دوێنێ، 15ی ئۆكتۆبەر، كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتی بەسترا بە ناونیشانی "ئیسلام ئایینی ئاشتی و خێرە" لە طەشقەندی پایتەختی ئۆزباكستان، ئەویش بی ئامادە بوونی 70 كەسایەتی ئایینی و جیهانی و توێژەر لە 22 وڵاتی جیهانەوە.
لە دەستپێكی كۆڕبەندەكەدا، پ. د. عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان، وتەیەكەی كاریگەری پێشكەش كرد و تیایدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە كۆماری ئۆزباكستان، لەبەر میوانداریی جوانی كۆڕبەندەكە و ئاماژەی دا بە ناوازەیی ڕێكخستنی.
پاشان بە سڵاوی ئیسلام دەستی پێكرد و وتی: "بە سەلامی ئیسلام سەلامتان لێ دەكەم، كە سەلامە (ئاشتییە) و هەر ئەم ئاشتییەش ناونیشانی كۆڕبەندەكەمانە، دەسا سەلام و ئاشتی و بەزەیی پەروەردگار ببارێت بەسەرتاندا".
لە درێژەی وتارەكەیدا، د. عەلی قەرەداغی بە قووڵی باسی لە باری ئێستای جیهانی ئیسلامی كرد، بەتایبەتی لە غەززە و لوبنان. جەختی كردەوە لەوەی "غەززە دەسووتێت و وێران دەكرێت لەڕێی جەنگێكی ڕەگەزپەرستانە و نازی ئاساوە كە تا ئێستا مێژوو شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوەتا لوبنانیشی بۆ زیاد كردووە"، ئاماژەی بەوەدا كە دەوڵەتی داگیركاری زایۆنی، هەموو سنوورە ئەخلاقی و مرۆیی و یاساییەكانی تێپەڕاندووە.
هەروەها وتی: "جیهان ئێستا بێ بەشە لە ڕێكخستەیەكی جیهانیی كاریگەری وا كە توانای پاراستنی لاوازەكان و بەرقەرار كردنی ئاشتی هەبێت"، بەتایبەتی ڕەخنەی ئاڕاستەی ئەو پشتیوانییە سەربازییە بەردەوامە كرد كە هەندێ لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكان پێشكەشی دەكەن، بەتایبەتتر پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئیسڕائیل.
لە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی نێو وتارەكەیدا، پ.د. عەلی قەرەداغی جەختی كردەوە لە گرنگی ئەنجامدانی چاكسازی لە ڕێكخستەی نێودەوڵەتیی ئێستادا، كە شكستی هێناوە لە بەدی هێنانی دادپەرەوەری و ئاشتی.
وتی: " جیهان ئێستا بێ بەشە لە ڕێكخستەیەكی جیهانیی كاریگەری وا كە توانای پاراستنی لاوازەكان و بەرقەرار كردنی ئاشتی هەبێت، بەم هۆیەشەوە هەوڵدان بۆ ڕێكخستەیەكی جیهانیی دادپەروەری كاریگەر كە توانای هەبێت سبەی ئاشتی بەرقەرار بكات بۆ هەموان، بۆتە پێویستی و ئەركی بنەڕەتی ئەم ساتە". هەروەها گوتیشی: "پێشنیار دەكەم بۆ سەرجەم دەوڵە ئیسلامییەكان و ئەفریقییەكان و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی وەك ڕووسیا و چین و وڵاتانی ئەمریكای باشوور، هەوڵ بدەن بۆ دامەزراندنی ڕێكخستەیەكی نێودەوڵەتیی شوێنگرەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە شكستی هێناوە وەك شكستی جڤاتی نەتەوەكان كە ساڵی 1919ز دامەزرا".
پ.د. عەلی قەرەداغی لە وتەكانیدا ئاماژەی دا بە هۆكارەكانی شكستی ڕێكخستە نێودەوڵەتییەكانی وەك جڤاتی نەتەوەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرقەرا كردنی ئاشتیدا، بەوەی "لەسەر بناغەی دادپەروەریی ڕەها و یەكسانی دانەمەزراوە، بەڵكو لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی دەوڵەتە بەهێزە براوەكان دامەزراوە". هەروەها وتیشی "پێدانی مافی ڤیتۆ بە هەندێك وڵاتی دیاریكراوی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكان، واتای ئەوە دەگەیەنێت كە 192 دەوڵەت لەسەر شتێك ڕێك دەكەون، بەڵام یەك دەوڵەت بۆی هەیە و دەتوانێت ڕێككەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە".
ئاماژەی دا بەوەی ئەم پەیكەرە نادادە و یەكێكە لە هۆكارەكانی شكست هێنانی بەردەوام لە بەرقەرار كردنی ئاشتیی جیهانییدا.
پ. د. عەلی قەرەداغی بانگەوازی كرد بۆ پێداچوونەوە بەو یاسا و بنەمایانەدا كە جیهان بەڕێوە دەبەن، بەوەی "یاسا و بنەما ڕۆژئاواییەكان، سەرجەمیان لەسەر بناغەی بەرژەوەندی و ماكیاڤێلی گەری دامەزراون و بەرگەی ئیرادەی دەوڵەتە بەهێزەكان ناگرێت". هەروەها وتیشی "ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم داڕووخانی ڕێكخستەی ئەخلاقی و یاسایی و مرۆییداین لە ڕێكخستە جیهانییەكەدا".
لە میانەی وتەكانیدا لەبارەی ڕۆڵی ئیسلام لە بەرقەرار كردنی ئاشتیی جیهانیدا، د. عەلی قەرەداغی توێژینەوەیەكی گشتگیری پێشكەش كرد لەبارەی بناغە هزری و كردارییەكانی ئیسلام بۆ ئاشتی، ڕوونی كردەوە كە ئیسلام بەندە لەسەر "ئاشتی، یەكسانی، بەزەیی"، ئەمانەش بەهاگەلێكن كە پێویستە تەواوی جیهان بیانگرێتە خۆ لەپێناو سەپاندنی ئاشتیدا.
هەروەها د. عەلی قەرەداغی باسی لە بابەتی یەكێتیی ئیسلامی كرد، وەك مەرجێكی سەرەكی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و هێز بۆ گەلی ئیسلامی. هەموانی بانگ كرد بۆ گرنگیی كاركردن لەسەر "یەكخستنی وتە و هەڵوێستەكان"ی نێوان مسوڵمانان، چونكە گەلی شكستخواردوو توانای ئەوەی نییە خێر و چاكەی خوازراو بهێنێتە دی. بۆ ئەمەش بەڵگەی بەم فەرمایشتەی خوای گەورە هێنایەوە: (واعتصموا بحبل الله جميعا ولا تنازعوا فتفشلوا وتذهب ريحكم).
لە دوا وتەكانیدا، د. عەلی قەرەداغی ئاماژەی دا بەو وانانەی لە ژیاننامەی پێغەمبەرەوە (دروودی خوای لەسەر) سوودیان لێ دەبینین؛ لەكاتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ خەڵكانی دی. دڵنیایی دا كە ئەم ژیاننامە پیرۆزە، نمونەیەكی كرداری وای پێشكەش كردووە كە دەتوانین بۆ بەدی هێنانی پێكەوە ژیان و لەیەك تێگەیشتنی نێوان گەلان سوودی لێ ببینین. هەروەك چۆن باسی لە ئەزموونی سەركەوتووی صەلاحەدینی ئەیوبی كرد كە توانی لەڕێی یەكخستنی مسوڵمانانەوە، ئازادی و سەركەوتن بەدی بهێنێت.
شایەنی باسە كۆڕبەندەكە بەشداربوونێكی بەرفراوانی بینیبوو بەخۆیەوە لەلایەن زانایان و بیرمەندان و توێژەرانی سەرتاسەری جیهانەوە، لە شانشینی سعودییە، میصر، توركیا، ئەردەن، عومان، ڕووسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، فەڕەنسا و چەندان وڵاتی تر. تیایدا گفتوگۆ كرا لەسەر ڕێگاكانی بەدی هێنانی ئاشتییەكی دادوەرانە و بەردەوام بەپێی ئیسلام، لەگەڵ پێشكەش كردنی چارە بۆ ئاڵەنگارییەكانی ئێستای جیهانی ئیسلامی.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان