۆدەنگیی زانایان).
مەبەستم لەمە ئەوەیە كە زانایان تەنها سوار و توێشوویان نەكردووە بە مەرج بۆ حەج، بەڵگو تەندروستیی جەستە و توانای ڕۆیشتن و نەبوونی ترسی تیاچوون و ئاسایشی ڕێگاوبانیان زیاد كردووە. بۆ ئافرەتانیش هەندێ مەرجی تریان زیاد كردووە.
ئەم فراوان بوونی بازنەی مەرج و پێوەرانە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڕێی تێ دەچێت بابەتەكە هەندێ پێوەندی تری بۆ زیاد بكرێت، ئەگەر بێتو بەڵگەیەكی بەرچاوی بۆ بهێنرێتەوە. هەروەها گرۆی زانایان سنووریان نەبەزاندووە بە دابین كردنی توێشوو و سوار لەڕیی بەخشن و خێر و خێراتەوە، ئەویش لەبەر ئەو منەتەی بەهۆیەوە دروست دەبێت. إبن قدامة دەفەرموێت: "ئەوەی پارەی بۆ دابین بكرێت حەجی لەسەر نییە و بەمە نایەتە ڕیزی ئەوانەی توانای حەجیان هەیە، ئیتر بەخشەرەكە كەسی نزیك بێت یان بیانی، سواری بۆ دابین بكات یاخود توێشوو یان پارە، جیاوازی نییە"، شافعییەكان جیاوازییان كردووە لەنێوان بەخشینی كەسانێك كە منەتی لێ ناكەوێـتەوە لەگەڵ ئەوانەی منەتی لێ دەكەوێتەوە، بۆنمونە باوك كە خەرجی بۆ كوڕەكەی دابین دەكات منەتی لێ ناكەوێـەوە، بیانییش منەتی لێوە دروست دەبێت.
ئایا وەلی ئەمر دەتوانێت پێوەر و مەرجی نوێ زیاد بكات؟
كۆدەنگیی زانایان وایە كە دەبێت لە شتە باشەكاندا گوێڕایەڵیی وەلی ئەمری مسوڵمان بكرێت، ئەویش بەپێی ئایەتی قورئان و فەرموودە پیرۆزەكان. واتە ئەگەر بڕیاریان لە شتێكدا شەرعی بوو، پێویستە خەڵك پابەند ببن پێیەوە. ئەم سنووردار كردنی ژمارەی حاجیانەش بە تەواوی مەرجەكانیەوە شەرعییە، ئەوەی گومانی تێدا نییە، ئەوەیە كە ئەم سەردەمە جیاوازە لەتەواوی سەردەمانی پێشوو، كە توانای گەشت كردن و گەیشتن بە جێگەكان هەرچەندە دوور بێت، ئاسان بووە.
ئەگەر بێتوو ئەمڕۆ بوار بۆ حاجیان بڕەخسێت كە بێن بۆ مەككە، ئەوا دەیان ملیۆن كەس دێت و ئەمەش چەندین گرفت و سەختیی دروست دەكات لەزۆر ڕووەوە، بەتایبەتی كە زۆربەی دروشمەكانی حەج لە شوێنانێكدایە كە بەدڵنیاییەوە ملیۆنان هەڵناگرێت! وەك مونا و موزدەلیفە -دواتر باسیان دەكەین-.
ئەم بابەتەش پەیوەندییەكی توندی بە سیاسەتی شەرعی و ئەو شتانەوە هەیە كە زانایان لەبارەی مەرج و پێوەندەكانی كاروبارە كارگێڕییە ڕێ پێدراوەكان، باسیان كردووە. مادەم بەپێی هەڵسەنگاندنی زانایان و پسپۆڕانی بابەتەكە، بەرژەوەندیی بەدی دەهێنێت و گرفت و خراپە دوور دەخاتەوە.
لێرەوەبوو كە لە سەردەمی كۆڕۆنادا چەندین بڕیار و فەتوای بەكۆمەڵ و تاكمان بینی لە زانایانی گەل و كۆمەڵە فیقهییەكانەوە، بەوەی مزگەوتەكان دابخەن و واز لە نوێژی هەینی و بەكۆمەڵ بهێنرێت، بگرە لە ئان و ساتی توندی پەتاكەدا واز لە عەمرە بهێنرێت، یان حەجیش قەدەغە بكرێت و ژمارەیەكی كەم ڕێگەیان پێ بدرێت ئەنجامی بدەن لەناو شانشینی سعودییەدا.
هەر لەبەر ئەمەیە كە زانایان ڕێگەیان داوە وەلی ئەمر هەندێ پێوەند و مەرج بۆ هەندێ چالاكی دابنێت، بەو مەرجەی بڕیارەكان بەرمەبنای خۆلادان لە خراپە و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی ڕاستەقینە بێت.
هەڵوێستی كۆنگرەی حەڤدەیەمی ئیسلامی:
لە (3-7)ی شەعبانی 1408ی كۆچی بەرامبەر بە 1988، لە كۆنگرەی حەڤدەیەمی ئیسلامیدا لە شانشینی ئەردەنی هاشمی، ئەم بابەتەم بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی خستە ڕوو، هەر ئەوكاتە ئەم بڕیارە دەرچوو:
بە پابەند بوون بە بنەماكانی بەڵێننامەی ڕێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی، كە ئامانجی بریتییە لە ڕێزگرتنی سەروەری تەواوی ئەندامان و باشتركردنی ڕێكخستەی ئیسلامی و بەشدار بوون لەتەواوی ئەو شتانەی خزمەت بە ئیسلام و مسوڵمانان دەكەن.
كۆنگرەكە ئەوە لەپێش چاو دەگرێت كە حكومەتی شانشینی عەرەبیی سعودی، هەوڵ دەدات فەڕیزەی حەج و مەناسیكەكانی عەمرە و زیارەت، بۆ تەواوی مسوڵمانان لە ژنان و پیاوان ئاسان بكات. بە هەموو ئەو هەوڵانەش دەزانێت كە لەپێناو ڕێكخستنی شێوازی ئەنجامدانی مەناسیكەكانی حەج و حاجییان و هاتووچۆیان، دەیدات.
پاش چاو خشاندن بەو یاداشتەی حكومەتی شانشینی عەرەبیی سعودی پیشكەشی كرد، كە بریتییە لە دەستكردن بە جێبەجێ كردنی كۆمەڵێك پلانی نوێ و بەرنامە و پڕۆژە بۆ فراوان كردنی هەردوو حەرەمی شەریف و گەشەدان و بونیاد نانەوەی بینای نیشتەجێ بوونی حاجییان..
دان بەوەدا دەنێت كە پێشوازی كردن و ئاسانكاریی بۆ حاجییان، پێویستی بە ڕێكسختنی تەواوی حاجییانی هاتووی سەرتاسەری زەوی هەیە، بەجۆرێك هەلێكیان بۆ بڕەخسێنێت كە بتوانن چێژ لەو خزمەتگوزارییانە ببینن كە ئامێرە تایبەتەكانی شانشینی عەرەبیی سعودی دابینیان دەكەن، بەشێوەیەك كە گونجاو بێت لەگەڵ شوێنی مەناسیكەكانی حەج و عەمرە.
ئەم بڕیارەم بەتەواوی وەك خۆی دانا، چونكە جێبەجێ كردنی ئەم بڕیارە، بەرژەوەندی دەهێنێتە دی و، دیاری نەكردنی حاجییش، پشێوی و گرفت دەهێنێتە دونیاوە! ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەروەك لە بڕیارەكەدا ئاماژەی پێ كراوە، شانشینەكە هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ زیاد كردنی ژمارەی حاجییان لەڕێی فراوان كردنی حەرەمی شەریف و سازدانی جێگای دروشمەكان بۆ هەڵگرتنی زۆرترین ڕێژەی حاجی.
هەر لەسەر ئەم بڕیارە، كۆمەڵێك بڕیار و فەتوا لەلایەن دەستەی گەورە زانایانی سعودییەوە دەرچوو، بگرە لەوە زیاتریش بڕیاری ژمارەی 178ی 26 /3/ 1418ی كۆچی دەرچوو، لەبارەی ڕێكخستنی حاجییانی ناوەوەی سعودییە و ڕێگە نەدانیان بە دووبارە حەج كردنەوە لەماوەی پێنج ساڵدا. كە بڕیارەكە ئەمەشی لەخۆ گرتبوو:
پاش توێژینەوە و تاوتوێ كردن و تێڕامان و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئازار و گرفتی ئەوانەی دەیانەوێت حەج ئەنجام بدەن، هەروەها لەپێناو بەر گرتن یان كەم كردنەوە ئەو زیانانەی بەهۆی توند و زۆریی قەرەباڵغییەوە دروست دەبن. زۆربەی ئەندامانی دەستەی گەورە زانایان، هیچ ڕێگرییەك نابینن لەبەردەم دانانی یاساگەلێك بۆ ڕێكخستنی حاجییانی سعودی، یەكێك لەوانە ئەوەیە حكومەت ڕێگە نەدات بەوەی حەجی كردووە، حەجەكەی دووبارە بكاتەوە هەتا پێنج ساڵ بەسەر حەجی پێشوویدا تێنەپەڕێت، هەروەك ئەوەی بۆ حاجییانی تری دەرەوەی سعودییە جێبەجێ دەكرێت. مادەم پێویستییمان هەیە بۆ ئەوە، وەك كەم كردنەوەی قەرەباڵغیی حاجییان و هاوكاری كردنیان لە ئەنجامدانی مەناسیكەكانی حەج و دوور خستنەوەی ئازار و گرفت لێیان. ئەویش بەپێی ئایەتی (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ) (البقرة: 185)، هەروەها ئایەتی (وَجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ ۚ هُوَ اجْتَبَاكُمْ وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ)(الحج:78)، بەهەمان شێوە فەرموودەی: "ئەوەی پێداویستیی براكەی بەجێ بهێنێت، خواش بەدەم پێداویستی ئەوەوە دەبێت". البخاري (6951) و مسلم (2581) ڕیوایەتیان كردووە.
فەتوا
بەپێی ئەوانەی باسكران و ئەوانەی كە باسیان دەكەین، بە ڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە ئاساییە وەلی ئەمر لە شانشینی عەرەبیی سعودییە، ژمارەی حاجییان دیاری بكات و دووبارە كردنەوەی حەجیش سنووردار بكات بۆ هەر پێنج ساڵ جارێك. بگرە ئەگەر ئەم مەرج و پێوەندانە بێنە دی، ئەوا ئەو سنووردار كردنە دەبێتە داواكراو:
بەڵگەكان
یەكەم: وەڵام دانەوەی بەڵگە هێنانەوە بە وشەی (سبیلا) لە ئایەتی (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ۚ ) (ال عمران:97)، كە بەرهەڵستكار دەڵێت وشەیەكی نەكیرەیە و هەموو ڕێگایەك دەگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە فرت و فێڵیش بێت و مۆڵەت بوونی نەبێت.
وەڵام بۆ ئەوە:
بە هەرجۆرێك بێت، وتەی زانایانی وەك ئیمامی مالیك (خوا لێی خۆشبێت) و ئەوانی تریش، ناكرێت بسەپێنرێت بەسەر ئەم گرفتەی ئێستادا لە سەختیی وەرگرتن و پێشوازی كردن لە هەموو ئەوانەی دەیانەوێت حەج بكەن و ڕەنگە ژمارەیان بگاتە دەیان ملیۆن مسوڵمان. ئەوان باسی ئەم كێشەیەیان نەكردووە، (لازم المذهب ليس بمذهب).
ئەی باشە بەرهەڵستكاری مۆڵەتی حەج، چی دەڵێت لەبارەی پاسپۆرتەوە بۆ چوونە ناو شانشینەوە؟
بۆنمونە ئەمڕۆ ڕێگە بە هیچ كەسێك نادرێت بەبێ پاسپۆرت، لە هیچ وڵاتێكەوە بچێتە ناو ولاتێكی ترەوە، ئایا دەبێت بڵێین ئاساییە بەبێ پاسپۆرت و بە قاچاخ بچۆرە ناو شانشینی سعودییەوە؟!!
لێرەوە هەروەك چۆن ئاسایشی ڕێ و توانای جەستەیی بوونە مەرجی واجب بوونی حەج، ئاواش هیچ ڕێگرییەك نییە لەوەی ئەم پێوەندەی تریش زیاد بكرێت، بەجۆرێك یەكێك لە مەرجەكانی واجب بوونی حەج؛ بەدەستهێنانی مۆڵەتی حەج بێت. بە دەربڕینێكی تر، هەر ئەوەش دەبێتە عوزرێك بۆ دواكەوتنی حەجی كەسێك یان لاچوونی لەسەری، ئەگەر بێتو وەفاتی كرد و نەیگەیشتێ.
دووەم: باس كردنی هەندێ بەڵگە لەسەر دروستیی دیاریكردنی ژمارەی حاجییان و دووبارە نەكردنەوەی حەج لەماوەی پێنج ساڵدا:
فەرموودەكە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێغەمبەر ﷺ وازی لە خواردنەوەی ئاوی زمزم هێنا، لە ترسی ئەوەی ئەگەر وا بكات خەڵك بیكەنە سوننەت و دواتر بۆ بەدەست هێنانی ئاوەكە قەرەباڵغیی دروست بكەن و بەهۆی زۆرییەوە ڕكابەری بكەن.
لەمەش مەبەستمان ئەوەیە كە بڕیاری دیاریكردنی حەج، بە واتای قەدەغە كردنی حەج نایەت، بەڵكو واتای دواخستنییەتی لە هەندێ خەڵك، ئەمەش ڕێی پێدراوە و شەرعییە، چونكە ڕای پەسەند وایە حەج درەنگ بكرێت.
بەمجۆرە بۆمان دەركەوت كە دروستە ژمارەی حاجییان بەپێی هەندێ كێشانەی ورد دیاریبكرێت و لەماوەی پێنج ساڵدا ڕێگە بە دووبارە كردنەوەی حەج نەدرێت، بگرە ڕەنگە ئەم بڕیارە پێویست بێت بۆ پاراستنی گیان و دین بەپێی ئەو پێوەندانەی باسمان كردن. زۆر بە ڕوونی ئەوەشمان بۆ دەركەوت كە دروست نییە فێڵ لەم بڕیارە بكرێت، چونكە فێڵ كردن ناشەرعییە و دەرچوونە لە گوێڕایەڵی كردنی وەلی ئەمر لە فەرمان بە چاكەدا، هەروەها زۆر زیانی گەورە دەخاتەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێیدا. خواش باشتر ئاگاداری ڕاست و دروستییەكانە.
وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين
پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان
ذي الحجة 1445ی كۆچی
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان