”لـــە قـــەرەداغەوە بـــۆ جیهـــان :
بـــۆ : خزمی خۆشەویستم...دکتۆر شێخ عەلی قەرەداغی...
وەفایـــەک....
مامۆستای گەورەم..
پڕۆفیسۆری خاوەن عیلم..
عەللامەی پەیامداری ناو پیتۆڵان..
دکتۆری مامۆستا لە زانکۆکاکان..
خەبیری ئابووری بانکەکان...
کەسایەتی گەڕۆکی ناوداری جیهان...
نازکێشی مناڵانی بێباوک لە کوردستان...
پلانەر و ستراتیج دانەری پڕۆژەکان...
ئیمام و مەلای هەڵکەوتووی سەدە ، لەریزی مامۆستایانی دوانزە عیلمی ناو مەلایان...
ئەکادیمیست و موحازیر لە ئۆکسفۆرد و یو ئێن و ناوەندە زانستیەکانی جیهان...
خەمخۆری یەکگرتنی موسڵمانانی جیهان لە ئەفغانستانەوە بۆ مەغریبیستان..
خاوەنی وەعز و نەسیحەت بۆ گشت گرووپە ئیسلامییەکان..
دانەرو نووسەری فیقهی میزان لە قورئان ، ئەمە جگە لە دەیان کتێبی زانستیی گرنگ کە مەرجەعن و ئەهلی عیلم لێی بێ نیازنیین....
لە ١٩٩٢ ەوە بەخزمەتت گەیشتووم ...بیرم ئەکردەوە ئەم هەموو بەهرە جۆراوجۆرانە چیین و چۆن خوا لەیەک کەسا کۆیکردۆتەوە بۆمان...؟ هەموو کاتێک وتومە... الْحَمْدُ لِلّٰه .. مَاشَاءَ اللّٰه .. لا قوة الا بالله .. بَاْرَكَ اللّٰهُ فِیكُمْ ..
خەمی تۆ برسیی و هەژار و نەدار و بێنەوایان بوو..
کەدەستت ئەکردوە ملی مناڵانی بێباوک...
کە دائەنیشتیت بەئەدەبەوە لەخزمەت مەلایەکی کوردستانا.
کەگوێت ئەگرت لە مامۆستایان و کاری ئەکادیمی هاوچەرخ لە زانکۆکان .
کە خەمی شەڕی ناوخۆت بوو ، رێگر بوویت لە جەولەیەکی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتیەکان..
کە کاک مەسعود و مامجەلال باوەشیان بۆ ئەگرتیتەوە...لەسەری رەش یان قەڵاچوالان...
کە بەم تەمەن و شکۆوە خۆت بارت دائەگرت و یارمەتی مرۆییت پێشکەش ئەکرد بە خەڵکانی لێقەوماو ، لەشەنگال و رۆژئاوای کوردستان.
لەو کاتانەدا وا دەرئەکەوتی کە هیچ ئیشێکی ترت نییە و هیچ خەمێک دڵتی نەپێکاوە..
کە یەکەمین دیدارت لەیەکەمین گەڕانەوەتا بۆ کوردستان زیارەتی مامۆستا مەلا عوسمانی موفەسیری قورئان بوو لەسەرئەشکەوتان...
لەساڵی ١٩٩٢ تۆ باسی سیستمی نوێی جیهانیت بۆ ئەکردین لەهۆڵی ئەحمەد موختار لە هەڵەبجە... باسی مافی ئافرەت لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی بۆ خوشکان ، باسی کێشەی کورد و چارەسەری ئیسلامییت بۆ ئەکردین لە مزگەوتی خانەقادا ئەمە تەنها لەیەکەمین گەڕانەوەتا بۆ کوردستان...
سەرەڕای دەیان کۆسپ ، کۆڵت نەدا هەتا زانکۆی گەشەپێدان ئاڵای عیلمی هەڵکرد بۆمان ...لەگەڵ ئەوەدا فەرمووتان ئەبێ بۆ ئاوارەکانی رۆژئاڤا ، خوێندن بێبەرامبەربێ بۆیان. ...
جەنابی سەرۆک ، لەهاتنەوەکانتا بۆ کوردستان مەبەستت بوو لایەنە پەیوەندیدارەکان ، کەسایەتیەکان ، خەڵکانی دەسڕۆیشتوو بەسەرکەیتەوە ، بەهەزارحاڵ فریای سیلەی رەحم ئەکەوتی ، تەنها بۆ ئەوەی رێگرییەکانیان هەڵوەشێتەوە و کاری خێرخوازی رابیتە بەردەوام بێ بەدرێژایی ساڵ...چونکە تۆ هەمیشە پێشبڕکێت بوو لەکاتا ، لەگەڵ هەمووان..
چارەکە سەدەیەک بەر لە ئێستا بوو نەخۆشخانەی هێڤییت درووستکرد بۆ زارۆکان...
مزگەوتی گەورەی صەوافی عەللامەت بنیات نا ، لە شاری هەولێری کوردان.
بەدڵنیاییەوە بەرەکاتی پاروە نانی خوانی بەربانگی رۆژووەوان...هەزاران تۆن گۆشتی جوانی قوربانی لە جەژنان...سەدەقەی فیتر و زەکات و دەرزی و دەرمان ، بۆ سەدان هەژار بیماری کوردستان...
بانگ و سەداو و نوێژی جەماعەت ، لە سەدان گوندی دوورەدەستی کوردستان...توێشووی رێتە..ئەی کاروانچیی غەریب ، لە نەوتیەوە هاتی ...وا ئێستاش بۆ گشت جیهان...
رابیتەکەی تۆ بوو جەنابی سەرۆکی ئیتیحاد، بووە قوتابخانەی خێرخوازی و رچەشکێنی کاری فریاگوزاریی لە ئۆردوگاکانی ئێرانەوە هەتا ئەمڕۆ ...ئاڵا و پەرچەمی چاکەخوازیی بۆ خێرخوازان...
چونکە ئەهلی عیلمیت ، ئیجازەی مەلایی دوانزە عیلمیت وەرگرتبوو لە خزمەت موفتی عێراق مامۆستا مەلا کەریمی بیارە ، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە ئەزهەری موسڵمانان بە پلەی یەکەم و شەرەف لای میصرییەکان ، وتت ئێمە ئوممەتی ئیقرەئین...با رێکخراوی اقرأ دروست بکەین ببێتە ماڵی ئەرقەم و عەبدوڵای کوڕی مەسعودەکان وەکو شانەی هەنگ مناڵ و گەورە لەهەردوو رەگەز فێری قورئان بکەن...تا ببێتە شیفای دەردان..
تەنانەت رێگەت لە ئێمەی ستافی رابیتە گرت و وتت رازی نیم بچن بۆ ئەمریکا لەگەڵ رێکخراوەکان...ئێمە پەیامدارین..ئیشمان هەیە...بمێننەوە بۆ پەیامی رابیتەی موسڵمانان....چیمان کردووە..هێشتا لە کوێمانە....میلەت لەمەولا ئومێدی پێمانە...
کەهاتم بۆ لات ئاگادارت بکەمەوە کە میوان زۆر چاوەڕوانت ئەکەن لە هۆڵی رابیتە ، بەڵام تۆ بە ئەعسابێکی ساردەوە بەتەنها لەژوورەکەی خۆتا دانیشتبووی کتێبت ئەخوێندەوە..وتت کاکە شێخ طە گیان ، ئەبێ هەتا مردن هەر بخوێنینەوە...چەند خولەکێکم ماوە بۆ مەوعیدەکەم لەگەڵیان ، با ئەم چەند لاپەڕەیە بخوێنمەوە...
تۆ لە مناڵییەوە حافزیی قورئانیت بەڵام بەردەوام بوویت لە خوێندنی قورئان و چاوخشاندنت بەسەر لاپەڕەکانی موسحەفی شەریفا...
تۆ کە هاوەڵی عەلامەی گەورەی جیهان بووی...یوسف قەرزاوی مامۆستات وەکو بیلبیلەی چاوەکانت خۆش دەویست...
لەگەڵ ئەو و سەدان زانای هەڵکەوتوودا لەجیهانا بیرتان کردەوە لە دامەزراندنی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان...سەرەنجام قەرزاوی سەرۆک و تۆ ئەمینداری گشتی...
ئێستاش لەپای چالاکیی و ئاکتیڤ بوونتا %91.5ی دەنگەکان ، تۆیان بەپەسەند زانی بچیتە جێگەی عەللامەی سەردەم یوسف قەرزاوی...
ئەم هەواڵە ئەگەرچی زۆر دڵی خۆش کردم ، بەڵام عەجایەب نەبوو لام..
ئاخر ئامادەبووانی کۆنگرەی دەوحە ، سەیری راست و چەپ و سەروخوار ئەکەن ، کێ ئەدۆزنەوە لە تۆ شایستەتربێ بۆ ئەوەی ئەرکی سەرشانی قورستر بکەن...؟
مەنجەڵ بۆ سەرقاپی خۆی ئەگەڕێ...وا دۆزییەوە....
والموَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ ۚ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۚ أُولَٰئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (التوبة71) ..
ئێستاش لە دامەزرێنەرەوە بۆ دامەزراوەیی کە دروشمی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانە ، دوای فەزڵی خوا....بەڕۆحی تیم و دەسگیرۆدەیی هاوکارە بەڕێزەکانت...شێخ دەدۆی پیتۆڵ و د.صەلابی نووسەر و عیصام البشیری رەوانبێژ و ئەوانی تر ، دەبنە مەرجەع و چادری پڕ نووریی ئیسلام ...لەگەڵ تۆفانی ئەقصادا ئێوەش ببنە تۆفان...کەشتیەکەتان وەکو نوح ئیمانداران بگرنە خۆ...ئیتیحادی عولەما ببێتە سەرچاوەی سەرەکی هەمووان ...مەرجەعی تاقانەی موسڵمانان ، فەتواکانتان ..بیروبۆچوون و نووسین و وتارەکانتان ، هەڵوێست و پێداگرییەکانتان ، زانستیانە...هاوچەرخانە ،میانەڕەوانە ، کە تک تک عەدل و ئیحسان و برایەتی و مافی مرۆڤ و تەقوا و عەزم و حەزم و جەزمی لێ بتکێ ، با لەئایندەدا و لەژێر رێنمایی جەنابت و تیمە هاوکارەکانتا ، راسپاردەکانی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ، تۆفانێک بێت هەموو بیدعەیەک راماڵێ..هەموو توندڕەوی و شلگیریی و خورافات و پەڕگیرییەکان وەلا بخات و پەیامی میانجیگەرانەی ئیسلام و رەحمەتی عالەمینی قورئان بەکردەیی لەهەموو ناوەندێکا نومایان بکات...
جەنابی شێخ :
ببنە نوێنەر و وتەبێژ و ئەکادیمیست لە گشت جیهان...خۆتان شارەزاترن ئێمە زۆر پەرت و بڵاووین..زۆر دەسکەلایی نەزانیی و ناحەزانی مرۆڤایەتین ، ئێوە کۆبوونەوە و بەرهەمە زانستیەکانتان با وا بە هێز بێ..بازاڕیابی باشی بۆ بکەن تا ببنە ژمارە یەک..زۆر شلوکوت. و ماندووی دەستی تەفرەقەین...ئەمە شۆڕشی ئەوێ...ببنە ئاگر ..ببنە تۆفان...دامەمرکێننەوە هەتا کۆترێ چڵە زەیتونی مژدە دێنێ بۆ گشت جیهان...
قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَىٰ كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلَا يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ ۚ فَإِن تَوَلَّوْا فَقُولُوا اشْهَدُوا بِأَنَّا مُسْلِمُونَ (ال عمران64)
دکتۆری ئازیز ، عەللامەی زەمان ، چاوەڕوانین بوونی رێکخراوەکەتان لەزیاتر لە نەوەد وڵاتا..کۆبوونەوەی زیاتر لە نەوەد هەزار ئەندامی کارا و لەخۆگرتنی زیاتر لە شەست کۆمەڵە و رێکخراوی زانستی هەمەجۆر ، وای لێبێت لەسایەی سەرۆکایەتی جەنابتانا ببنە جێی ئومێد و یەکگرتنی موسڵمانان...صلاح الدینی ئەییوبی سەرەتا پێش رزگارکردنی ئەقصا بەیەکگرتنی ناوچەکە دەستپێکرد ، بەقەڵەمی قازی فازیڵ بەهرەمەندبوو ئینجا توانی ئەقصا لەدەستی خاچدارەکان دەربهێنێت...
دکتۆری گەورە...سەرۆکی یەکێتی زانایان ئەمڕۆ جیهانی ئیسلامی بەدەست دەیان کێشەوە دەرگیربووە ، کە یەکێکیان ئەقصایە..کەی ئێوە و ئیتیحادەکەتان بەسەرۆکایەتی بەڕێزتان توانییتان ببنە مەرجەعی موسڵمانان و ئیمانداران ، ئەوا گەورەترین کۆسپەکانتان لابردووە...دەست لەدەست و هێزیش لەخوا..
تۆ بەفەزڵی خوا و رێنمایی خوای موتەعال بەهاوەڵی دەیان براو مامۆستا و دڵسۆزمان ، توانیتان لەهەشتاکانا رابیتە دامەزرێنن و کۆنگرەی کۆڵن سازکەن..لەنەوەدەکانا لەکاتی گرانی و نەبوونیەکانا دەستی پڕو و سەبەتەی خۆراک و مشتی پارە و عەلاگە گۆشتی قوربانی و بلۆک وخشتی مزگەوت و بیناکردنەوەی گوندەکان بوون...سەدان ملیار دینار یارمەتی و پڕۆژە جێبەجێکراوە...
دواتر ئیشکردن و جەولاتی مەکوکی شەرقوغەربی جەنابتان وەکو ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان رۆڵی بەرچاوتان هەبوو...دەست و دەمتان بەهەرکوێ و هەرکەس گەیشتبێ درێغیتان نەکردووە..من جارێک پاسپۆرتەکەی تۆم بینی ، ماشەڵڵا شوێن نەمابوو ڤیزا یان مۆری لێبدرێ...ئەوەندە گەڕیدە بووی..
بەشیعارو دروشمی کۆنگرەی شەشەمینتانا ، ئومێد ئەکەین ئەو هەموو عەقڵە پڕ لە خەم و خەیاڵە بتوانن بڵێین :بەڵێ شێخ عەلی قەرەداغی لێرەوە رۆیشتووە....دوای تۆفان جارێکی تر لەسەر جوودیەوە بنیشنەوە....
گەورەم :
پیرۆزت بێ سەرۆکایەتی زانایان...توخوا ماندوو مەبە...کۆڵنەدەربە ..بیسەلمێنە ئێمەی کورد ابن صلاحی شارەزووریمان هەبووە و صلاح الدینی ئەییوبی و ئیبن خەلەکان و باقلانی و نوورسی زەمان و ناسری سوبحانی و موفتیزادەی کوردان...دەیان ..سەدان...هەزارانمان هەبووە...کاروانی ئیسلامەتی موسڵمانان بێ کورد نابێ..بادی خۆش مروری ئەم ئیسلامە بێ نۆدێی و مەحوی و نالی و مەولانا و خاڵ و بێخود نەبووە و نابێ...
دکتۆر عەلی خزم و خۆشەویستم...
هەموو باشە و سەرکەوتنەکانت لەسایەی رەحمی خواوەیە....هەڵە و کەموکورتیش سروشتی مرۆڤە و عەفوی لێدراوە...فتواکانت کە پێکات دوو پلە خێرە و نەتپێکا ئەجری ئیجتیهادت هەیە...
بۆ موسڵمان چیتان پێکرا دوودڵ مەبن...بۆ کوردیش وەک هەمیشە لە هەولێر بێ..یان لە قەندیل..لە ئەنقەرە بێ یان لە عەفرین..لەئێران بێ یان لە توران..چاومان لە ڕێتە....ئەرکەکانت زۆرن...تۆ قەت موڵکی کورد نەبوویت بەتەنها...خەمەکانت وەکو کەشکۆڵی دەروێش لەکۆڵ ناوە ، لەدوورگەکانی جاوە ، ..نیوزیلەندا..فیلیپین و ئەفغانستان و قەوقازیا و ئەوروپا و قوڵاییەکانی ئەفریقیا تا ئەمریکا..
بەڕێز دکتۆر شێخ عەلی ، لەم سەفاو مەروایەی ژیاندا چاوت لە پێغەمبەران بێ ، لەبری سوپاس تۆمەتبار کراوون...جنیۆیان پێدراوە..سوکایەتیان پێکراوە...لێرە کەسانێک هەن بە جنێوگۆش کراوون...قەڵەمەکانیان تک تک بێ شەرمیی لێ ئەتکێ...دەم و زمانیان بەدەنگێکی ناساز تۆمەت ئەبەخشنەوە...ئەوان هەرئەوەندە لەهەگبەیاندایە...تۆ کاروانچییت..پەیامدارییت...کاتت زۆر بەنرخترە لەوەی حسابیان بۆ بکەی یان ئاوڕیان لێبدەیتەوە...
فَتَوَكَّلْ عَلَى ٱللَّهِ ۖ إِنَّكَ عَلَى ٱلْحَقِّ ٱلْمُبِينِ ...
دڵسۆزتان
ئەندازیاری راوێژکار
طـــە سۆڵـــەیی
ستاف و ئەندامی کارای دامەزرێنەری رابیتەی خێرخوازی لە کوردستان ...مانگی سێی ١٩٩٢. ‟
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان