1 مانگ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

حوكمی قوربانی كردن

Image

پێناسەی دروستی قوربانی:

قوربانی بەو ئاژەڵە دەوترێت كە لەپێناو نزیك بوونەوە لە خوای گەورە، لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا سەر دەبڕدرێت، لە بەرخ و بزن و مانگا و وشتر. یەك بەرخ یان یەك بزن بەسە بۆ یەك كەس، بەڵام یەك مانگا یان یەك وشتر بەسە بۆ حەوت كەس. لە قوربانیدا مەرجە كە ئاژەڵەكە ساغ بێت و عەیبێكی تێدا نەبێت كە كار لە گۆشتەكەی یان شێوەكەی بكات. بەپێی ڕای زۆرینەی زانایان، كێشە نییە ئەگەر دوگی نەبێت، هەروەك چۆن كێشەی نییە ئەگەر دوگەكەی و گونەكانی بڕدرابن.

نابێت قوربانی بە ئاشكرا یەك چاوە بێت، یان بە ئاشكرا نەخۆش بێت، یان بە ئاشكرا شەل بێت، هەروەها نابێت لەڕ و بێ گۆشت بێت. نابێت هیچ گۆشتێك لە قوربانییەكە بدرێت بە قەساب لەبەرامبەر كارەكەیدا (كرێی كارەكەی)، هەروەك چۆن نابێت هیچ شتێكی ئەو قوربانییە لە گۆشت و پێستەكەی بفرۆشرێت. دەبێت تەواوی ئەندام و بەشەكانی ئەو قوربانییە ببەخشرێت، تەنانەت پێست و تووكەكەشی..

ئەوەی خوازراوە لە مسوڵمان، ئەوەیە باشترین ئاژەڵ هەڵببژێرێت لەڕووی گۆشتنی و قەڵەوییەوە، هەروەها دوور بكەوێتەوە لە عەیبدارەكان، ئەویش لەبەر ئەم ئایەتە: ( ذَلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ ).

 

حوكمی قوربانی:

ئەوەی ڕای زۆرینەیە و زۆرترین بەڵگەی قورئان و سوننەتی لەسەر هەیە، ئەوەیە كە حوكمی قوربانی كردن بریتییە لەوەی دروشمێكی مەزنە و سوننەتێكی موئەكەدەیە، نە لەسەر حاجی فەڕزە و نە لەسەر كەسی تر. گەرچی حەنەفییەكان و هاوڕاكانیان دەڵێن كە قوربانی كردن واجبە، ئەویش بەرمەبنای ئەوەی كە لە ئایەتەكەدا فەرمان كراوە:  (فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ)، كە قتادة و عطاء و عكرمة و ژمارەیەكی تر (وَانْحَرْ)یان بە قوربانی ڕاڤە كردووە، چونكە دەڵێن (أمر - فەرمان) بەواتای واجب بوون دێت. لەبەرامبەردا زۆرینەی زانایان بەڵگەی بەهێز دەهێننەوە و دەڵێن: ئەوەی كە فەرمان بە واتای واجب بوون بێت ڕاجیایی لەسەرە، ڕای زۆرینە وایە كە تەنها داواكارییەكە، ئەوە قەرائینەكانن كە واجب بوون یان بۆ هاندان و ڕێنمایی بوون و موباح بوونی دیاری دەكەن، هەروەها (وَانْحَرْ) تایبەت نییە بە قوربانیی جەژن، دەكرێت مەبەست لێی قوربانیی (هدي) بێت، چونكە سورەتەكەش مەككییە.

فەرموودەیەكیشیمان هەیە كە بەڵگەیە لەسەر واجب نەبوونی، پێغەمبەر فەرموویەتی: "ئەگەر گەیشتیتە نۆمینە و یەكێكتان ویستی قوربانی بكات، با هیچ دەست لە موو و پێستی نەدات". مادەم فەرموویەتی (ویستی) كەوایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر هەڵبژاردن.

زۆر فەرموودەی تر هەن كە بەڵگەن لەسەر شەرعیی بوونی قوربانی و فەزڵ و گەورەییەكانی، ئەوەش كۆدەنگیی لەسەر هەیە، هەروەك إبن قدامة لە (المغني) هێناوێتی.

بەڵام قوربانیی لە بەخشینی گشتی جیاواز و باشترە، هەندێك لە زانایان فەرموویانە كە بەخشینی بڕی پارەی قوربانییەكە باشترە، ئەمەش لەلایەن خاتوو عائیشەوە ڕیوایەت كراوە خوا لێی ڕازیبێت. بەڵام ئەوەی یەكەمیان شیاوترە.

 

كاتی قوربانی كردن:

كاتی قوربانی كردن بریتییە لە ڕۆژی دەیەمی مانگی ذي الحجة، لەپاش نوێژی جەژن یان بەهێندەی ڕووناك بوونەوە، هەتا ئاوا بوونی ڕۆژی چوارەمی جەژن، واتە (10 و 11 و 12 و 13)ی مانگی ذي الحجة. كێشە نییە لە ڕۆژ یان شەوی ئەو چوار ڕۆژەدا قوربانییەكە بكرێت، گرنگ ئەوە لەپاش نوێژی جەژنەوە بێت هەتا ئاوا بوونی ڕۆژی چوارەمی جەژن كە دەكاتە 13ی مانگ، ئیتر كەی باشتر بوو بۆ هەژاران ئەو كاتە باشترینە.

 

بریكاری قوربانیكەر:

بە كۆدەنگیی زانیان، دەكرێت قوربانیكەر كارەكە بداتە دەستی كەسانێكی تر تا سەری قوربانییەكە ببڕن، بەڵام وا باشترە ئەگەر قوربانیكەر توانی، خۆی سەری قوربانییەكەی ببڕێت.

 

دروستیی پارە دان بە دامەزراوە خێرخوازییەكان بۆ ئەو مەبەستە:

ئەوەی دامەزراوە خێرخوازییەكان ئەنجامی دەدەن لە كۆكردنەوەی تێچووی قوربانییەكان و پاشان سەر بڕینی قوربانی لە سەرجەم لقەكانی وڵاتە كەم دەرامەت و دەستەوسانەكان، بە كۆدەنگیی زانیان شەرعییە. ئەگەر دامەزراوەكە متمانە پێكراو و ناسراو بە كار چاكی بوو، نابێت هیچ ناڕەزایەتییە دەببڕدرێت و گومانی خراپی پێ ببرێت.

 

یەك قوربانیی بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزانێك:

یەك قوربانی بەسەر بۆ سەرجەم ئەندامانی یەك خێزان، هەروەك موسلیم لە صەحیحەكەیدا ڕیوایەتی كردووە كە خاتوو عائیشە خوا لێی ڕازیبێت دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر بەرخێكی هێنا تا بیكاتە قوربانی، پاڵی خست و پاشان فەرمووی: (بسم الله ، پەروەردگارا لە موحەمەد و خێزانی موحەمەد و گەلی موحەمەدی وەرگرە) پاشان كردییە قوربانی. بگرە پێغەمبەر دوو بەرخی قۆچداری ڕەش و سپیی كردە قوربانی"، لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: "لە دووەم دانەیاندا فەرمووی: لەوانەی باوەڕیان پێم هێناوە و پشت ڕاستیان كردوومەتەوە لە گەلەكەم".

 

بەڵام ئەوەی توانای هەیە وا چاكترە قوربانیی زیاتر بكات.

 

 

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی