پ. د. عەلی محی الدین قەرەداغی، لە گوندی نەوتی سەر بە شارۆچكەی قەرەداغی پارێزگای سلێمانی، لە مانگی تەموزی ساڵی 1949ز بەرانبەر بە 1368ك، چاوی بەدنیا هەڵهێناوە.
شایانی باسە ناوچەی قەرەداغ لە مێژە بووەتە لانكی چەندین زانا و دانا و پیاوماقوڵی گەورەی وەك مامۆستا شێخ (عبداللطيف)ی گەورەو، مامۆستا شێخ محمد نجیب قەرەداغی و، مامۆستا شێخ عومەر قەرەداغی و، مامۆستا شێخ مصطفی قەرەداغی و، مامۆستا شێخ بابا رەسوڵا و، مامۆستا شێخ نورالدین و، مامۆستا شێخ نجم الدین، هەروەك لانكی سەرهەڵدانی زانای عاریف و گەورەی كورد مەولانا خالدی نەقشبەندی بووە.
جەنابی دكتۆر عەلی قەرەداغی سەر بە خێزانێكی دین پەروەر و زانست دۆست بووە و لەڕووی ڕەچەڵەكەوە دەچێتەوە سەر ئیمام حسین (خودا لێی رازی بێت).
جەنابی شێخ (محیی الدین)ی باوكی پیاوێكی دین پەروەر و خواناس و بەهەڵوێست بووە و، هەمیشە پشتیوانی حەق و ڕاستی بووە و هاوكار و دۆستێكی باشی شێخ مەحمودی نەمر بووە لە شۆڕشی كوردیدا دژی داگیركاری ئینگلیز.
لەهەمانكاتدا زۆر لە دژی بیری شیوعییەكان بووە و بەرەنگاری شیوعییەت بووەتەوە لە ساڵانی 1958 - 1963 ز. جەنابی دكتۆر عەلی لە بارەی باوكییەوە دەڵێت: "جەنابی باوكم پیاوێكی چاونەترس و بوێر بوو جگە لە خودا لە هیچ كەس نەدەترسا و، لەڕووی رێكوپێكی خێزانییەوە توندوتۆڵ و كاریگەر بوو، لەكاتی گەرمەی سەرهەڵدانی شیوعییەتدا لەگەڵ چەند كەسێكی كەم بەتوندی لەڕوویاندا وەستا لە ساڵانی 1958 - 1963ز، لەكاتی شۆڕشی عبدالكریم قاسمدا لە عێراق، تەنانەت هەوڵی تیرۆركردنی جەنابی باوكمیاندا بەڵام سەركەوتوو نەبوون، ئەو هەمیشە خۆشەویستی (ئیسلام)ی لە دڵی ئێمەدا دەچاند و فێری دەكردین تەنها شانازی بە ئیسلامەوە بكەین".
جەنابی باوكیان رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لەسەر ئاراستەكردنی بەرەو زانست، جەنابی دكتۆر عەلی قەرەداغی لەم بارەیەوە دەڵێت: "باوكم بەڕەحمەت بێت لە قوتابخانەی حكومی دەریهێنام و خستمیە حوجرەوە لە سەردەمی گەرمەی شیوعییەت لە عێراقدا، كە لەوكاتەدا هەرچی كۆلێژ و پەیمانگا و قوتابخانەی شەرعی هەبوو هەڵوەشێنرابویەوە".
دایكی بەڕێزیان خاتوو ئامینە عوسمان بە ڕەحمەت بێت، ئافرەتێكی میهرەبان و نەجیب و خواناس و ئیمان دامەزراوبوو، زۆر هیواخواز بوو منداڵەكانی قورئانی پیرۆز لەبەر بكەن و ببنە مەلا و زانای پەیامدار.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان