نوێترین کتێبى دکتۆر عەلى قەرەداغى ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان بەزمانى کوردى چاپکرا، بەناوى (بەزەیى ئیسلام و دیاردەیى تیرۆر) کەبریتیە لە (٦٣٣) لاپەڕە..
لێكۆڵینەوەیەكی شیكارییە بۆ حەقیقەتی ئیسلام و بەزەیی و میانڕەوییەكەی، بۆ چەمكەكانی تیرۆر، جیهاد، كافركردن، جێنشینیی و فەرمانڕەوایی
نوسەر لەبارەى کـێبەکەیەوە دەنوسێت:
(مرۆڤ لە قورئانی پیرۆزدا، لە پرسی ڕێزلێگرتن و گرنگیپێدانی و بوونی بە جێنشین لە زەویدا سەنتەرە، تەشریعی ئیسلامیش بۆ ئەوە هاتووە تا مرۆڤ لە ڕووی بۆچوون و هزرەوە، لە ڕووی ڕەوشت و ڕەفتارەوە بەرەوپێش ببات و بەرزیبكاتەوە، تا ببێتە بەندەیەكی خواپەرست، كەسێكی چاك و گونجاو بێت بۆ هەڵگرتنی ئەمانەت، توانای چاكسازیی و دادگەریی و بڵاوكردنەوەی بەزەیی هەبێت لەناو جیهانیاندا.
ئیسلام لە گرنگیدانی بە بەزەیی بێ وێنەو بێ هاوشێوەیە، كەچی تۆمەتبار دەكرێ بە توندوتیژیی و تیرۆر، لەبەرئەوە ئەم كتێبە هاتووە تا لەتوێی نۆ بەشی سەرەكیدا چارەسەری كێشەكانی: (توندوتیژیی و تیرۆر، لادانی باوەڕیی، كەموكووڕیی تێگەیشتن لە تێكۆشان (الجهاد)، پرسی جێنشینیی، كافركردن، لایەنگریی و پەڕگیریی لە هزری زیادەڕەواندا) بكات، تیایدا جوانیی و دادپەروەریی ئیسلام دەخاتەڕوو، باس لە گرنگی میانڕەویی دەكات لە سەردەمی فیتنەدا، باسی فیقهی هەڵسوكەوت دەكات لە كاتی بێڕێزی كردن بە پیرۆزییەكان، هەروەها ڕۆڵی زانایان و كۆڕە فیقهییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی زیادەڕەویی و هاوشێوەكانی، هەموو ئەمانەش لە ڕێگای لێكۆڵینەوەیەكی فیقهیی شیكارییەوەیە.
لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ئەم كتێبە ئەو ئامانجانەی بپێكی كە لەپێناویاندا دانراوە، لێم وەربگرێ، هەر ئەو زاتە مەزنە باشترین سەرپەرشتكار و گەورەترین پشتیوانە.)
دکتۆر عەلى قەرەداغى خاوەنى (50) کتێبە بەزمانى عەرەبى و خاوەنى (٢٦) کتێبە بەزمانى کوردى ، لەئێستادا دوو کتێبى ترى لە ئامادەن بۆ چاپ بەناوى (فقه المیزان) و هەروەها کتێبى (بنەما ئەخلاقییە گشتگیرییەكانی ئاكارەكانی كاری پزیشكی لە ئیسلامدا)
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان