9 مانگ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین
حسین نجم الدین قـەرەداغـی
”د. عەلی قەرەداغی
درەنگ هاتیت ، كەمت هێنا ؟؟؟
ن / حسین نجم الدین قـەرەداغـی
لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهاندا ، ئەو مرۆڤ و رێكخراو دامەزراوانەی كە سودی گشتی و پڕۆژەی مرۆڤ دۆستی پێشكەشی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەكەن بە چەندین شێوازی جۆراو جۆر ڕێزیان لێ دەگیرێت و خزمەتەكانیان شكۆدار دەكرێت و وەك سمبول ( نیشانە )ی رێز و وەفاداری بۆ نەوەكانی داهاتوو بەردەوامی پێدەدرێت .
لە ساڵی 2012 كاتێك بەشێك لە گەلی كورد لە ڕۆژئاوی كوردستان ( سوریا ) بە هۆی شۆڕش و راپەڕینەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان (باشوری كوردستان ) بوون، جەنابی د.عەلی قەرەداغی بە هۆی رێكخراوی رابیتەی ئیسلامی كوردی خێرخوازی كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات، فەرمانی دا بە تەواوی لقەكانی ئەو رێكخراوە لە كوردستان بۆ بەهاناوە چونی برا كوردە ئاوارەكان و بە هاوكاری خێرخوازانی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان چەندین پڕۆژەی فریاگوزاری بۆ ئەنجام دان:
- سەرەتای ئاوارەبون و نیشتەجێ بونیان لە كەمپی دۆمیز/ دهۆك ساڵی 2012 بە بڕی ( 300,000,000 ) سێ سەد ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەی فریاگوزاری بۆ ئەنجام دان وەك دابین كردنی دۆشەك و بەتانی و پێداویستی ناوماڵ و نەوت و زۆپا...هتد ، لە هاوینی ساڵی 2013 وەك یەكەم كەسایەتی دیارو سەرۆكی رێكخراوی خێرخوازی و ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی جیهان سەردانی كەمپەكەی كرد بۆ هاوسۆزی و بەشداری ناخۆشییەكانیان و بە دەستی خۆی بەشێك لە هاوكارییەكانی پێشكەش كردن.
- بۆ ماوەی زیاتر لە ( 2 ) ساڵ لە ڕێگای بنیات نان و دروستكردنی فڕنی صەمونی خێرخوازییەوە لە ناو كەمپی دۆمیز رۆژانە ( 5000) پێنج هەزارصمون پێشكەش بە دانیشتوانی كەمپەكە دەكرا وەك هاوكاری .
- ساڵی 2014 كاتی بەرەنگابونەوەی كۆبانی دژی داعش و ئاوارەبونی بەشێكی دانیشتوانەكەی بۆ توركیا، لەسەر فەرمانی د. عەلی قەرەداغی رێكخراوی رابیتەی ئیسلامی خێرخوازی شاندێكی باڵای ناردە شاری ئورفە لە توركیا و هاوكاری ( 1500 ) خێزانی ئاوارەی كۆبانی كرد لە ناو توركیا بە بە تانی و دۆشەك و پێداویستی ناوماڵ، لەم بارەشەوە پەرلەمانی كوردستان سوپاس نامەی ئاراستەی رابیتە كرد.
- لە زستانی 2016 دا لە رێگای پڕۆژەیەكی تایبەتەوە بە ناوی ( لە زستانی سارد و سەرمادا هاوكاری كوردانی رۆژئاوا دەكەین ) هاوكاری لە شارەكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی ( 6000 ) خێزانی ئاوارەی برا كوردەكانی رۆژئاوا لەو پڕۆژە سودمەندبوون، كە بریتی بوو لە دابین كردنی ( بەتانی و دۆشەك و زۆپا و پێداویستی ناوماڵ.
- لە بەهاری 2016 پڕۆژەیەكی ئاوەدانی لە كەمپی باریكەی ئاوارەكانی رۆژئاوادا كە دروست كردنی مزگەوتێك و هۆڵێكی بۆنەكان بوو، بە ئامادەبونی د. عەلی قەرەداغی و بەڕێوەبەرایەتی كەمپەكە كرایەوە ، لە ئاهەنگی كردنەوەدا د. عەلی قەرەداغی وتی ( داوای لێبوردنتان لێ دەكەین كە ئەمڕۆ 2 پڕۆژەتان پێشكەش دەكەین كە ئێوە شایانی زۆر لەوە زیاترن و خۆتان خاوەن ماڵن .
- زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی كە زانكۆیەكی قازانج نەویستە بە فەرمانی خاوەنەكەی (د.عەلی قەرەداغی )،( 230 ) قوتابی رۆژئاوا بێ بەرامبەر وەرگیران و درێژە بە خوێندن دەدەن و هەندێكیان تەواویان كردووە، ئەو بڕە پارەی بەخشراون زانكۆ وەك دیاری پێشكەشی كردوون نزیكەی دوو ملیار دینار بووە.
وە لەم رۆژانەی دوایدا كە شاری عفرین ڕووبەڕوی لەشكركێشی و پەلاماری سوپای توركیا بۆتەوە بە ڕونی و ئاشكرایی بەرگری لە مافی مەزڵوم و دانیشتوانی ئەوشارە كردوە كە دەڵێ ( دەبوو ئەو هێرشەی توركیا بۆ سەر رژێمی ئەسەد بوایە نەك عفرین و كوردەكان).
ئیستا بۆ بەرچاو ڕوونی دڵسۆزان و وەڵامی هەندێ بە ناو نوسەری سۆشیال میدیا ئەم زانیارییانە دەخەینە ڕوو كە بەشێكی خزمەتی ئەو مرۆڤەیە بە كوردانی رۆژئاوا. بە گشتی بەهای ( 4,933,000,000 ) چوار ملیار و نۆسەدو سی و سێ ملیۆن دینار بووە كە دەكاتە (3,946,400 ) سێ ملیۆن و نۆسەد و چل وشەش هەزار و چوارسەد دۆلار.
ئیتر من و خوێنەرانیش دەزانین و وەڵامی پرسیارەكەی سەرەتامان دەست دەكەوێت، جەنابی د.عەلی قەرەداغی ئایا درەنگ هاتیت و كەمت هێنا ...؟؟؟؟؟ ‟
سەرنجەکان