د. عەلی قەرەداغی لەسەر بانگێشتی ئەو وڵاتە سەردانی مالیزیا دەكات
رۆژی شەممە بەرواری 24/ 9 /2022ز، جەنابی پ. د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان، بە سەردانێكی فەرمی ڕۆیشت بەرەو كوالالەمپور پایتەختی مالیزیا، ئەوەش لەسەر بانگهێشتی زانكۆی ئیسلامی لە مالیزیا و هەندێ دامەزراوەی گەشەپێدان بۆ پێشكەشكردنی دوو بابەتی زانستی.
بڕیارە جەنابیان لەو سەردانەیدا كە چەند ڕۆژێك دەخایەنێ دوو بابەتی زانستی پێشكەش بكات، بابەتی یەكەم بە ناوی: (گەشەپێدان و دامەزراوەكانی گەشەپێدان)، بەو پێیە كە بەڕێزیان بیرۆكەیەكی تێروتەسەل و تەواوی دەربارەی ئەو دامەزراوانە هەیە، ئەوانیش بە تێڕوانینی بەڕێزیان پێكهاتووە لە (6) دامەزراوە، بە هەر هەموویانەوە پێیان دەوترێ دامەزراوەی (كافی)، كە لەم دامەزراوانە پێكدێت: (قەرزی حەسەنە، زەكات، سندوقی پاراستن، سندوقی وەبەرهێنان، كۆمپانیا یان بانكی مایكر فایننز، وە دامەزراوەی وەقف)، كە لە ڕاستیدا ئەمانە وێنەیەكی پێكەوەبەستراوی زۆر بەهێز لە نێوانیاندا بۆ تەواوكاری هەیە و بۆ دەستەبەركردنی گەشەپێدانی گشتگیریش.
بابەتی دووەم: دەربارەی (مەبەستەكانی شەریعەتی ئیسلامی لە گەشەپێدان)دا، بە تایبەتی لە مەسەلەكانی وەقف و ڕۆڵی لە گەشەپێداندا، هەروەها ڕۆڵی زەكات لە گەشەپێداندا.
هەر لەناو كارنامەو دیدارەكانی سەردانەكەی جەنابی ئەمینداری گشتیدا هاتووە، كە چاوی بە گەورە بەرپرسانی مالیزیا بكەوێت، لە پێش هەمووشیانەوە چاوی بە بەڕێز پادشای مالیزیا و چەندین گەورە بەرپرسی تر بكەوێت.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان