11 مانگ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

دیدێكی ئیسلامیی نوێ بۆ جیهاد و توندوتیژی و خەلافەت و وەلا و بەرا

Image

كتێبی (دیدێكی ئیسلامیی نوێ بۆ جیهاد و توندوتیژی و خەلافەت و وەلاء و بەراء) كارنامەیەكە كە پ.د. عەلی قەرەداغی لە ساڵی 2012 لە مۆسكۆ لە كۆنگرەیەكدا پێشكەشی كردووە، كە كۆنگرەكە لەپێناو چارەسەر كردنی گرفتی توندڕەوی و گروپە چەكدارییەكان پێكهێنرابوو. كارنامەكەی پ.د. عەلی قەرەداغی جەختی لە تێگەیشتنێكی نوێ دەكردەوە بۆ چەمكەكانی (ئیرهاب (تیرۆر)، توندوتیژی، جیهاد، خەلافەت، وەلاء و بەارء)، چونكە بەهۆی تێگەیشتنی هەڵە لەم چەمكانە، ئەم گروپە چەكدارییانە دروست بوون و وا دەزانن خزمەت بە ئیسلام دەكەن.

نووسەر بەشێوەیەكی زانستی و بە هێنانەوەی بەڵگە لە قورئان و سوننەت؛ خوێندنەوەیەكی نوێ دەكات بۆ چەمكەكان، بەشێوەیەك كە لەگەڵ جیهانی پێشكەوتوو و شارستانییەت و مەدەنییەتی ئێستا بگونجێت و مرۆڤی مسوڵمانیش ببێتە كەسایەتییەكی میانڕەوی لێبوردەی ئازادیخوازی دادپەروەر.

كارنامەكە پێكهاتووە لە توێژینەوە و بۆچوون و بڕیاری كۆڕی فیقهی و فەتوای زۆرێك لە زانایانی جیهانی ئیسلامی.

ئەم كارنامەیە بۆ هەموو مسوڵمانی جیهان بە گشتییە و ئامانجی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە كە ئەویش لەڕێی چەند بنەما و یاسا و حوكمێكی بنەڕەتییەوە دەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەكی ئیسلامیی هاوچەرخ.

لە دەستپێكدا پێناسەی چەمكی جیهاد دەكات هەم لەڕووی زمانەوانییەوە، هەمیش لەڕووی شەرعەوە، هەروەها ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە دەبێت جیهاد بەرامبەر كێ بكرێت و كێ بیكات و دابونەریتەكانی چیین، هەورەها جیهادی ڕەوا لەو توندوتیژییانە  جیا دەكاتەوە كە ناوی جیهادی لێ نراوە.

لە بەشی دواتردا تیشك دەخاتە سەر چەمكی تیرۆر (ئیرهاب)، سەرەتا لە ڕووی زمانەوانییەوە پێناسەی دەكات و واتا و تێگەیشتنی پشتی شرۆڤە دەكات، دواتر لەڕێی باسكردنی روونكردنەوەكەی كۆڕی فیقهی ئیسلامی لە مەككەی پیرۆز، دووبارە پێناسە و هۆكار و كاریگەری و حوكمە شەرعییەكانی و هۆكارەكانی خۆپارێزی لێی، دەخاتە ڕوو.

دواتر باسی بەكافر كردن دەكات وەك دیاردەیەك كە خەڵك زۆر بەئاسانی و بێ بیركردنەوە خەڵكانی تری مسوڵمان بە كافر لە قەڵەم دەدەن، ئەمە سەرەڕای نادروستیی تەكفیر كردنی كەسانی تری سەر بە ئایینی تر، مەگەر بە چەند مەرجێك نەبێت كە كۆمەڵی فیقهی ئیسلامیی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایان كردووە.

لە كۆتا بەشەكانی كتێبەكەدا بە پوختی باسی پەیوەندی ئێمە بە ئەوانی ترەوە دەكات و ئەركمان لەئاست توندڕەوەكان دەستنیشان دەكات، هەروەها باسی خەلافەت و وەلاء و بەڕاء دەكات بەجۆرێك كە لەگەڵ لێبوردەیی ئایینی ئیسلامدا بگونجێت.

 

وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:

  • زمانی بنەڕەتی: عەرەبی
  • نووسەر/ عەلی محێدین قەرەداغی
  • وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی لەلایەن زانا ناجی
  • ژمارەی لاپەڕە: 86
  • ساڵی بڵاوبوونەوە: 2013

 

بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە، كرتە لێرە بكە

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی