1 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

رۆژی خۆشەویستیی لە ئیسلامدا

Image

رۆژی خۆشەویستیی لە ئیسلامدا


ساڵانە لە ڕۆژی 14 ی مانگی شوباتدا پرسیاری زۆر دەكرێ‌ دەربارەی رۆژی خۆشەویستیی، كە ئایا حەڵاڵە یان حەرامە؟
وەڵام:
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، درود و سەلام لەسەر گەورەمان پێغەمبەر، لەسەر خانەوادە و هاوەڵان و شوێنكەوتووانی تا ڕۆژی دوایی.
بەرلەوە وەڵام بدەمەوە پێمخۆشە دوو پێشەكی زۆر گرنگ بخەمەڕوو، ئەوانیش ئەمانەن:
یەكەم: بەڵگەنەویستە كە خۆشەویستیی لە ئیسلامدا پایەیەكی سەرەكییە، چونكە باوەڕمان لەسەر خۆشەویستیی گەورە بۆ خوای گەورە دامەزراوە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَالَّذيِنَ آمَنُوا أشَدَّ حُبَّاً لِلَّه) البقرة: 165.
ئەمەش بە ئاستێكە كە باوەڕمان تەواو و كامڵ نابێت تا خۆشەویستیمان بۆ خوای گەورەو بۆ پێغەمبەرەكەی (صلی الله علیە وسلم) گەورەتر و بەهێزتر و زیاتر نەبێت لە خۆشەویستیمان بۆ خودی خۆمان و ماڵ و خێزان و منداڵەكانمان.
ئیسلام كردوویەتە ئەركی سەرشانی موسڵمان كە دەبێت خەڵكی یەكتریان خۆشبووێت، هەربۆیە فەرمانی بە موسڵمانان داوە كە لە سۆز و بەزەیی و خۆشویستنی یەكتری و هاوكاری و دەستەبەری یەكتریدا ببنە یەك جەستە، ئەوەش بۆ ئەوەیە تا برایەتی ئیسلامی لە نێوانیاندا جێبەجێ‌ ببێت.
هەروەها فەرمانیداوە بە خۆشویستنی چاكەو بەزەیی و چاكەكاریی و دادپەروەریی بۆ هەموو خەڵكی، (خیر الناس أنفعهم للناس)، لە هەمانكاتدا ئێمە برایەتی مرۆیی لە نێوانماندا هەیە، كە دەخوازێ‌ خۆشویستنی چاكە بۆ مرۆڤەكان بوونی هەبێت، موسڵمانیش ژینگەو سروشتی خۆی خۆشبووێت، چونكە سروشت و ژینگە دایكمانە، لێیەوە دروست بووین و بۆ ناو ئەو دەگەڕێینەوە، لە ڕۆژی مەحشەر و قیامەتیشدا لەناو ئەوەوە دێینە دەرەوە.
بەدڵنیایی كە خۆشەویستیی لە ئیسلامدا لە نێوان موسڵماناندا كارێكی زۆر گەورەو مەزنە، ئەمەش بە ئاستێكە كە ئەو خۆشەویستییە لە ڕۆژی مەحشەردا دەیانخاتە ژێر سێبەری خوای گەورەوە، هەروەها خۆشەویستیی و باوەڕی بەستووە بەیەكەوە، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه))، بوخاری بە فەرموودەی ژمارە (13) و موسلیمیش بە ژمارە (45) و فەرموودەناسانی تریش گێڕاویانەتەوە.
خۆشەویستیی بەم پێیەو لەناو ئەم بازنەیەدا، ئەوا خۆشویستنی دایك، باوك، برا و خوشكان و هەموو خزمانی تریش بە نمونە دەهێنرێنەوە.
بۆ مەسەلەی خۆشەویستی دوو هاوسەر (ژن و مێرد) بۆ یەكتر و بوونی سۆز و بەزەیی لە نێوانیاندا، ئەوا ئەم كارە لە خانەی ئەرك و فەرزەكاندایە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَمِنْ آيَاتِهِ أنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنَ أنْفُسِكُمْ أزواجاً لِتَسكُنوا إليهَا وَجَعَلَ بَيْنكُم مَودَّة وَرَحْمَة...) الروم 21.
دووەم: لە ڕاستیدا پرسی خۆشەویستیی لە ئیسلامدا پرسێكی هەمیشەیی و بەردەوامە، كاتێكی دیاریكراوی نییە، ڕۆژێكی تایبەتی نییە، چونكە لە خواوەیەو هەمیشەییە، شتێكی كاتی نییە كە بە زۆر داتاشرابێت و دروستكرا بێت.
وەڵام:
ئەوەی كە ناودەبرێ‌ بە ڕۆژی خۆشەویستیی جەژنێكی ڕۆمانییە، پەیوەستە بە قەشە (ڤالانتاین)ەوە كە لە 14/2/269 زایینی فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەركرا.
دواتر ئەم بۆنەیە كرایە جەژنی ئەوینداران، تیایدا دەكەونە بڵاوكردنەوەی خراپەكاریی و بێئابڕویی، كەواتە ئەم بۆنەیە پەیوەستە بە قەشەیەكەوە، پەیوەستكراوە بە ئەوینداری و دڵداری حەرام و ناشەرعییەوە، لە هەمانكاتدا بەكاردەهێنرێ‌ بۆ بڵاوكردنەوەی سەرپێچی و خراپەكاریی و تاوان و كارە بێئابڕووەكان، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ناسنامەو تایبەتمەندییەكانی ئوممەت هەیەو دەبەسترێتەوە بە شتانی كەسانیترەوە.
مەعلومە كە جەژن لە ئیسلامدا بە ڕەهایی نابڕێت بەسەر جگە لە هەردوو جەژنی شەرعیدا كە جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربانە، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە هەر ئوممەتێك جەژنی تایبەت بە خۆی هەیە، ئێمەی موسڵمانیش تەنها دوو جەژنی بیرۆزمان هەن كە پڕن لە دەستەبەریی و هاوكاریی لە نێوان موسڵماناندا، هەروەها نواندنی سوپاسگوزارییە بۆ خوای گەورە بە بەجێگەیاندنی دوو پایەی گرنگ لە ئیسلامدا ئەوانیش: ڕۆژووگرتن و حەجكردنە.
جا بەرمەبنای ئەوەی لەپێشەوە ڕوونمانكردەوە، ئەوا ئەو شتە كە ناودەبرێ‌ بە جەژنی خۆشەویستیی بیدعەیەكی داهێنراوە، مەبەستیش پێی بۆ ئاسانكردن و ڕێخۆشكردنە بۆ ئەنجامدانی كارە خراپ و بێئابڕووەكان لە ژێریدا، هاوكات چاولێگەرییەكی كوێرانەیە بۆ ناموسڵمانان، كۆی فیقهناسە هاوچەرخەكان كۆدەنگن كە كارێكی نادروست و ناشەرعییە.
لەبەرئەوە نابێت بەو بۆنە نامۆیەوە ئاهەنگ بگێڕدرێ‌، بەڵكو ئەركی سەرشانی موسڵمانانە ناسنامەی باوەڕیی و ڕەوشتیی خۆیان بپارێزن، تایبەتمەندی ئاینەكەیان بپارێزن كە كەوتووەتە بەر جۆرەها شاڵاوی ناڕەواو سەختەوە، ئەمەش لەپێناو وازهێنان لە ناسنامەی ڕەسەنی خۆی، خوای گەورە بەڵێنیداوە -بەڵێنی ئەو زاتەش هەق و ڕەوایە- كە ئەم ئاینە بپارێزێ‌ تا ڕۆژی قیامەت، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (إنَّا نَحْنُ نَزَّلنَا الذِّكر وإنَّا لَهُ لَحَافِظوُن) الحجر9
. كەواتە خۆشحاڵی و خۆشبەختی بۆ ئەو كەسە كە پارێزگاری لە سوننەتی پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیە وسلم) دەكات.
ئەمەمان تۆمار كرد، خوای گەورەش خۆی زاناترە بە ڕاست و دروستی ئاینەكەی.
درود و سەلام لەسەر گەورەمان موحەممەد, لەسەر خانەوادەو هاوەڵانی و شوێنكەوتووانی تا ڕۆژی دوایی.
نوسینی
بەندەی ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری
پ. د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان
سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی