لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوای یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان لەبارەی تاوانكارییەكانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، فەتوایەك دەردەكات
ڕۆژی شەممە 6ی ربیع الثاني 1445 ك
بەرامبەر بە 21ی ئۆكتۆبەری 2023 ز
سوپاس و ستایش بۆ سەرخەری تێكۆشەران و، ڕزگاركەری لێقەوماوان و، ئابڕووبەری داگیركاران و دەستدرێژیكاران. دروود و سەلام بۆ سەر گیانی كۆتایەمین پەیامبەر بۆ جیهانییان، موحەممەد ﷺ، هەروەها بۆ سەر گیانی تەواوی كەسوكار و هاوەڵانی بە گشتی، دواتر:
لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوای یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، -لە نزیكەوە- چاودێری ڕووداوەكانی سەر خاكی غەززە دەكات و ئاگاداری ئەو كارانەیە كە دوژمنی داگیركار ئەنجامیان دەدات، لە كوشتنی خەڵكی بێ وەی و بەئامانج گرتنی ژنان و منداڵان و، ڕووخاندنی خانوو و مزگەوت و كەنیسە و نەخۆشخانەكان. هەروەها بڕینی ئاو و كارەبا و وزە و قەدەغەكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی ژیان لێیان؛ ئەمەش بە ویست و خواستی لەناوبردنیان و هەوڵدانی بۆ سڕینەوەیان، لە میانەی بێدەنگییەكی جیهانیی شەرمەزاركەر لەلای هەر خاوەن ویژدانێك. هەروەها لەئاست ئەم پشتیوانییە بێ پەردەیەی زۆربەی وڵاتە ڕۆژئاواییەكان هەیانە بۆ جەنگی ڕەها لەسەر غەززە و، لەبەرامبەر ئەم تاقیكردنەوە گەورەیەدا؛ لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوا، ڕاستییە ئیسلامییەكان و ئەركە شەرعییەكان بۆ مسوڵمانان و حكومەتەكان و گەل و تاكەكان ڕوون دەكاتەوە، بەشێوەیەكی ڕەوان و لەپێناو بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی و، هەروەها لەپێناو سەرخستنی ستەملێكراو و دەستدرێژی بۆسەركراوەكان و نیشاندانی ئەو شتانەی ڕەنگە بەهۆی ناڕوونی لە هەندێ كەس تێكەڵ بووبێتن. -بە پشتیوانی خوای گەورە-:
یەكەم: ئەوەی خەڵكی غەززە و فەلەسطین ئەنجامی دەدەن، جیهادێكی شەرعییە و ئەركە لەسەریان، ئەویش لەپێناو ڕزگار كردنی ئەو خاكەیان كە قەوارەی زایۆنیی زۆردار داگیری كردووە. چونكە قەوارەی زایۆنی پێش ساڵی 1948 بوونی نەبووە، هەربۆیە كۆتایی هێنان بە داگیركارییەكانیان بۆسەر خاكی ئیسلام؛ ئەركێكی شەرعییە. یەكەم كەسیش كە ئەم ئەركەی دەكەوێتە سەر، خەڵكی خودی خاكی فەلەسطینن، ئەمەش بۆ جەخت كردنەوە لە فەتواكانی پێشووی دەستەی فەتوایان لە جیهانی ئیسلامیدا، بۆنمونە فەتوای زانایانی ئەزهەر و دەزگای فەتوا لە ئەردەن و چەندانی تر. پێغەمبەریش ﷺ مژدەی سەركەوتنیانی داوە، هەروەك لە مەسنەدی ئیمامی ئەحمەددا هاتووە كە لە (أبي أمامة)ەوە (خوا لێی ڕازیبێت) دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی: "پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: " كۆمەڵێك لە گەلەكەم بەردەوام دەستیان گرتووە بەشەرعی خواوە، ئەوانە دەشكێنن كە دەیانەوێت لەگەڵیان بجەنگن و، ئەوانەی سەرپێچیان دەكەن هیچ زیانیان پێ ناگەیەنن، هەتا ڕۆژی قیامەت دێت بەم جۆرەن". وتیان: "ئەی پێغەمبەری خوا لەكوێن؟"، فەرمووی: "بیت المقدس و چواردەوری بیت المقدس". (زوو بە ناوچەی قودس و چواردەوری وتراوە بیت المقدس).
دووەم: سەرخستنی خەڵكی غەززە و فەلەسطین ئەركێكی شەرعییە لەسەر مسوڵمانان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووك و سەرۆك و سەرۆكایەتیكراوەكانەوە، هەر یەكە و بەپێی توانای خۆی؛ ئەمەش سەرەتا لەبەر برایەتیی ئیسلامییمان، ئنجا وەلانانی ستەم و پشتگیری كردنی ڕاستیی و حەق، بە هەر جۆر و هۆكارێك كە لە توانادا بێت، بە نەفس و پارە و قسە و خۆپیشاندان و هەڵوێستی سیاسی و چەندەها هۆكار و ئامڕازی تر. تاكو ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە جێبەجێ بكەین: ﴿انْفِرُوا خِفَافًا وَثِقَالًا وَجَاهِدُوا بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنْفُسِكُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ﴾«التوبة: 41»
واتە: (ئهی ئیمانداران ههر کاتێک داواکران بۆ غهزا لهلایهن سهرکردایهتییهکی متمانه پێکراوهوه): ئێوه بهچهکی سووک و سهنگین و بهسواره و پیادهتانهوه ڕاپهڕن و ئامادهبن و، جیهاد و تێکۆشان بکهن بهماڵ و سامان و گیانتان له پێناوی خوادا، ئهوه چاکتره بۆتان ئهگهر ئێوه بزانن و تێبگهن.
سێیەم: حوكمی شەرعیی وایە ئەوەی پشتیوانیی ستەم بكات خۆشی ستەمكارە، ئەوەشی پشتیوانیی ڕاستی و حەق بكات پاداشتی بۆ هەیە. ئەوەتا جیهان بە چاوی خۆی دەبینێت كە ژمارەیەك لە وڵاتە ڕۆژئاواییەكان پشتگیری قەوارەی زایۆنیی داگیركار دەكەن، بە هێزی پارە و سەربازی و هەواڵگریی و لەشكرگێڕی پشتیوانیی دەكەن، هەربۆیە ئەوانیش لە دەستدرێژی و ستەم و تاوانەكەدا بەشدارن، جا فەڕزە لەسەر مسوڵمانان كە قسەیان یەك بخەن و یەكگرتنێكی سەربازی ڕێكبخەن تا سەقامگیری ناوچەكە بپارێزێت و ستەم و زۆرداری وەلابنێت، هەتا بەو هۆیەوە خراپەكاری و ئاژەوە دروست نەبێت. جا گەر ئەم هێزە دڕندانە یەكتری سەربخەن و پشتی یەكتری بگرن، ئەوا لەڕووی شەرعەوە سەرخستن و پشتیوانی كردنی ستەملێكراوان فەرز و واجبە. خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَالَّذِينَ كَفَرُوا بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ ۚ إِلَّا تَفْعَلُوهُ تَكُن فِتْنَةٌ فِي الْأَرْضِ وَفَسَادٌ كَبِيرٌ﴾«الأنفال: 73»
واتە: ئهوانهش که بێ باوهڕ بوون، ههندێکیان پشتیوانی ههندێکی تریانن و پشتیوانی له یهکتر دهکهن، خۆ ئهگهر ئێوهی ئیماندار کۆمهک بهیهکتر نهکهن و پشتی یهکتر نهگرن ئهوه لهسهر زهویدا ناخۆشی و ناکۆکی و گوناهـ و تاوانی گهوره پێش دێت (ئازار و ناخۆشی بۆ ئێوهی ئیماندار پێش دێت).
چوارەم: ئاشكرایە لەڕووی شەرعەوە خەرج كردنی زەكات بۆ هەشتە، هەروەك فەرموویەتی: : ﴿إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ ۖ فَرِيضَةً مِّنَ اللَّهِ ۗ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ﴾«التوبة: 60»
واتە: بێگومان زهکات تهنها بۆ ههژار و نهداران و ئهو کهسانهی که کارمهندن بهسهریهوه و بهو موسڵمانه نوێیانهی که هێشتا ئیمان جێگیر نهبووه لهدڵیاندا و بۆ ئازادکردنی کۆیلهکان و بۆ (یارمهتیدانی) قهرزدارهکان و بۆ گهیاندنی ئاینی خوا (ههر بوارێک که خزمهت بهبانگهوازی ئیسلام بکات و ئاینی خوا بهرهو پێش و سهرکهوتن ببات) ههروهها بۆ ئهو ڕێبوارانهش که پارهیان لێ دهبڕێت و نهدار دهکهون، (دابهشکردنی زهکات بهو شێوهیه) فهرزه له لایهن خواوه لهگهردنی ئیمانداراندا، خواش زاناو دانایه (له سامان بهخشین و فهرزکردنی زهکاتدا).
یەكێك لەو خەرجییانە (وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ – لەپێناو خوادا)یە، كە مەبەست لێی دەرهێنانی زەكاتی پارەیە بۆ تێكۆشەران و ئەوانەی لەپێناوی خوا دەجەنگن، ئەوەی ئەمڕۆ خەڵكی غەززە دەیكەن بریتییە لە جیهاد لەپێناو خوادا، هەربۆیە شایستەی زەكاتن. جا ئەوەی كاتی دەرهێنانی زەكاتەكەی هاتووە، با بۆ ئەوانی خەرج بكات، هەروەك چۆن دەكرێت دەرهێنانی زەكاتەكە پێش بخرێت لەپێناویان. چونكە زۆرینەی زانایان ڕایان وایە لەكاتی دابەزینی تاقیكردنەوەیەك بۆسەر مسوڵمانان یان حاڵەتێكی پێویست، ئاساییە دەرهێنانی زەكات پێش بخرێت. بەڵگەشیان ڕیوایەتی هەر پێنجەكەیە جگە لە (النسائي) كە لە عەلییەوە (خوا لێی ڕازیبێت) دەگێڕنەوە كە "عەباس پرسیاری لە پێغەمبەر ﷺ كردووە لەبارەی پێشخستنی زەكاتەكەیەوە پێش وەخت هاتنی، ئەویش ڕێگەی پێداوە". هەروەها لە صەحیحدا ئەوە چەسپاوە كە پێغەمبەر ﷺ زەكاتی دوو ساڵی لێ وەرگرتووە. بەهەمان شێوە خەڵكی غەززە دەچنە ژێر سایەی مەرجەكانی تریشەوە، وەك هەژاری و نەداری و قەرزاری و ڕێبواری ڕێ.
ئەمە لەڕووی زەكاتی پارەوە، هەروەها لەڕووی شەرعەوە ئەركە هاوكاری خەڵكی غەززە و فەلەسطین بكرێت بە پارەی جگە لە زەكات، ئەمەش جۆرێكە لە جیهاد بە پارە كە باشترین بازرگانییە لەگەڵ خوا، هەروەك دەفەرموێت: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا هَلْ أَدُلُّكُمْ عَلَىٰ تِجَارَةٍ تُنجِيكُم مِّنْ عَذَابٍ أَلِيمٍ (10) تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ ۚ ذَٰلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ﴾«الصف: 10-11»
واتە: ئهی ئهو کهسانهی باوهڕتان هێناوه، دهستنیشانی بازرگانییهکتان بۆ بکهم، که له سزایهکی به ئێش ڕزگارتان بکات؟! سهرهتا باوهڕهێنانتانه به خوا و پێغهمبهرهکهی، ئینجا ههوڵ و تێکۆشانتانه لهڕێگهی خوادا به بهخشینی ماڵ و سامانتان، وه بهخشینی خۆتان (واته: ماندووکردنی جهسته و بیروهۆشتان، تا بهخت کردنیان لهپێناوی خوادا) بێگومان ئهو کارهتان چاکتر و بهفڕتره بۆتان ئهگهر بزانن و تێبگهن.
(الترمذي) لە پێغەمبەرەوە و لە زۆرێك لە هاوەڵانەوە وەك عومەر و عەلی و حەسەن و عائیشە و چەندانی تر لە هاوڵان و شوێنكەوتووانەوە؛ دەگێڕێتەوە كە: "پارە جگە لە زەكات مافی تری لەسەرە". هەروەها (الجويني) لە (الغیاثي) لاپەڕە (278)دا دەڵێت: "ئاگاداری هیچ ڕاجیاییەك نیم لەسەر ئەوەی پڕكردنەوەی پێداویستیی لێقەوماوان لە كۆسپە جۆربەجۆرەكاندا، ئەركی سەرشانی خواپێداوەكانە".
پێنجەم: سەرخستنی برایانمان لە فەلەسطین و غەززە ئەركی سەرشانی هەموو مسوڵمانێكە، كە گرنگترینیان سەرخستنە لەڕووی ڕاگەیاندنەوە، چونكە لەڕووی شەرعەوە هەموو وشە و بەڵگەنامە و تۆمارێك بۆ سەرخستنی پرسەكە داواكراو و خوازراوە، بەڵگەی ئەمەش فەرمایشتەكەی خاتوو عائیشەیە كە (مسلم و أبو داود) ڕیوایەتیان كردووە، كە فەرموویەتی: "گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو بە حەسسانی دەفەرموو: "هەتا ئەوكاتەی داكۆكی لە خوا و پێغەمبەرەكەی بكەیت، ڕۆحی قودست لەگەڵدایە". بەهەمان شێوە لە ڕیوایەتی (أحمد و النسائي)دا هاتووە كە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: "جیهاد بكەن لەدژی هاوەڵدانەران بە پارە و نەفس و زمانتان". كەوایە دەركەوت جیهاد كردن بە وشە ئەركێكی شەرعییە.
شەشەم: چونكە لە فەرموودەیەكی (متفق علیه)دا پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: "ئەوەی غازییەك (جەنگاوەرێك)ی سەر ڕێی خوا ساز بكات، خۆشی غەزای كردووە، ئەوەشی لەجێی جەنگاوەرێكی سەر ڕێی خوا بمێنێتەوە و ئاگاداری خێزانەكەی بێت، خۆشی غەزای كردووە". هەروەك چۆن حەرامە ئەو دەستەڵاتدارانە ڕێگەیان لێ بگرن لە وەرگرتنی هاوكاری و چارەسەركردنی نەخۆشەكانیان، چونكە ئەو كردەوانە بە سەرخستن و پشتگیری كردنی دوژمنانی خوا و دەستدرێژیكاران و داگیركارانی خاكی ئیسلام؛ هەژمار دەكرێن.
حەوتەم: لیژنەكە فەتوا دەدات لەسەر حەرامیی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی بە هەموو جۆر و شێوەكانیەوە، هەروەك چۆن فەتوا دەدات لەسەر حەرامیی پشتیوانیی و پاڵپشتی كردنیان لە دژایەتییەكانیان بۆسەر خەڵكی غەززە، ئیتر ئەو پشتیوانییە بە هەر شێوە و ڕەنگێك بێت. ئەركی شەرعیی سەرشانی ئەو دەوڵەتانەش كە پەیوەندییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی ئاسایی كردۆتەوە، ئەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ بپچڕێنن لەپێناو سەرخستنی ستەملێكراوان. ئەمە سەرەڕای حەرامیی هاوكاری و پاڵپشتیی كردنی كافرەكان بەسەر مسوڵماناندا، چونكە ئەمە یەكێكە لە گوناحە گەورەكان، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿تَرَىٰ كَثِيرًا مِّنْهُمْ يَتَوَلَّوْنَ الَّذِينَ كَفَرُوا ۚ لَبِئْسَ مَا قَدَّمَتْ لَهُمْ أَنفُسُهُمْ أَن سَخِطَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ وَفِي الْعَذَابِ هُمْ خَالِدُونَ (80) وَلَوْ كَانُوا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالنَّبِيِّ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْهِ مَا اتَّخَذُوهُمْ أَوْلِيَاءَ وَلَٰكِنَّ كَثِيرًا مِّنْهُمْ فَاسِقُونَ﴾«المائدة: 80-81»
واتە: زۆربهیان دهبینیت ڕازین بهخۆشهویستی و پشتیوانی ئهوانهی که بێ باوهڕ بوون، سوێند به خوا دهستپێشخهرییهکی خراپیان بۆ خۆیان ئهنجامداوه که خوایان له خۆیان تووڕه کردووه (بهو کارهیان)، (له قیامهتیشدا) لهناو سزای دۆزهخدا دهبێت بۆ ههمیشه بمێننهوه. خۆ ئهگهر ئهوانه باوهڕیان بهخوا و بهم پێغهمبهره و ئهو قورئانه ببوایه که بۆی دابهزیوه، ئهوه ئهوانهیان نهدهکرد بهخۆشهویست و سهرپهرشتیاری خۆیان، پشتیان بهوان نهدهبهست، بهڵام زۆربهیان تاوانبار و لادهر و یاخین و (حهق و ڕاستی مهبهستیان نییه، بهڵکو بهردهوام دژایهتی ئایینی ئیسلام دهکهن).
هەشتەم: پێویستە مسوڵمانان بە سەركردە و گەلیانەوە، بەربەند (بایكۆت)ی قەوارەی زایۆنی و هەموو ئەوانە بكەن كە لە شەڕەكەیدا بۆسەر چەوسێنراوانی غەززە، پشتگیری دەكەن و هاوكاری دەكەن. بە بەربەندی ئابووریی و كلتووری و زانستی و، هەموو جۆرە بەربەندەكان لەڕووی شەرعەوە واجبە. كە ئەمەش یەكێكە لە ڕێگا شەرعییە خوازراوەكان بۆ سەرخستنی پرسی فەلەسطینی و وەڵام دانەوەی دەستدرێژییە بێ پەردەكانی قەوارەی زایۆنی، كە بۆمببارانكردنی خانوو و مزگەوت و نەخۆشخانەكان و كوشتنی بەئەنقەستی خەڵكی مەدەنی لە ژنان و منداڵان؛ دەگرێتەوە. ئەوەشی شایەتی بۆ شەرعی بوونی ئەم بەربەندە دەدات، فەرمایشتی (أبي هریرة)یە (خوا لێی ڕازیبێت) كە لە صەحیحی (البخاري)دا هاتووە فەرموویەتی: "پاش ئەوەی (ثمامة)ی كوڕی (أثال) باوەڕی هێنا، (گەلەكەی) پێیان وت: خیانەتت كرد؟ وتی: نەخێر، لەگەڵ موحەمەد ﷺ مسوڵمان بووم، بەڵام نەخێر سوێند بە خوا یەك دەنكە گەنم ناگات پێتان هەتا پێغەمبەر ﷺ ڕوخسەت نەدات". ئەمەش بەڵگەیە لەسەر شەرعی بوونی بەربەندی ئابووری و هاوشێوەكانی.
نۆیەم: لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوای مسوڵمانان ئاماژەش دەدات بە خوازراوی و پەسەندی قنوت لە نوێژە پەنهان و ئاشكراكان و نوێژە تاك و بەكۆمەڵەكان لەپێناو ئەوەی خوا تێكۆشەران سەربخات و دەستدرێژیكاران و زۆرداران لەناو ببات. بەڵگەش لەسەر خوازران و پەسەندییەكەشی ئەوەیە كە لە (البخاري و المسلم و السنن)دا لە ئەنەسەوە (خوا لێی ڕازیبێت) دەگێڕنەوە كە "كاتێك قورئانخوێنەكان كوژران، پێغەمبەر ﷺ یەك مانگ قنوتی كرد و هەرگیز لەو خەمەی ئەوكاتەی خەمبارتر نەمبنیوە". (بە دەربڕینی البخاري).
یەكێك لەو نزایانەی كە پێغەمبەر ﷺ لە دوژمنانی كردووە و پێمان گەیشتووە، ئەوەیانە كە لە (سنن أبي داود)دا هاتووە كە پێغەمبەر ﷺ لە هەندێ لەو ڕۆژانەدا كە ڕووبەڕووی دوژمن دەبووەوە دەیفەرموو: " اللهم منزل الكتاب، ومجري السحاب، وهازم الأحزاب، اهزمهم وانصرنا عليهم - ئەی خوای دابەزێنەری كتێبەكان، ئەی بەڕێوەبەری هەورەكان و، شكێنەری ئەحزابەكان، بیانشكێنە و بەسەریاندا سەرمانخە". هەروەها لە (سنن أبي داود)دا هاتووە: "اللهم إنا نجعلك في نحورهم ونعوذ بك من شرورهم - خوایە گیان، ئێمە تۆ دەخەینە بەردەمیان تا دووریان بخەیتەوە لێمان و پەنات پێ دەگرین لە خراپەكارییەكانیان". دەسا با مسوڵمانان لە مزگەوتەكانیان و نوێژەكانیان قنوت بكەن و وازی لێ نەهێنن هەتا خوای گەورە ئەم بەڵایە لەسەر چەوسێنراوان لادەبات.
دەیەم: لیژنەكە هۆشداری دەدات لەبارەی كۆچ پێكردنی خەڵكی غەززە و دەركردنیان لە خاك و ماڵی خۆیان، هەروەك چۆن جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو كارە لە تاوانە گەورەكانە لە شەریعەتی ئیسلام و یاسا و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكاندا، هەروەها هەر جۆرە بەشداری كردنێك لە وەها تاوانێكی قێزەوندا و لەژێر هەر ناونیشانێكدا بە حەرام لە قەڵەم دەدات. ئەركی شەرعیی سەر شانی دەوڵەتە ئیسلامییەكان و سەركردەكانیانە كە ڕێ لەم جۆرە پیلانە پیسە بگرن، خۆ گەر كەمتەرخەم بن ئەوا بەشدارن لەو تاوانە گەورەیەدا، هەم لە دونیا و هەمیش لە قیامەتدا. هەربۆیە لیژنەكە پێی وایە پێویستە خەڵكی غەززە خۆڕاگر بن لەبەرامبەر داواكارییەكانی كۆچ.
یانزەیەم: لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوا، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ئەو ڕێكخراوە زانستییانە دەكات كە بە ئەركی شەرعیی خۆیان هەستاون، لە سەرخستنی برایانمان لە غەززە. هەروەها سوپاسی تایبەتی ئەزهەری شەریف دەكات لەئاست هەڵوێستە جوامێرەكەی و داوا لە تەواوی ڕێكخراوە زانستییەكانی تریش دەكات كە بە ئەركی سەرشانیان هەستن. هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانەش دەكات كە هاوكار بوون و پشتیوانیی پرسی فەلەسطینیان كردووە، لە گەل و سەركردەكان، هەروەها سوپاسی تایبەتی ئەو گەلە ئازادە نامسوڵمانانە دەكات كە ویژدانی زیندوو خستوونیەتە جووڵە، بەهەمان شێوە هەڵوێستی دژ بە قەوارەی زایۆنیی هەموو كەسایەتییە ئازادەكانی جیهان دەنرخێنێت، بە جوولەكە هاوسەنگەكانیشەوە، ئەوانەی ئەم تاوانكارییەیان بۆ سەر خەڵكی غەززە ڕەت كردۆتەوە و بە ناشرین نیشانیان داوە.
داواكارین لە خوا هاوكار و یارمەتیدەری كەسوكارمان بێت لە غەززە، هەروەها دوژمنەكەیان بشكێنێت و زەمین لەژێر قاچەكانیان بهەژێنێت و فەلەسطین بەتەواوی لە دەستی زایۆنیی زۆردار ڕزگار بكات. اللهم امین.
لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوای یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان