2 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

ئیمان وەك سەرچاوەی سەرەكی بزوێنەری تواناكانی تاكی مسوڵمان

Image

بەپێنوسى: دکتۆر عەلى قەرەداغى

ئەمیندارى گشتى یەکێـى جیهانى زانایانى مسوڵمان

سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى

خوای گەورە لە قورئاندا وەسفی ئەم ئوممەتە دەكات بە باشترین ئوممەت، باشترین لە هەموولایەنەكانی ژیاندا، لەڕووی چاكەكاری و چاكەخوازیدا، بە هەموو ئەو وێنا باشانەی كە مرۆڤ بۆی دەچێت، بۆئەوەی بۆ خۆی بگاتە ئاستێكی پێشكەوتوو، بۆ ئەوانی تریش ببێتە نموونە هەتا چاوی لێ‌ بكەن، كە ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵا پێشكەوتنە گەردونیەكەدا.

خوای گەورە لە ئەم ئوومەتەدا هەموو پێداویستی چەكەرەكردنی چاكەكاری دەستەبەركردووە ، كە گرنگترینیان ئەو ئیمانەیە كە قورئانی پیرۆز باسی دەكات لە بڕوابوون بەخواو رۆژی دوایی و هەموو ئەو ئەركانانەی تر كە قورئان و فەرموودە راستەكان باسی دەكەن.

ئەو ئیمانەی كە خوای گەورە بۆ بەندەكانی باس دەكات، ئیمانی دەرخەر و گەشەپێدانی تواناكان و ئاراستەكردنیەتی بەرەو ئەنجامدانی كاری چاكە، ئەو ئیمانە دەبێت ببێتە داینەمۆی بەگەڕخستنی تواناكانی مرۆڤی باوەڕدار بەرەو بەرهەمهێنانی چاكترینی شتەكان، باشترینی رەوشت و مامەڵە و هەڵس و كەوت پێشكەوتووترین عەقڵیەتی بیركردنەوە بۆ ئامانجی گەشەپێدان و سەركەوتن و بەرهەمهێنانی تەكنۆلۆژیا و زانست و عەدالەت و ئازادی و چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ، ئەم ئیمانە دەبێت لە هەموو كاتەكاندا بوونی هەبێت لە حاڵەتی هێز ولاوازی و سەركەوتن و شكست واتە دەبێت لە پێش دواڕۆژدا دنیا ئاوەدان بكاتەوە.

ئەو ئیمانەی كە خوای گەورە دەیەوێت دەبێت بەرهەمهێنەری چاكەكاری بێت، جوانترین وێنە بۆ گەل دروست بكات وەك خوای گەورە دەفەرموێت [[كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَوْ آمَنَ أَهْلُ الْكِتَابِ لَكَانَ خَيْرًا لَهُمْ مِنْهُمُ الْمُؤْمِنُونَ وَأَكْثَرُهُمُ الْفَاسِقُونَ] ال عمران - 110دەبێت ئەم ئوممەتە ببێتە سەرچاوەی هەموو چاكە و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریەك بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆ هەموو گەردوون، ئیمانی راستەقینە ئەو ئیمانەیە كە پەیوەستت دەكاتەوە بەخواوە، زمانت پاراودەكات بە یادی خوا، بۆ ساتێكیش بێ‌ ئاگا نیە لێت، لە خواترسانت تیادا بەهێز دەكات، هەست بە چاودێری خوا دەكەیت ئەمەش دوو شوێنكاری باشی هەیە:

یەكەمیان پاراستنی خۆتە.

دووەمیان پاراستنی بەرامبەرەكانت.

ئەوەی دەبێتە مایەی پاراستنی خۆت ،بریتیە لە دوركەوتنە لە تاوان و خراپەكاری، ناهێڵێت بیر لە گەندەڵی و خیانەت و دزی بكەیتەوە، بەردەوام هەست بە چاودێری خوا دەكەیت، ئەمەش گەورەترین پارێزەری مرۆڤی مسوڵمانە لە بازنەكانی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانی، جۆری دووەمیان پاراستنی مافی بەرامبەرەكانە، زیانت نابێت بۆ كەس، بە ناڕەوا ماڵی كەس ناخۆی ،دزی ناكەیت، خیانەت ناكەیت، بەمەش مرۆڤەكان و نیشتمان و ژینگە و هەموو زیندەوەران پارێزراو دەبن و بە بوونت بەختەوەر دەبن.ئەمە ئیمانی راستەقینەیەو ئەمەیە تێگەیشتن لە ئیمان.

كەواتە ئیمان جوڵە و وزە و رەوشت و كرداری چاكەیە، ئیمان كە لە دڵدا هەبوو دەبێت ئەمە كاریگەری لەسەر زمان و جەستە و ئەندامەكان هەبێت، دەبێت لە بواری واقیعدا هەستی پێ‌ بكرێت و دەبێت وەك قورئانێكی زیندوو وابێت لەناو خەڵكدا بجوڵێت ، ببێتە پێشەنگ بۆ كەسانی تر، بەڵام ئەگەر سەرنجی واقیعی كۆمەڵگا مسوڵمانەكان بدەین ئایا بەوجۆرەن؟ یان شتێكی تر دەبینین.

ئەمڕۆ ئێمەی مسوڵمان تێگەیشتنمان بەوجۆرە نیە بۆ ئیمان، بۆیە ئەو چاكترین ئوممەتەش نین كە خوا باسی دەكات. زۆربەمان ئەمڕۆ تەنها بەشە تیۆریەكەی ئیمانمان وەرگرتووە، وا دەزانین تەنها ئەوەندە بەسە كە بە دڵا ئیمان بهێنین یان تەنها ئەركانەكان جێبەجێ‌ بكەین وادەزانین بەمە دەچینە ناو بازنەی ئیمانەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ئەوە نیە كە خوا داوای كردووە لە باوەڕداران، چونكە خوای گەورە دەیەوێت بە باوەڕهێنان بەو ئیمانە گەلانی مسوڵمان ببنە پێشەنگ بۆ هەموو دانیشتوانی سەرزەوی لە هەڵس و كەوت و مامەڵە و بیركردنەوەو عەقڵا و گیان و پێشكەوتن، ئەمە مانای راستەقینەی ئایەتەكەیە نەك تەنها بە ئەنجامگەیاندنی چەند ئەركانێكی وشك و بێ‌ ناوەڕۆك لە نوێژ و رۆژ و زەكات و حەج، چاكەكاری مرۆڤی مسوڵمان بەوە دەبێت كە بەندەی باشی خوا بێت و خوا بەوشێوە بناسێت كە پێغەمبەر بۆمان باس دەكات، پێغەمبەری خوا لە فەرموودەیەكدا دەڵێت: "جبریل هات و پرسیارم لێكرد دەربارەی ئیسلام و ئیمان و ئیحسان، ئەویش وتی: ئیحسان ئەوەیە كە خوا بپەرستی وەك ئەوەی كە دەیبینیت، خۆ ئەگەر تۆش ئەو نەبینی ئەو تۆ دەبینێت".

لەلایەكی ترەوە دەبێت تێگەیشتنمان بۆ عیبادەت ئەوەبێت كە هەموو ئەو فەرمانانە جێبەجێ‌ بكەین كە خوا داوامان لێ‌ دەكات و لە هەموو ئەوانەش دور بكەوینەوە كە پێی رازی نیە.

فەرمانەكانی خوای گەورەش تەنها تایبەت نیە بە بواری ئەركانەكانی ئیسلام، بەڵكو هەموو ژیان دەگرێتەوە لە بواری مامەڵە و بیركردنەوەو عەقڵ و رەوشت و كردەوەكاندا و هەموو چالاكیەكان لەبواری ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی، تەنانەت ئەگەر سەیری قورئان و فەرموودە بكەین، فەرمانەكان لە بواری دروشمە ئاینیەكاندا كەم و سنوردارن، بەڵام زۆربەی دەكەوێتە بوارەكانی تری ژیان.

ئەم چاكەكاریە كە خوا باسی دەكات نەخشەرێگای پێشكەوتن و گەشەپێدانە، هاندانە بۆ ئەوەی مسوڵمان باشترین كردەوە بكات و لە هەموو خراپەیەك دور بكەوێتەوە، واتە دەبێت ئیمان وەك چرایەكی كاریگەری نەكوژاوە بێت، دەوروبەر روناك بكاتەوە، ئەو روناكیەش سەرچاوەكەی نوری نەبڕاوەی خوایە، بەڵام ئەگەر یەكێك دیعایەی ئیمانداری بكات و سەرقاڵی خراپە و تاوان و گەندەڵی بێت، ئایا ئەو كەسە لە كوێی ئەم بازنەیەدا جێگەی دەبێتەوە، ئایا ئەم كەسە هەست بە چاودێری خوا دەكات، یان چۆتە بازنەی شەیتان و فەرمانەكانی ئەو جێبەجێ‌ دەكات.

ئەگەر سەیری قورئان بكەین خوای گەورە نموونە و پێشەنگی زۆرمان بۆ باس دەكات لەسەر چاكەكاری و نموونەی زۆر بە پێغەمبەران دەهێنێتەوە، یوسف پێغەمبەر وەك نموونەی گەنجێكی داوێن پاك باس دەكات، نموونەی خۆڕاگریە لە بەردەم جوانی ژنەكەی عەزیزی میسر، كە ئامادەیە هەموو شتێكی لەگەڵدا بكات، بەڵام لێرەدا ئیمان رۆڵی خۆی دەبینێت، ژنەكە پێی دەڵێت [وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ] ئێستا من بۆ تۆم، بەڵام ئیمان یوسفی كردۆتە باوەڕدارێكی ئازا و خۆڕاگر و بە ئیرادە و پێی دەڵێت [قَالَ مَعَاذَ اللَّهِ إِنَّهُرَبِّيأَحْسَنَمَثْوَايَإِنَّهُلَايُفْلِحُالظَّالِمُونَ] (پەنا دەگرم بەخواكاری واناكەم،چونكە پەروەردگارم دەرووی لێكردوومەتەوە ،هەروەها من دڵنیام ستەمكاران سەرفرازنابن.

دەبێت باوەڕدار لە بەرامبەر خراپەدا ئەم پێغەمبەرە بكاتە پێشەنگی خۆی، نەك تەنها لە بواری جنس دا بەڵكو لە بەرامبەر هەموو گەندەڵی و ستەم و تاوانێكدا هەست بە چاودێری خوا بكات و تاوان ئەنجام نەدات، ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت دەبێت گومانی لە ئیمانی خۆی هەبێت.

 

 

 

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی