ئەخلاق كرۆكی عیبادەتە
د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان و
سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی
مامەڵە كردنی باش لەگەڵ خەڵكدا نیشانەی ئەوپەڕی پێشكەوتنە لەڕووی فیكریەوە، هەروەها بەڵگەیە لەسەر پاكی دەرون و هۆكارێكیشە بۆ زیاتر بەدەستهێنانی نیعمەتەكانی خوای گەورە و دوركەوتنەوە لە بەڵاو ناڕەحەتی، هۆكارێكیشە بۆ بەرەكەت لە تەمەن و ماڵ و ... هتد.
مامەڵەی باش شتێكی ئاسایی و سادە نیە لە ئایندا، بەڵكو تەعبیرە لە تەوەرەی عیبادەت و هۆكاری پێشكەوتنە، هەروەها هۆكارێكە بۆ پاككردنەوەی دەروون لە پیسی و گومانی خراپ و بوغز، خوای گەورە عەقیدە وەك مەرجەعیەتێكی ئەخلاقی باس دەكات و ئەخلاقیش دەكاتە ئامانجی عیبادەت، خوای گەورە دەفەرموێت [إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ]واتە: بەڕاستی نوێژ بەرهەڵستی لە گوناهو تاوان و خراپەكاری دەكات دەكات، دەربارەی زەكاتیش دەفەروێت [خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا] واتە: لە هەندێ ماڵ و سامانی ئەو (ئیماندارانە) زەكات و خێر وەربگرە، چونكە دەبێتە هۆی خاوێن كردنەوەی ماڵەكانیان و پاككردنەوەی دڵ و دەروونیان. جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەخلاق بنەمای دروست بوونی شارستانیەتە جیهانیەكانە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا مەترسیەكان لەسەر ئەم شارستانیەتە نوێیە ئەخلاقیات و مامەڵەی مرۆڤ دۆستانەیە، ئەمەش جۆرەها قەیرانی بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دروست كردووە، ئەویش لە زاڵكردنی بەرژەوەندی بەسەر ئەخلاقی مرۆڤ دۆستانەدا.
بەرپرسیارێتی گەشەپێدانی ئەم هەڵسوكەوت و مامەڵە باشانە، هەندێكی دەكەوێتە سەر تاك و هەندێكی تریش سەر كۆمەڵا یان دەوڵەت، بەڵام بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتیەكە دەكەوێتە سەرشانی دایك و باوك، خوای گەورە دەفەرموێت [يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا] واتە: ئەی ئەو كاسانەی كە باوەڕتان هێناوە خۆتان و كەسوكارتان بپارێزن لە ئاگرێك كە سووتەمەنیەكەی خەڵكی و بەردە. پاشان ووتی بەرپرسیارێتی یەكەم دەكەوێتە سەر خێزان، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی هاوسەری چاك یەكەم بەردی بناغەی دروستكردنی خێزانە و پاشان خستنەوەی نەوەی چاك، لەدوای ئەوەش قوتابخانە و پێشەوای مزگەوت و مامۆستا و چین و توێژەكانی تر، لەسەر هەمووشیانەوە دەوڵەت بەرپرسیارە لە رێگەی دامەزراوەكانیەوە پلانی هەبێت بۆ ئاڕاستەكردنی هەموو چین و توێژەكان بۆ چاكەكاری و خزمەت و لێبوردەیی و پەروەردەكردنی هاوڵاتی چاك.
لە كاردا و ئەنجامدانی عیبادەتەكان بەشێكە لە رەوشت، چونكە چڵەپۆپەی رەوشت چاكەكاریە (احسان) واتە بەجۆرێك خوا بپەرستی كە دەیبینیت، ئەگەر تۆ ئەو نەبینی ئەو تۆ دەبینێت، پاشان وتی عیبادەت دەبێت لە مامەڵەدا رەنگ بداتەوە، هەتا یەكێك ئیمانی بەهێز بێت ئەخلاق و مامەڵەی جوانتر دەبێت و دەروونی پاكتر و دڵی چاكتر و خاوێنتر دەبێت، پاشان ووتی ئەگەر یەكێكتان بینی ئەخلاق و مامەڵەی خراپ بوو، رق و بوغزی هەبوو، شەڕەنگێز و توڕە بوو، چروك و لێبودە نەبوو، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە كە ئیمانی لاوازەو عیبادەتەكانی كاریگەری لەسەر ئەخلاقی نەبووەو بەمەش كردەوەكانی شایەتی نادەن لەسەر باوەڕ و عەقیدە و ئیمانەكەی.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان