بەرپرسیارێتی ئەمانەت و چۆنیەتی گەیاندنی بەنەوەی نوێ
بەپێنوسى: دکتۆر عەلى قەرەداغى
ئەمیندارى گشتى یەکێـى جیهانى زانایانى مسوڵمان
سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى
لەگەورەترین ئەو بەرپرسیارێتیەی كەخوای گەورە بەرەو رووی مرۆڤی كردۆتەوە، بریتیە لەپاراستنی ئەمانەت بەمانا فراوانەكەی، خوای گەورە لەقورئاندا ئەو راستیەمان بۆ روون دەكاتەوە كەئەم ئەمانەتە رووبەرووی ئاسمان و زەوی كراوەتەوە، بەڵام ئەوان ئامادەی وەرگرتنی نەبوون، بەڵام مرۆڤ قبوڵی كردوە.
ئەمانەت چەمكێكە مانایەكی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت، كەمەبەستی سەرەكی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیە، بەتایبەتیش بەرپرسیارێتیە شەرعیەكان كەلەكرۆكی ئایندا بەرجەستە بوە، ئەویش پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی و عەدالەتە، مافەكانیش ورد دەكرێنەوە بۆ مافی بەرامبەرەكان و خۆت و ئەندامەكانت و ژێر دەستەكانت و دەزگاو فەرمانگەكان و هەتا دەگاتە حكومەت و وەزارەتەكان، واتە هەر بەرپرسیارێتیەك لەئەستۆتدایە بەرامبەر بەمرۆڤەكانی تر ئەوە ئەمانەتە.
خوای گەورە پەیامی خۆی بەو بەرپرسیارێتیە لەقەڵەم دەدات، دەیدات بەسەر مرۆڤدا چونكە هۆكانی جێبەجێ كردن و وەرگرتنی پێدراوە وەك عەقڵ و ئیرادە.
خوای گەورە دەفەرموێت: [إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَن يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنسَانُ إِنَّهُ كَانَ ظَلُوماً جَهُولاً ]الأحزاب72
خوای گەورە لێرەدا گەورەیی و بەهێزی مرۆڤ دەردەخات كەشایەنی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئادەمی دروست كردوە، پەیامی بۆ ناردوە، هەر لەسەرەتاوە لەسەر هەست كردن بەبەرپرسیارێتی مرۆڤی راهێناوە، خوای گەورە بەرامبەر بەمرۆڤ دەفەرموێـت: ئایا من پەروەردگاری ئێوە نیم؟ ئەوانیش وتیان بەڵێ، ئەویش فەرموی كەواتە دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و لەبەرامبەر خواو خەڵكیدا بەرپرسیار بن.
خوای گەورە لەئایەتێكی تردا فەرمان بەمرۆڤ دەكات كەئەو ئەمانەتە هەڵبگرن و جێبەجێی بكەن [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَخُونُواْ اللّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُواْ أَمَانَاتِكُمْ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ]الأنفال27
خوای گەورە لەم ئایەتەدا هەڕەشەی سەخت دەكات كەخیانەت لەئەم ئەمانەتە بكرێت، چونكە ئەوە خیانەتە لەخواو پێغەمبەر.
ئەم ئەمانەتە كەخوای گەورە باسی دەكات ئەم ئاینەیە، كەدەبێت بەراستی شوێنی بكەوین و هەڵی بگرین و جێبەجێی بكەین و بەشێوەیەكی جوان بیگەیەنینە دەست نەوەی داهاتوو كەنمونەی راستگۆیی و رۆشنایی بێت كەسۆزو بەزەیی بێت بۆ هەموو دانیشتوانی سەرزەوی، نابێت ئەم ئەمانەتە تێكەڵاو بەنەفس و حەزە تایبەتیەكان بكرێت.
دەبێت نمونە بێت بۆ چەسپاندنی عەدالەت و راستی، ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك بنەمای تیۆرین بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و كولتوری، ئەو چەمكانەی دەبێت ببێتە هەوێنی ئەو دامەزراوانە، سەرەتا لەدروست كردنی مرۆڤێكی پاكی چاك و دڵ سافی بەسۆزو بەزەییەوە دەست پێ دەكات، پاشان دەبێتە بەرپرسیاری دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی كەبەهەمان روحیەتەوە سەرپەرشتی دەكات، كەهەمووی بۆ چاكەی گشتی بەكاردەهێنێت، ئەم ئەمانەتە هەریەكەمان بەجۆرێك دەبێت خۆمان بەبەرپرسیار بزانین بەرامبەری، یەكەم جار روو دەكاتە بەرپرسەكان لەئەمیرو پاشاو سەرۆك و بەڕێوەبەرو بەرپرسەكانی خوارەوە.
هەموومان لەبەردەم خوای گەورەدا بەرپرسیارین، دەبێت هەریەكەمان بەباشی جێبەجێی بكەین، كەسمان خیانەتی لێ نەكەین، چونكە خیانەت كردن یەكێكە لەنیشانەكانی دوڕوویی، وەك پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) لەفەرمودەیەكدا دەفەرموێت: یەكێك لە سیفەتی دووڕوەكان ئەوەیە، ئەگەر ئەمانەتێكی خرایە بەردەست خیانەتی لێ دەكات، خوای گەورە لەچەندان ئایەتدا باس لەوە دەكات كەنابێت پشتیوانی لەخیانەت كاران بكەین، دەبێت لەگەڵ راستگۆیاندا بین، دەبێت لەبەرامبەر مرۆڤی ستەمكارو خیانەتكاردا بوەستینەوە رێگەی لێ بگرین و نەهێڵین درێژە بەخیانەت و خراپەكاری بدات، چونكە وەك لەفەرمودەیەكدا هاتوە نەمانی ئەمانەت، دروست كردنی جۆرێكە لەرۆژی قیامەت و یەكێكە لەنیشانە بچوكەكان.
لێرەدا دەكرێت بزانین بپرسین ئایا بۆچی بارودۆخی مسوڵمانان بەئەم جۆرەی لێهاتوە كەئێستا دەیبینین، لەدوژمنایەتی و هەژاری و مردن و برسێتی و شەڕوكوشتار و ئاژاوەو فیتنە؟.
وەڵامی ئەم پرسیارە هەمووی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كەئەم ئوممەتی ئیسلامیە پابەند نەبوە بەو ئەمانەتەی كەبۆی هاتوەو بەبەرز نەیگرتوە و نەی پاراستوەو خۆی بەبەرپرسیار نەزانیوە بەرامبەری.
داناو بیرمەندو رۆشنفكران لەرۆژهەڵات و رۆژئاوا ئەو ئەمانەتەی كەقورئان لەرووی تیۆریەوە باسی دەكات ئەوان هاتون خستویانەتە چوارچێوەی دامەزراوەی جۆربەجۆرەوە، بەمەش توانیویانە بەرپرسیارێتیەكان دیاری بكەن و مافەكانیش بپارێزن، بەمەش توانیویانە پارێزگاری لەدارایی و مافی گشتی و تایبەت بكەن و ئەویش بەهۆی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و بنیاتنان و دامەزراوە دیموكراتیەكانەوە بووە.
سەیر بكەن چۆن هەواڵێك كۆشكی پاشایەتی لەئیسپانیا دەهێنێتە لەرزە، ئەویش بەهۆی ئاشكرابونی دزیەكەوە بوو كەزۆریش نەبوو، كەلەلایەن جێگری پاشاوە ئاشكرابوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەكەی بۆ شتێكی ناشەرعی بەكارهێنا بوو، هەروەها لەو ساڵانەی رابردودا پاڵێوراوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەسوید دوور خرایەوە، چونكە دەركەوت كەنزیكەی 200 دۆلاری بەناشەرعی خەرج كردوەو نەیگێڕاوەتەوە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی راگەیاندنەكان و رۆژنامەكان زۆر شت لەسەری بڵاوبكەنەوە كەدوایی ناچار بوو پاشەكشێ بكات.
ئەمرۆ ئێمە لەرووی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەوە نەلەسەر پەیڕەوو مەنهەجی قورئان دەرۆین نە لەگەڵ ئەقڵێكی كراوە و داناو هۆشیارمامەڵە دەكەین [أَوَلاَ يَرَوْنَ أَنَّهُمْ يُفْتَنُونَ فِي كُلِّ عَامٍ مَّرَّةً أَوْ مَرَّتَيْنِ ثُمَّ لاَ يَتُوبُونَ وَلاَ هُمْ يَذَّكَّرُونَ]التوبة126
واتە نەدەگەڕێینەوە بۆلای خوا، نە داوای لێ خۆش بونی لێ دەكەین، نەبیر دەكەنەوەو دەگەڕێینەوە بۆعەقڵ، واتە نەدین و نە ئەقڵ بەكارناهێنین.
ئێستا لەجیهانی ئیسلامیدا مسوڵمانان ئەم ئاینە وەك جەوهەری خۆی بەكارناهێنن لەبواری پاراستنی ئەمانەتدا، بەتایبەت لەرووی پاراستنی ئەمانەت كارو هەست كردن بەبەرپرسیارێتی.
ئێستا ئاینەكە لە بواری شتی زۆر بچوكدا بەكار دێت، ئاین لە چەند پەرستشێكی بچوكدا كۆكراوەتەوە. تەنانەت ئەو عیبادەتانەش بەباشی جێبەجێ ناكەن، تەنانەت ئەمە نەك مسوڵمانانی سادە بەڵكو زۆرجار ئەوانەشی گرتۆتەوە كە خۆیان بە زاناو پێشڕەوی مسوڵمانان لە قەڵەم دەدەن، بۆ نموونە بەشێك لەو مسوڵمانانەی كە خۆیان بە (الفرقە التاجیە) لە قەڵەم دەدەن باسی حەرام بوونی ئاهەنگەكانی رۆژی سەری ساڵا و لە دایك بوون دەكەن، بەڵام دەیانبینین بە ریشێكی درێژەوە لە دوای پاپاوە دەوەستن و پشتیوانی لە كەسێك دەكەن كە كودەتا بەسەر پیاوێكی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە دەكات، وكودەتاچیەكانیش بەرپرسن لە رشتنی خوێنی دەیان هەزار بێتاوان، ئایا ئەمە راستەو ئەمە هەڵگرتنی ئەمانەتە؟
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئێستا مسوڵمانان تاوانە گەورەكانیان بچوك كردۆتەوەو تاوانە بچوكەكانیان گەورە كردووە، ئەوانەی كە دزی گەورەن پشت گوێ دەخرێن، بەڵام ئەوانەی كە شتێكی بچوك دەدزن دەدرێنە دادگاو حوكم دەدرێن، لە سەردەمی پێغەمبەردا ژنێكی عەشیرەتی مەخزومی دزیەكی لێ ئاشكرا بوو. مەخزومیەكانیش پێگەیەكی گەورەیان لەناو قوڕەیشدا هەبوو، عائیشە دەڵێت مەخزومی زۆر بە تەنگ ئەمەوە بوون، بۆ ئەم مەبەستە ئوسامەی كوڕی زەیدیان راسپارد، چونكە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)زۆری خۆشدەویست بۆ ئەوەی شەفاعەتیان بۆ بكات. ئەویش چوو بۆلای پێغەمبەر و سەلامی لێكرد و پاشان باسی مەسەلەكەی بۆ كرد، بەڵام پێغەمبەر رەنگی دەمووچاوی تێك چوو بە توڕەییەوە وتی: "ئایا تۆ دەتەوێت شەفاعەت بۆ یەكێك بكەیت كە رێگربێت لە چەسپاندنی سزایەك كە خوا دایناوە" پاشان هەستایە سەرپێ و وتی "ئەوانەی لەپێش ئێوەوە بوون بەوە تیاچوون، ئەگەر یەكێكی خاوەن پلەو پایە دزی بكردایە وازیان لێ دەهێنا، بەڵام ئەگەر یەكێكی بێ كەس و لاواز دزی بكردایە سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ دەكرد، سوێند بەخوا ئەگەر فاتیمەی كچی محمد دزی بكات دەستی دەبڕم"
لە فەرموودەیەكی تردا دەگێڕنەوە، عەرەبێكی دەشتەكی هات و لە پێغەمبەری خوای(صلى الله عليه وسلم) پرسی كەی رۆژی دوایی دێت، پێغەمبەریش لە وەڵامدا فەرمووی (ئەگەر ئەمانەت پشت گوێ خراو گرنگی پێ نەدرا ئەوكاتە چاوەڕوانی رۆژی دوایی بن)، پاشان وتی "چۆن پشت گوێ دەخرێ؟" فەرمووی "ئەگەر كاروبەرپرسیارێتی درایە دەست كەسێك كە شایەنی نەبێت ئەوا چاوەڕوانی رۆژی دوایی بن" ئەمەش سەرۆكایەتی و پاشایەتی و هەموو بەرپرسیارێتیەكی كار دەگرێتەوە، لێرەشدا رۆژی دوایی تەنها مەبەستی دوای مردن نییە، راستە لە رووە گشتییەكەیەوە مەبەست لە دوای مردنە، بەڵام كە تایبەت دەكرێتەوە بە نەتەوەو گەلێك بۆ نموونە كاتێك كە دەڵێت جاءت ساعة هذا القوم) واتە ئەو گەلە رووی لە ئاڵۆزی و پشێوی كردووەو ژیانیان وەك رۆژی دوایی لێ هاتووە، كەس متمانە بە بەرامبەرەكان ناكات و مافەكان بەدەستیان ناگات، لەبەرئەمەیە خوای گەورە زۆر جەخت لەسەر پاراستنی ئەمانەت دەكات و لەهەمان كاتدا زۆر باس لە مەترسی خیانەتكردن دەكاتەوە. [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَخُونُواْ اللّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُواْ أَمَانَاتِكُمْ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ]الأنفال27
واتە خیانەت لە ئەمانەت مەكەن، لێرەدا (لا) دووبارە نەبۆتەوە لە نێوان خواو پێغەمبەردا، واتە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خیانەت كردن لە ئەمانەت بەشێكە لە بێ ئیمانی. لە فەرموودەیەكی تریشدا هاتووە كە دەفەرموێت (هەركەسێك پابەند نەبێت بە بەڵێنەوە ئیمانی نییە) ئیمامی (ذهبی) خیانەت كردن دەباتە خانەی تاوانە گەورەكان، كە ئەویش پلەبەندی خۆی هەیە، هەیانە لە تاوانە زۆر گەورەكانە و هەیانە لەو بچوكترە، بۆ نموونە ئەگەر سەرۆكێك یان پاشایەك خیانەت لە گەلەكەی بكات جیاوازە لەوەی فەرمانبەرێك دەیكات، یان ئەگەر خیانەت لە شتێكی بچوكدا بكات جیاوازە لەوەی لە شتێكی گەورەدا دەیكات.
لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا كە سەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەكانی راشدین بوو، بە نموونەی سەدەی پاراستنی ئەمانەت دادەنرێت، باشترین نموونەش ئەو چیرۆكەیە كە دەگێڕنەوە دایكێك ویستی ئاو بكاتە ناو شیرەكە، بەڵام كچەكەی نەیهێشت، دایكەكەش وتی رۆڵە بۆ ناهێڵی خۆ عومەر نامانبینێت، بەڵام كچەكە لە وەڵامدا وتی: خۆ ئەگەر عومەر نامانبینێت، بەڵام خۆ خوای عومەر دەمانبینێت.
دەبێت هەموومان ئەو راستیە بزانین كە ئایین سێ پلەیە، یەكەم ئیمانە، دووەم، ئیسلامە، سێهەم تەواوكەری ئیسلامەكەیە كە ئیحسانە، كە ئەویش واتە بەجۆرێك خوا بپەرستی كە تۆ ئەو دەبینیت. ئەگەر تۆش ئەو نەبینیت وا هەست بكەیت كە ئەو تۆ دەبینێت، دروست بوونی ئەم هەستە لە عیبادەتدا زۆر گرنگە، چونكە ئەمە ئامانجی گەورەی عیبادەتە بۆ مرۆڤ هەتا لەم رێگەیەوە بەردەوام هەست بە چاودێری خوا بكات و ئەم چاودێریەش زەمانەتی پاراستنی ئەمانەت دەكات.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئێمە وەك مسوڵمان دەبێت پێداچوونەوە بە هەڵسو كەوت و مامەڵەماندا بكەینەوە، لە ئاستێكی بەرزدا دەبێت نموونەی پاراستنی ئەمانەت بین، لەلایەك ئەمانەتی كۆبوونەوەكان بپارێزین و لە جێگەی خۆیدا زانیاری بڵێین، هەروەها دەبێت عیبادەت وامان لێ بكات كە بەرپرسیارێتیەكانمان بە باشی جێبەجێ بكەین، چونكە ئەمە ئەركێكی گرانەو سبەینێ لە بەردەم خوای گەورەدا دەوەستێنرێین و گۆڕستانێك چاوەڕێمان دەكات و لە بەردەمماندا بەهەشت و دۆزەخێك هەیە دەبێت بزانین چیمان ئامادە كردووە؟
ئایا دەمانەوێت لە رۆژی دواییدا بە خیانەتكار بانگ بكرێین و بۆ دۆزەخ رەوانە بكرێین؟ یان بچینە خانەی ئەوانەی كە پارێزەری ئەمانەت و بەرپرسیارێتی بوون و بەرەو بەهەشت دەچن؟ با لەئێستاوە وەڵامەكانمان ئامادەبكەین .
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان