1 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)وەك پێشەنگی پەروەردە

Image

بەپێنوسى : پ.د.عەلى قەرەداغى

ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان و

سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى

ئەگەر سەیری جیهانی ئەمڕۆ بكەین، دەبینین زۆر پەتای كۆمەڵایەتی تیادا بڵاوبوەتەوە، گەندەڵی و پشێوی و ئاڵۆزی و دوبەرەكی پەرەی سەندووە، كوشتارو ئەشكەنجەو چەوسانەوە زۆربوە، بەڕاستی جیهانێكە ئەو ئایەتەی قورئان دەسەلمێنێت كە دەفەرموێت [ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ]

خوای گەەورە لەم ئایەتەدا پێمان دەڵێت كە گەندەڵی زۆربەی سەر رووی زەوی داپۆشیوە، ئاسمان و زەوی و دەریای تەنیوە، هەموو ئەمانەش سەرچاوەی سەرەكی تیایدا مرۆڤ و كردەوەكانیەتی .

ئەویش بەهۆی نیەتی خراپی مرۆڤە بەرامبەر بە مرۆڤ ، لە كوشتن و وێرانكاری و خواردنی ماڵی حەرام و خواردنی ماڵی كەسانی تر بەناحەق، پابەند نەبوونە بەوەی كە شەرع فەرمانمان پێ دەكات، خوای گەورە بۆمان ڕون دەكاتەوە كە ئەو چینە بەڵاو كوشتارەی كە توشی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی بوون، بەهۆی هەڵس و كەوت و مامەڵەی مرۆڤەوەیە، واتە مرۆڤ خۆی بەڵا بۆ خۆی دەهێنێت بە هۆی مامەڵەی خراپی خۆیەوە، خوای گەورە ئەمەی نەكردۆتە تاقیكردنەوە لەبەرامبەر هەموو كردەوەكان، بەڵكو بەشێكیەتی، چونكە ئەگەر خوا بەرامبەر هەركردەوەیەكی خراپی مرۆڤ بەڵایەكی بناردایە، ئەوا لەسەر زەویدا كەس نەدەما [مَا تَرَكَ عَلَى ظَهْرِهَا مِن دَابَّةٍ]

خوای گەورە بەسۆزو بەزەییە بۆ هەموو مرۆڤەكان، بەردەوام ڕێنماییمان دەكات بۆ ئاوەدانی و چاكەكاری و پەیوەندی باشی مرۆڤانە، بەڵام كۆمەڵگایەكیش كە پشت لە خوا هەڵكاو دەست بداتە گومڕایی و خراپەكاری ،ئەنجاممەكەی هەر تیاچوونە .

خەڵك لەبەرامبەر تاقیكردنەوەدا :

خەڵك لەبەرامبەر ئەو فیتنەو تاقیكردنەوەدا دوو گروپن، یەكەمیان ئەوانەی كە دێنەوە هۆش خۆیان و دەگەڕێنەوەو داوای لێبوردن لە خوا دەكەن .

دووەمیان بەهۆی ئەم تاقیكردنەوانەوە لە خوا زیاتر دوور دەكەونەوەو تاوانی زۆرتر دەكەن و گومڕا دەبن ،كە ئەمەش چارەنوسێكی رەشە بۆ مرۆڤ .

چارەسەری گەندەڵی:

خوای گەورە لە بنەڕەتدا ئەم پەیامەی ناردووە بۆ چارەسەری گەندەڵی و ڕێنمایی مرۆڤ بەرەو عەدالەت و چاكسازی و چاكەكاری بۆ ئەوەی زەوی ئاوەدان بكەنەوەو بەكامەرانی بەیەكەوە بژین بۆ ئەوەی زەوی موڵكی هەمووان بێت و هیچ گەل و نەتەوەو مەزهەبێك قۆرغی نەكات بۆ خۆی، قورئان كە باس لەوە دەكات كە مرۆڤ لە ژیانی تاریكیەوە دەبات بۆ روناكی، بە ئەم مانایەیە، كە زەوی بكەنە ئارامگەی لەیەك تێ گەیشتن و پێكەوە ژیان و خۆش گوزەرانی، عەرەب لە پێش ئیسلامدا ماڵیان وەك ئێستا وابوو، گەندەڵی سەرتاپای ژیانیانی داپۆشیبو، دواكەوتوو نەفام بوون، هەموو پێوەرێكیان بە عەقڵی خێڵ بوو، دەبوایە خێڵێك بیان پارێزێت .

تەنانەت عەقڵیەتێكی ئاژەڵیان هەبوو بەرامبەر بە ئافرەت [واذا بشر احدهم بالانثى ظل وجهه مسودا وهو كظيم يتوارى يتوارى من القوم من سوء مابشر به أيمسكه على هون أم يدسه ي التراب ألا ساء ما يحكمون]

ئاستی نەفامی عەرەب:

عەقڵیەتێكی زۆر دواكەوتوویان هەبوو لەبواری ئایندا، سوجدەیان بۆ بت دەبرد، ئەمانە هەموی بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە عەرەب زۆر نەفام و دواكەوتوو بوون، كار گەیشتبووە ئاستێك كە بتیان لە خورما دروست دەكرد، زستان دەیانپەرست بەڵام هاوین دەیانخوارد، لە كوشتن و ئەشكەنجە و یەكتر بڕیندا زۆر بێ‌ بەزەیی بوون، گەندەڵی دارایی كوێری كردبوون، تەنها كەسانی دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایە جێگەی رێز بوون، ئەوانی تر هەموویان كۆیلەبوون و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا.

پەروەردە لەسەر بنەمای بەها (قیم):

لەم نەفامی و دواكەوتوویەدا خوای گەورە پێغەمبەری نارد هەتا ببێتە مایەی رێنمایی و مژدە بۆیان، هەتا بگەڕێنەوە بۆلای خوا، ئەمەش پەیامی چارەسەری گەندەڵی بوو، پەیامێك بوو بۆ یەكبوون و یەكگرتن و دووركەوتنەوە لە شەڕ و ئاژاوە، بەهۆی ئەم پەیامەوە ئەم نەتەوە لاوازە نەفامە دواكەوتووە بوونە خاوەن هێز و شارستانیەت.

رێنمایی كردن بەرەو رووناكی و بوونە سەرچاوەی هێز و ئەخلاق و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی، هەر ئەمە بوو بوە هۆی ئەوەی كە فەیلەسوف و روناكبیرە بە ویژدانەكانی ئەمڕۆ لە رۆژئاوادا باس لە گەورەیی ئەم پەیامە و پێغەمبەرەكەی دەكەن.

كەسێكی وەك (مایكل هارت) لە كتێبەكەیدا كە باس لە 100 سەركردەی ناودار دەكات ناوی (محمد) پێغەمبەری ئیسلامی خستۆتە یەكەم، ئەویش لەبەر گەورەیی و لێهاتوویی و مرۆڤ دۆستی.

سەركەوتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەمەلایەنە بوو:

پێغەمبەری خوا لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو بوو، لەبواری پەروەردە ،بواری سیاسەت، سەركەوتوو بوو لە بواری چارەسەری گەندەڵی دارایی و كارگێڕی ، سەركەوتوو بو لەسەر كۆتایی هێنان بە ئاژاوەو دووبەرەكی لە دوای وەستان جووڵەی دروست كرد، ئوممەتێكی لە مردنەوە زیندوو كردەوە.

ئەمە كورتەی ئەو وتانە بوو كە جەعفەری كوڕی ئەبوتاڵب لەبەردەم نەجاشی پاشای حەبەشەدا وتی، لەكاتێكدا كە قوڕەیش وەفدێكیان ناردبوو بۆئەوەی مسوڵمانەكان بگەڕێنێتە بۆ مەككە، لەم كاتەدا جەعفەر وتی: ئەی پاشا ئێمە گەلێكی نەفام بووین، بتمان دەپەرست، گۆشتی مردارەوەبوومان دەخوارد، خراپەمان دەكرد، سەردانی كەس و كارمان نەدەكرد، خراپەمان لەگەڵا دراوسێ‌ دەكرد، بەهێزەكانمان لاوازەكانیان دەخوارد، ئێمە بەوشێوەیە بووین، هەتا خوای گەورە پێغەمبەرێكی بۆ ناردین بنەچەو راستگۆیی و ئەمانەتی دەزانی، داوای لێ‌ كردین كە خوابە یەكتایی بپەرستین، داببڕێین لە پەرستنی داروبەرد، فەرمانی پێ‌ كردین بە راستگۆیی و دانەوەی ئەمانەت و سەردانی خزم و باشی لەگەڵا دراوسێ و گەڕانەوە لە حەرام كراوەكان و خوێن رشتن، داوای لێ‌ كردین لە خراپە و خواردنی ماڵی هەتیو و بوهتان كردن بۆ ئافرەتانی داوێن پاك دور بكەوینەوە. داوای لێ‌ كردین خوا بە یەكتایی بپەرستین و هاوەڵی بۆ بڕیار نەدەین، فەرمانی پێ‌ كردین نوێژ و رۆژ و بگرین و زەكات بدەین. نەجاشی وەفدەكەی قوڕەیشی بێ‌ هیوا كرد، پاشان مسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند، لەكاتێكدا كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم)هەواڵی كۆچی دوایی بیست فەرمانی كرد نوێژی مردووی لەسەر بكرێت، بەم ئەخلاقانە پێغەمبەر توانی سەر لەنوێ‌ مرۆڤ دروست بكاتەوە، توانی لە هەموو روەكانەوە ئەم ئوممەتە چالاك بكاتەوە، لە دواكەوتووییەوە كردیە ئوممەتێكی پێشكەوتوو، لە ئینتیما بۆ خێڵەوە گواستیەوە بۆ ئینتیما بۆ خواو پێغەمبەرەكەی، توانی كەسێكی بەندەی وەك بیلالی حەبەشی بەرز بكاتەوە بۆ بەرزترین ئاست، وای لە سوهەیبی رۆمی كرد كە خۆی بكاتە قوربانی ئاینەكەی و ماڵا و سامانی لەسەر دابنێت.

چی بكەین؟

ئەگەر ئەم گەلە مسوڵمانانە دەیانەوێت لەم قەیرانانە رزگاریان ببێت، دەبێت پەروەردەیەكی هەمەلایەنە دەست پێ‌ بكەن ،پێویستە لەناو كۆمەڵگەكاندا نموونەی باش دروست بكەین، پێویستە راوێژ لە نێوان گەل و دەسەڵاتداراندا هەبێت، لەگەڵا رەچاوكردنی مافی هەردوولادا ، پێویستە هەموولایەك هاوكاری یەكتر بكەن، پێویستە ئەم بەهایانە لە ماڵەكاندا پیادە بكەین دەبێت ئەم رەوشتە جوانانە لە نێوان تاكەكانی خێزان رەنگ بداتەوە. دەبێت هەموومان بەزەیمان بەیەكتردا بێتەوەو بیكەینە بنەمای سەرەكی بۆ كۆمەڵگەكەمان، پێویستە هەموومان بەسۆز و بەزەیی بین و لەگەڵا یەكتردا راوێژ بكەین بۆئەوەی ئەمە ببێتە مایەی رژاندنی سۆز و بەزەیی خوا هەتا ببینە ئەوەی كە خوا باسمان دەكات بە باشترین ئوممەت [لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا]

هەركەسێك دەیەوێت رەزامەندی خوا بەدەست بهێنێت و پاداشتی گەورەی خوا لە قیامەتدا بەدەست بهێنێت و رزگاری بێت با پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) بكاتە پێشەوای خۆی، ئەگەر هەموومان دەسەڵاتدار و بێ‌ دەسەڵات دەمانەوێت لە ئەم قەیرانانە رزگارمان ببێت با پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بكەینە پێشەنگ، چونكە ئەو نموونە بوو بۆ رزگاركردنی ئوممەتێك لە نەفامی و دواكەوتوویی و بردنی بەرەو شارستانیەت و پێشكەوتن چارەسەر هەر بە رێبازەكەی ئەو دەكرێت.

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی