”چۆن لە ڕۆڵی کوردانەی دکتۆر عەلی قەرەداغی لەپێگەی سەرۆکی ڕێکخراوێکی ئیسلامی جیهانییدا تێبگەین؟
دیدێکی نیشتیمانی
ن/ ئەبوبەکر کاروانی
لە هەشتاکانەوە دکتۆر عەلی قەرەداخی بۆتە ناوێکی دیاری نێوەندە ئیسلامییەکەی ناوچەکە و جیهان و کوردستانیش. دامەزراندنی ڕابیتەی ئیسلامی کورد لە هەشتاکاندا وێستگەیەکی گرنگی ژیانی ئەو بوو لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووشدا لەسایەی ئابڵۆقەیەکی ئابووری سەخت و گرانیەکی تاقەتبڕۆکێندا لەڕێی ڕێکخراوە خێرخوازەکەیەوە توانی خزمەتێکی زۆری گەلەکەی و بەتایبەتیش توێژە کەم دەرامەتەکانی بکات، هەروەها بەشدار بێ لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستانی خاپووربووی دەستی ڕەشنەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ. لەڕێی گۆڤاری (بانکی حەق)یشەوە، خزمەتێکی بەرچاوی بە دووبارە ناساندنەوەی پێگەی کورد لە شارەسانییەتی ئیسلامی و ناوچەکە و کەسایەتییەکانی و مەسەلەی کورد بە کۆڕ و ناوەندی ئیسلامییەکان کرد.
دامەزراندنی ڕێکخراوی (یەکێتی زانایانی موسڵمانی جیهانی)یش هێندەی تر ناوی ئەوی وەک زانا و کەسایەتیەکی زانستی و ئیسلامی بە جیهان و بە تایبەتیش جیهانی ئیسلامی ناساند. ئێستاش لەو چوارچێوەدا بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە گرنگە هەڵبژێردراوە، کە بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنی لە کارەکەی لە خوای گەورە بۆ دەخوازین بە هیوای خزمەتکردنێکی زۆرتر و ڕۆڵبینینێکی گەورەتر. ئەم دەرفەتەش دەقۆزینەوە بۆ قسەکردن لەسەرئەوەی لە چ دید و بە چ پێوەرێك دەتوانین ڕۆڵی کوردانەی ئەو لە پێگەیەکی جیهانی لەو شێوەدا، هەڵبسەنگێنین و داوەری بکەین، بۆ ئەوەی ستەم لە ڕەمز و کەسێتیەکی گرنگی خۆمان نەکەین، و بەوەش ستەم لە خۆمان و گەل و نەتەوەکەمان بکەین، بەحوکمی ئەوەی هەوەك بیرمەندێك دەڵێت (ئەگەر دەتەوێت میللەتێک بڕوخێنیت، هەوڵدە ڕەمزەکانی بشکێنە و پرۆسەی خوێندنی شکست پێبێنە و لە پایەی دایکایەتی و بەهاکانی خێزان بدە). بەداخەوە دەمێکە بەشێ لە کۆمەڵگەو تەنانەت بەشێ لە نوخبەکانیشمان، ڕەمز کوژن، هەربۆیە بەداخەوە لە ڕابردوودا زۆر جار گوێمان لە تانەو تەشەر و شاڵاو و لە هێرشی ناڕەوا بووە بۆ سەر ئەم کەسێتی و ڕەمزەی نەتەوەکەمان. ئەویش لە دیدێکی بەرچاوتەنگی حیزبی و ئایدۆلۆژیەوە. هەڵبەت ئەمیش مرۆڤە و قابیلی هەڵە و نەپێکانە لە ڕا و بۆچوونی ئیجتیهادەکان و هەڵوێستەکانیدا، لێڕەشەوە ڕەخنە لێگرتنی دەبێتە کارێکی ئاسایی، بەڵام لە چوارچێوەی ڕێز و نرخدانان بۆ کەسایەتییەکە و کورتنەکردنەوەی هەموو ژیان و خزمەتەکانی لە هەڵوێستێک یاخود بیروڕایەک کە بە دڵی من و تۆ نییە، کە مەرجیش نییە کاتێ بە دڵی من و تۆ نەبێت هەڵە بێت، لەبەرئەوەی ڕووداو و کەسێتیەکان ڕەهەندی جۆراو جۆریان هەیەو، بەشێ لە کێشەی هەڵسەگاندنەکانی ئێمەش پەیوەندی بە ئاسۆ و ڕێباز و جۆری بیرکردنەوەکانی ئێمە و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنمانەوە هەیە. بۆ ئەوەی ڕێز لە ڕەمزەکانیشمان بگرین و سوودی پێویستیان لێ وەربگرین، مەرج نییە بە منیشەوە لە هەموو شتێکدا وەک ئەوان و لەوانەش دکتۆر عەلی بیربکەینەوە، هەر لە بنەڕەتیشەوە ئەو ڕۆڵەی دکتۆر لە پێگەیەکی لەو جۆرەدا دەتوانێت لەهەندێ کاتدا بە قازانجی نەتەوەکەی بیگێڕێت، جیاوازە لەو ڕۆڵەی بیرمەندێ، چالاکوانێك، ڕۆشنبیر و کادر و سەرکردەیەکی سیاسی لە کوردستاندا دەتوانێت، بیگێڕێت. میکانیزم و شێوازی خزمەتەکان دەگۆڕێن، بۆ نموونە سەرۆککۆماری عێراق بیەوێت دەتوانێت خزمەتی کوردستان و گەلەکەی بکات بەڵام لەچوارچێوەی ئەرکەکان و ڕۆڵە دەستوورییەکەی، لێرەوە هەڵەیە داوای لێبکەی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم بگێڕێت. چونکە دوو پێگەو ئەرکی جیاوازن.
هەربۆیە کاتێك ئیدانەی فڵان کەسێتی ناکات یاخود ستایشی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی پێگەو ئەرك و ڕۆڵی ئەو بەراورد بە کادرێکی سیاسی یاخود ڕۆشنبیرێك لە کوردستاندا. بۆیە ستایش و ڕەخنەکانی ئەو بەشێکی گرنگی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیدایە، کاتێك هەڵوێستێکیش دەگرێت وەک کوردێك نایگرێت بەڵکو وەکو سەرۆکی ڕێکخراوێکی ئیسلامی جیهانی دەیگرێت، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە ناتوانێت لەو پێگەوە هیچ خزمەتێك بە گەلەکەی خۆی بکات، بۆئەوەی زیاتر لەم هاوکێشەش تێبگەین سەرنجدان لەم خاڵانەی خوارەوە بە پێویست دەزانم:
١- بوونی ئەو لە پێگەدا بەدەر لە هەر شتێکی زیندوێتی نەتەوەی کورد لە بەرهەمهێنانی زاناو کەسێتیدا دەسەلمێنێت، هەروەها دووبارە ناساندنەوە و نیشاندانی سیما مێژوویی ڕەسەن و ئیسلامیەکەی کورد، وەك میللەتێکی زۆرینە موسوڵمان و بەشدارێکی چالاکی شارستانێتی ئیسلامیی.
٢-بوونی دکتۆر لانی کەم ڕێ دەگرێت لەوەی وا دابنێین یەکێکی تر بێت و لەو پێگە هەستیارەدا دابنیشێت، ناسین و تێگەیشتنی بۆ کورد و مێژوو و واقیع و کێشەکەی گەر نەڵێین باش نەبێت، لاواز و سنووردار بێت. لە کاتی فتوا و بڕیار و هەڵوێستگرتندا وەک پێوەرێکی دیاریکەر کورد و دۆزەکەی و سرووشتی ململانێکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە لە فکردا نەبێت، لەکاتێکدا لە فکری دکتۆردا ئامادەیە و لە نزیکەوە لەگەڵ واقیعەکەی دەست و پەنجە نەرم دەکات. لێرەشەوە ئەگەر دکتۆر هیچیشی پێنەکرێت ڕۆڵی دەبێت لەوەی ڕێکخراوەکە دژ بە کورد و دۆزەکەی بەکاربێت.
٣- دکتۆر سەرۆکی ڕێکخراوێکە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی لە نەوەو دوو وڵات ئەندامی هەیە و زیاد لە هەشتا هەزار کەس لە ڕیزەکانی دان، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی شەست ڕێکخراوی جۆراوجۆری تر لەژێر سایی باڵی ئەودا کار دەکەن. لێرەشەوە ئەمە ڕێکخراوێکی کوردی نییە، تا تێگەیشتنی بۆ جۆری پەیوەندییەکانی، ڕەخنەگرتن و ستایشەکانی، هاوشێوەی ئێمە بێت، چونکە ڕوانگەی ئەرکە ئیسلامییە گشتییەکەوە کە کوردیش بەشێکە لێی تێیدەروانێت، بۆیە ئەگەر کورد یان هێزێکی کوردی حەز بەچارەی سەرکردەیەکی دیاریکراو نەکات، ئەو کاتێ لەگەڵیدا دادەنیشێت یا ستایشی هەڵوێستێکی دیاریکراوی دەکات هەروەك وتمان وەک کوردێک نایکات، بەڵکوو وەک سەرۆکی ڕێکخراوێکی ئیسلامی جیهانیی دەیکات، کە بۆ نموونە تورکیا لە هەندێ ململانێ دا دەبێتە دۆست و پەناگەی. بەڵام ئەم تێگەیشتنە لە ڕووە سیاسی ڕووتەکەشەوە ئەگەر دیدێکی نیشتمانی سەرو حیزبی و ئایدیۆلۆژیمان بۆ ڕۆڵ و مەسەلەکە هەبێت دەتوانرێت بە چەندین شێوە سوود لە پێگەی کەسێتییەکی وەک دکتۆر عەلی وەربگرین لەوانەش:
١- ناوبژیوانی کردن لەنێوان هێزە کوردییە ناکۆك و بەشەڕ هاتووەکان، یاخود هەندێ هێزی کوردی و دەوڵەتی بەرامبەر. هەروەك لە کاتی شەڕی ناوخۆو گرژییەکانی باشور کردوویەتی بۆ دووەمیشیان قەندیل لە قۆناغێکدا ئەو داوایەی لێکرد.
۲- هەوڵی کەمکردنەوەی فشاری دەوڵەتانی دەوروبەر لە کاتی تەنگژە سیاسیەکاندا هەر وەک لە دوای ڕیفراندۆمەکە ئەوەی لەم ڕوەوە پێیکرا درێغی نەکرد بۆئەوەی تورکیا ئابڵۆقەی ئابووری نەخاتە سەر هەرێم.
۳- فتوادان لە قازانجی بەهێزکردنی توانای بەرگری و ڕووپۆشێکی ئیسلامیدان بە مافە ڕەواکانمان هەروەک لە کاتی جەنگی داعش و دوودڵی هەندێک لە هێزی پێشمەرگەکان لە شەڕکردن لە بەرانبەر هێزێک کە ئاڵای لا ئیلاها ئیلاڵای بەرزکردووەتەوە کردی.
٤- نیشاندانی ڕوویەکی جوانی کوردستان و گەلەکەی و ڕەواندنەوەی تەمی هەندێک پڕوپاگەندەی ژەهراوی سیاسی ڕژێمەکان لە دەیان ساڵی پێشوودا لە هەندێ کۆڕو ناوەندا.
٥- دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک کۆڕ و ناوەند و کەسیەتیدا کە ڕەنگە لە ڕێگەی ئەوە ئاسان و بەردەستر بێ و لەکاتی پێویستدا سوود بە گەلەکەمان و سەرکردایەتیە سیاسییەکەی بگەیەنێت. ‟
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان