2 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

وتەی پ. د. عەلی قەرەداغی ڕاستەوخۆ دوای نوێژی جەنازە لەسەر ڕۆحی كۆچكردوو پێشەوا یوسف قەرەزاوی

Image

بە ناوی خۆم و بە ناوی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و بە ناوی خانەوادەی مامۆستاو پێشەنگمان لەدوای پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم)، پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی دەوڵەتی قەتەری خۆشەویست بە گەل و ئەمیر و حكومەتەوە دەكەین، هەروەها ئاراستەی جیهانی ئیسلامی و هەموو موسڵمانان، بەڵكو تەواوی مرۆڤایەتی دەكەین، بەم بۆنە قورس و سەختەوە، بەڕاستی دڵمان زۆر خەمبارە، دەروونمان زامدارە، چاوانمان فرمێسك دەڕێژن، بەڵام جگە لە گوتەیەك كە جێگای ڕەزامەندی پەروەردگارمان بێت هیچیتر ناڵێین، ئەی چۆن خۆ ئێمە خۆرێك لە خۆرەكانی ئیسلاممان لەدەستدا و دیار نەما، نوێخوازی سەدەی چواردەیەمی كۆچی و پێشەوای میانڕەویی و مامناوەندیمان لەدەستدا، زانای پایەبەرز و مەوسوعەی مەزنمان لەدەستدا، پێشەوایەك كە فیقه و بانگەواز و مەبەستە شەرعییەكان و بزاوت و پەروەردەی پێكەوە گرێدا، بوخاری و موسلیم و فەرموودەناسانی تریش بە سەنەدی خۆیان گێڕاویانەتەوە كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: ((خوای گەورە زانست لە دڵی بەندەكانی داناماڵێ‌، بەڵام بە مردنی زاناكان زانست دەگرێتەوە، تا ئەوكات كە زانایەك بوونی نەمێنێ‌، ئیتر خەڵكی كەسانێكی نەزان دەكەنە زانای خۆیان، ئەوانیش بەبێ‌ زانست فەتوایان بۆ دەدەن تا خۆیان و خەڵكیش گومڕا دەكەن)).
ئیبن عەبباس لە تەفسیری ئەم فەرموودەی خوای گەورەیەدا كە دەفەرموێ‌: (أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّا نَأْتِي الْأَرْضَ نَنْقُصُهَا مِنْ أَطْرَافِهَا وَاللَّهُ يَحْكُمُ لَا مُعَقِّبَ لِحُكْمِهِ وَهُوَ سَرِيعُ الْحِسَاب)وتوویەتی: زەوی بە مردنی زانا و فیقهناسەكان و چاكەخوازانی كاول دەبێ‌.
حەسەنی بەصری -بە ڕەحمەت بێت- وتوویەتی: مردنی زانا كەلێنێك دەكاتە ئیسلام كە بە هیچ شتێك پڕنابێتەوەو داناخرێ‌، پێشەوا بوخاریش كاتێك هەواڵی مردنی پێشەوا دارەمی مامۆستای بیستووە، زۆر زۆر گریاوەو فرمێسكەكانی ڕیشیان تەڕكردووە، بە پارچە شیعرێك خەم و پەژارەی خۆی دەربڕیوە كە ئەمە -مانای كوردی- سەرەتاكەیەتی: 
پرسەیەكە دەبێ‌ كەسی غەمبار چی بۆ بكرێ‌..........فرمێسكی غەم و پەژارە هیچی پێناكرێ‌
خۆشەویستانیان شین و گریانیان بۆ دەگێڕن........ئایا بەوە هیچ یەك لەوان گەڕاوەتەوە
منیش لێرەدا وتەی زەهرای دایە گەورەمان (خوا لێی ڕازی بێت) دەكەمە نمونە كە وتوویەتی:
كارەسات و مەینەتی وەها داباریون بەسەرمدا......ئەگەر بەسەر ڕۆژانی ڕۆشندا دابارینایە دەبوونە شەوەزەنگ
بەڵام پرسە و سەرەخۆشی و دڵدانەوەی خۆمان بەوە دەدەینەوە، كە مردن لە بیروباوەڕی ئیسلامماندا سوپاس بۆ خوای گەورە كۆتا قۆناغ نییە، بەڵكو وێستگەیەكە لە وێستگەكانی ژیانی تولانی، چونكە ڕۆح نەمرە، ئێمەش بە ویستی خوای گەورە لە خەوندا دەگەین بە دیداری مامۆستامان، دوای ئەوەش ئومێدمان وایە كە بە فەزڵی خوای گەورە بە دیداری شادبین لە ژێر سێبەری عەرشی خوای باڵادەستدا كە جگە لە سێبەری خوا سێبەرێكی تر بوونی نییە، پاشانیش بە بەخشندەیی پەروەردگار لە فیردەوسی باڵادا لە خزمەت پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیە وسلم).
برایان و خوشكانی بەڕێز، من ماوەی چل ساڵ ئەو شەرەفەم پێ بڕا كە لە نزیكەوە لە خزمەت مامۆستاماندا بم، ئەوەی كە من جگە لە پێشەوایەتی لە زانست و بانگەواز و پەروەردەو بزاوت، ئەوەم لێبینی كە خاوەنی ڕەوشتێكی بەرز و دڵێكی پاك بوو، من وەها بینیومە بێئەوەی پاكانە بۆ كەس بكەم، بینیم كە خاوەنی ڕەوشتێكی بەرز و بەڕێز و پاكو بێگەردە، خاوەنی دڵێكی پارێزكار و خواناس بوو، زمانپاك و خاوێن و پاكیزەو پاكژكراو بوو، لە كۆڕی دانیشتنیدا نە غەیبەت و نە دووزمانیم بیستووە، ئەم شایەتییە دەدەم كە (پاكانە بۆ كەس ناكەم لای خوای گەورە)، بە ویستی خوای گەورە شایەتیمان قوبوڵە هەروەك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە كە: بووە واجب.
بەڕاستی بۆ ئیسلام ژیا و تەنها و تەنها بۆ ئیسلام، لەپێناو جوانیی و شكۆمەندی و كەماڵ و مەزنی ئیسلامدا ژیا، وەها ژیا كە شیاوێتی و گونجاوی ئیسلام بۆ هەموو كات و شوێنێك بگەیەنێ‌، ئیسلام دۆز و مەبەستی بوو، باسی بەیانی و ئێوارەی بوو، باسی سەرەتاو كۆتایی بوو، سەربازێكی دڵسۆزی ئیسلام بوو، لەپێناویدا زیندانی كراو ئەشكەنجە درا، وەك سەركردەیەكی شارەزاو لێهاتوو ژیانی گوزەراند، پێشەنگێكی بەرەكەتدار بوو، لەپێناو چاكسازیدا ژیا و چاكسازێكی مەزن بوو، لەپێناو هەستانەوەی ئوممەتەكەیدا ژیا، چاكەخوازان خۆشیانویست، دڵی ڕاكێشان بەلای خۆیدا، بەڕاستی لەپێناو پرسەكانی ئوممەتەكەی ژیانی بردەسەر، بە تایبەتی كێشەی فەلەستین، عاشیقی فەلەستین بوو بە تەواوی واتای ئەم وشەیە، خۆنەویست و فیداكارێكی مزگەوتی ئەقصا بوو، ئاواتەخواز بوو ئەقصا ڕزگار بكات، ئێمە و سەركردە خەباتگێڕەكانی لەگەڵدا بێت، ئەمە ئاواتی بوو، چەندینجار ئەم ئاواتەم بیستووە لێی، ڕاسپاردەی بە ئێمەش دەدا كە بەردەوام بین لەسەر ئەو ڕێباز و ڕێڕەوە.
برایانی بەڕێزم ئێمە ئێستە خواحافیزی لە زانایەك دەكەین، زانایەك بەڕێدەكەین كە ئوممەتێك بوو، ئوممەتێك بوو لە زانایەكدا، خۆی حەفتا ساڵ لەمەوپێش لە پارچە شیعرێكی نونیدا لەبارەی خۆیەوە وتوویەتی:
ڕووناكی لە دڵمدایە، دڵیشم لەبەردەستی پەروەردگارمدایە، ئەو پەروەردگارەم پشتگیریم دەكات و سەرم دەخات
بە دەستگرتن بە ڕایەڵەی باوەڕەكەمەوە دەژیم، دواجار بە زەردەخەنەوە دەمرم تا ئاینەكەم زیندوو ڕاگرم
ئێمە شایەتی دەدەین كە دەستت بە ئاینەكەتەوە گرت، نە ماڵ و سامان، نە پلەو پایە، نە دەستەڵات و نە ڕای جەماوەر نەیانتوانی كاریگەریان لەسەرت هەبێت و لەو ڕێبازەت لاتبدەن، شایەتی دەدەم كە تۆ بە درێژایی تەمەنی پڕ فەڕ و بەركەتدارت دەستت گرت بە باوەڕەكەتەوە، دوێنی ڕۆحی پیرۆزت بە زەردەخەنەوە سپارد بە بەدیهێنەرەكەی تا ئاینەكەت زیندوو بێت.
ئێمەش هەموومان لە یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و هەموو زانایان، پەیمان بە خوای گەورە دەدەین لەپێناو ئەو پرسانەدا بژین كە تۆ بۆیان ژیایت، ئەویش خزمەتكردن بوو بە ئیسلامی مەزن و بە موسڵمانان، تەواوی ئومێدمان بەستووە بە خوای گەورەوە كە بەم فەرموودەی زاتی خۆی بتدوێنێ‌ (ێا أَیَّتُهَا النَّفْسُ الْمُگْمَئِنَّەُ ، ارْجِعِی إِڵی رَبِّكِ رَاچِێەً مَرْچِیَّەً ، فَادْخُلِی فِی عِبَادِی ، ۆادْخُلِی جَنَّتِی) الفجر27-30. 
ئێمە هەموومان شایەتی دەدەین كە تۆ لە ڕیزی ئەوانەدایت كە پەروەردگار لەبارەیانەوە دەفەرموێ‌: (يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ ، ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً ، فَادْخُلِي فِي عِبَادِي ، وَادْخُلِي جَنَّتِي) الفجر27-30. 
سڵاوی خوای گەورەت لێبێت ئەی مامۆستامان، مامۆستای میانڕەویی و مامناوەندی، ئەی ئەو كەسە كە بەرنامەی میانەڕەوی ئیسلامت بڵاوكردەوەو ڕوونتكردەوە، لە توێی نزیكەی دوو سەد كتێبدا گەیاندت كە ئیسلام تاكە چارەسەرە.
خوایە گیان ئێمە بە ناوە پیرۆزەكانت و بە سیفەت باڵاكانت لێت دەپاڕێینەوە، بە مەزنترین ناوت، الله لا إلە إلا هو الحی القیوم العزیز الحكیم، وە بە هەر ناوێكی تری پیرۆزت كە زاتی خۆت ناوی خۆتت ناوە، یان لە پەڕاوەكەتدا داتبەزاندووە، یان فێری یەكێك لە بەدیهێنراوانی خۆتت كردووە، یان لە زانستی غەیب و نادیاردا هەڵتگرتووە، لەم بەندەیەی خۆت و خۆشەویستەی خۆت مامۆستا یوسف قەرەزاوی خۆش ببە، وەریبگرە لە ڕیزی بەندە چاكەكار و شەهیدەكانتداا، گۆڕەكەی بكەرە باخێك لە باخەكانی بەهەشت، لە خزمەت و لەگەڵ پێغەمبەری خۆشەویستتدا (صلی الله علیە وسلم) حەشری بكە لە فیردەوسی باڵادا، پەروەردگارا -ئێمەی خۆشەویستانی مامۆستاش- لێت دەپاڕێینەوە كۆمانبكەرەوە لەگەڵیدا لە سایەی عەرشی مەزنی خۆتدا لەو ڕۆژەدا كە هیچ سێبەرێك نییە جگە لە سێبەری زاتی تۆ نەبێت، ئەی خوای مەزن لێت دەپاڕێینەوە فەڕ و بەرەكەتی خۆت بڕێژە بەسەر خانەوادەی مامۆستا قەرەزاوی دا، پاداشتی گەورەو بەخێریان بدەیتەوە، سەبر و سەبوری بڕێژە بەسەر دڵی ئەوان و هەموو خۆشەویستان و قوتابیانی مامۆستاماندا، توفیقمان بدە لەسەر ڕێبازی خۆشەویستان (صلی الله علیە وسلم) ڕێبكەین و بەردەوامبین و شوێنپێی ئەو هەڵگرین.
والسلام علیكم ورحمە الله وبركاته
پ. د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان
سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی
سێ شەممە 1 ڕەبیعی یەكەم 1444ك بەرانبەر بە 27/ 9/2022ز

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی