1 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

درۆكردن و قسە هەڵبەستن

Image

درۆكردن و قسە هەڵبەستن

درۆ و درۆزنان و شێوێنەرانی ڕاستییەكان بازاڕی تایبەت بەخۆیان هەیە

ئەو ڕێبازە كە كەسانی شێوێنەر و گومانباز پەیڕەوی دەكەن، هەروەها بۆ بڵاوكردنەوەی چاوڕاو، بریتییە لە پچڕاندنی گوتەكان لە یەكتر و دەرهێنانیان لە میانەی ڕاستەقینەی خۆیان.

ئەمانە هەڵدەستن بە شێواندنی فەتوا و پچڕاندنی فەتواكە لە میانەی خۆی، ئەوەش بە مەبەستی لێدان لە ناو و شۆرەت و سومعە، هەروەها بۆ گشتاندنی خراپەكان.

ئەم كارە كارێكی ناڕەوشتییە، تووشی ئەو كەسانە بووە كە دووچاری نەخۆشی دەروونی و ڕەوشتی و ئەقڵیی بوون، مەخابن هەندێ‌ كەسیش ئەم درۆو دەلەسانە كاریان تێدەكات.

ئێمەش سنوری خوای گەورە نابەزێنین.

هەر كەسەو ڕۆژێكی هەیە تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ لای خوای گەورە.

فەتوادان پێویستی بە پارێزكاری و لەخواترسانە، پێویستە ڕاگەیاندنیش ڕاستگۆ بێت تا خاوەنی متمانە بێت و بڕوای پێبكرێ‌.

پوختەی فەتواكە بەمجۆرەیە:

فەتوا دەربارەی قوبوڵنەبوونی نوێژی 40 ڕۆژی كەسێكی ئارەقخۆر

* گومانی تێدا نییە كە ئارەق لە قورئان و سوننەت و بە كۆدەنگی زانایان حەرامە، دادەنرێت بە بنچینەی هەموو شتە پیس و خراپەكان، ئارەق دەرگایەكە بۆ كردنەوەی خراپەكان و گوناه و سەرپێچییەكان.

* بەڵام گوناهێكە كە ئەگەر ئارەقخۆر تەوبە بكات و پاشگەزبێتەوە و نەیخوات، ئەوا دەچێتە ناو حوكمی هەموو ئەو ئایەتە پیرۆز و فەرموودە پیرۆزانەوە كە دەفەرموون تەوبەكردن لەو مافانە كە هی خوای گەورەن هەموو گوناهەكانی پێش خۆی دەسڕێتەوە.

* دەرگای تەوبە لەسەر پشتەو كراوەیە، تەوبە دەبێتە هۆی لێخۆشبوون و بەزەیی خوایی دەیگرێتەوە لەوەدا كە پەیوەندە بە مافەكانی پەروەردگارەوە، بەڵام بۆ مافی بەندەكان ئەوا پێویستە كەسی تەوبەكار ئەو مافانە بگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكانیان، یان بێت گەردنی خۆی ئازاد بكات پێیان.

فەرموودەیەك هەیە كە بە چەند سەنەدێك لە عەبدوالله ی كوڕی عەمروە وە بەم لەفزە هاتووە دەفەرموێ‌: ((من شرب الخمر لم تقبل صلاته أربعين ليلة، فإن شربها فسكر لم تقبل صلاته أربعين ليلة...)) واتە: (هەر كەسێ‌ ئارەق بخواتەوە نوێژی چل شەوی وەرناگیرێ‌، ئەگەریش خواردیەوە و سەرخۆش بوو نوێژی چل شەوی وەرناگیرێ‌...). پێشەوا ئەحمەد بە ژمارە (6773)، نەسائیش بە ژمارە (5670)، ئیبن ماجە بە ژمارە (3377) گێڕاویانەتەوە.

كورت و پوخت دەڵێین: زانایان وەها لێكدانەوەیان بۆ ئەو فەرموودەیە كردووە كە بۆ حاڵەتێكە ئارەقخۆر تەوبە نەكات، یان بە سەرخۆشی نوێژ بكات، تەنانەت لەبارێكدا تەوبەش نەكات لێی ئەوا نوێژەكەی بەمەرجێ‌ ئاگای لەخۆی بێت و هۆشی هەبێت و سەرخۆش نەبێت هەر ڕاست و دروستە، بەڵام مەعلومە كە لە ڕووی پاداشتەوە نوێژێكی تەواو و كامڵ نییە. هەروەك پێشەوا نەوەوی و كەسانیتریش لە شەرحی صەحیحی موسلیمدا بە ژمارە (14/227) وتوویەتی.

بەڵام بەویستی خوای گەورە نوێژەكەی وای لێدەكات وازبێنێ‌ لە ئارەقخواردنەوەو شتە حەرامكراوەكانی تریش، چونكە نوێژ نوور و ڕووناكییە و بەڵگەیەو پەیوەندییە بە خوای گەورەوە كە ڕێگری دەكات لەوەی كاری خراپەو ئابڕوبەر ئەنجامبدات.

بۆ ڕۆژوویش ئەوا ئەگەر كەسی ئارەقخۆر لە مانگی ڕەمەزاندا وازی هێناو نەیخواردەوە ئەوا ڕۆژووەكەی دروستە، بەویستی خوای گەورە ڕۆژووەكەی وای لێدەكات وازبێنێ‌ لە ئارەق و لە شتە حەرامكراوەكانی تریش.

ئەمەم وت خوای گەورەش زاناترە.

ئێوەش سەرنجبدەن لە شاڵاوە شێوێنەر و درۆزنەكان

پ. د. عەلی قەرەداغی

Image Image

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی