3 مانگ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

پ.د. عەلی قەرەداغی، لە نووسینێكدا پەیامی ڕەمەزان لە كۆتا ڕۆژەكانیدا، بڵاو دەكاتەوە

Image

چەند هەڵوێستەیەك لەئاست پەیامی دە ڕۆژی كۆتایی ڕەمەزان

بە قەڵەمی پ. د. عەلی محێدین قەرەداغی

سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

 

پێش ئەوەی ماڵئاوایی لەم مانگە پیرۆزە بكەین، پێم خۆشە ئاماژە بەو سێ پەیامە گرنگە بدەم كە ڕەمەزان لە  كۆتا ڕۆژەكانیدا هەڵیگرتوون و ئاڕاستەی دڵ و دەروون و ناخمانی دەكات، تاكو سوود و پەندیان لێوە وەربگرین.

 

یەیامی یەكەم:

لەم شەو و ڕۆژە دواییانەدا، خۆمان یەكلا بكەینەوە بۆ خواپەرستی، بەوپەڕی دڵسۆزی و لێبڕانەوە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی شەوی قەدری تێدایە. جا ئەم شەوە پیرۆز و گرنگە، هەلی ئەوەی تیادایە كە خێر و خێراتەكەی بقۆزینەوە، ئەویش بە زیاد خواپەرستی و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و لێ ڕامانی و تێگەیشتنی. كە لەم ڕووەوە لاسەنگییەكی زۆر لە كێشانەی برایانی ئازیزمان هەیە، كە هەر یەكێكیان ئامادەیە هەموو تەمەنی لە ڕكاتی دوور و درێژ و زۆر و زەبەندا بەسەر ببات، بەڵام ئامادەی ئەوە نییە لە حوكمێك ڕابمێنێت یان بیر لە ئایەتێك یان فەرموودەیەك بكاتەوە! ئەمە سەرەڕای ئەوەی تێگەیشتن لە ئایین و بیركردنەوە لە ئایەتەكان و حاڵی بوون لە فەرموودەكان و گوێ گرتن بۆ وانە زانستییەكان؛ لەڕووی شەرعییەوە داواكراوە، بەڵكو لە هەندێ جۆری سوننەتەكانیش باشترە! دەسا با سوور بین لەسەر تێڕامان و بیركردنەوە، وەك چۆن سوورین لەسەر قورئان خوێندنەوە و نوێژكردن. با بۆ ئەمەش پشت بەو تەفسیر و ڕاڤانە ببەستین كە لە ئێستادا بەردەستن، خۆ ئەگەر شتێكیشمان لێ گیرا، بیگەڕێنینەوە بۆ پسپۆڕانی خۆی و لەوان بپرسین: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ). ئەمە ئیتر دوا هەلە لەم مانگە پیرۆزەدا.

 

پەیامی دووەم:

ئەم پەیامەیان ئاڕاستەی ناخمانە، پێویستە ئێمەش لەگەڵ خۆماندا دابنیشین تا لەم پەیامە ڕەمەزانییە مەزنە ڕابمێنین و تێبگەین. ئەویش بریتییە لە حیكمەتی سەرەكیی پشت ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان، كە خوای گەورە لەم فەرمایشتەیدا دیاری كردووە: (لعلكم تتقون – سا بەڵكو لەخواترس بن). لەخواترسی بریتییە لەوەی بگەیتە ئاستی هەستیاری بە هەموو گوناهێكی بچووك و گەورە. واتا هەركاتێك كارێكت ئەنجامدا، سەرنجت لەسەر خوا بێت (وا خوا بپەرستیت كە دەیبینیت) خۆ ئەگەر نەتتوانی بگەیتە ئەو ئاستە، ئەوا دڵنیابە (ئەو دەتبینێت). خواپەرستی لێرەدا شتێكی گشتگیرە، لەهەندێ ڕیوایەتدا لە ڕاڤەی خواپەرستیدا هاتووە كە (لە خوا بترسیت)، لە دانەیەكی تردا هاتووە كە (كار بكەیت)، ئیتر هەر كارێك بێت؛ لە دامەزراوەكەتدا، لە زانكۆكەتدا، یان لە كێڵگە و لەگەڵ خزمەتكارەكانتدا.

پێویستە ئێمە بگەینە ئەو ئاستە لە سەرنجدان و هەستیاری، بزانین چەندە ڕۆژووەكەمان كاری لێكردووین، چەندە ڕادەی لەخواترسی تیاماندا زیاد كردووە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕۆژوو و شەو بێدارییەكانمان هەمووی بەپشتیوانیی خوا قبووڵ ببێت. هەندێ لە زانایان، گۆڕانی ناخیان لە بارێكەوە بۆ بارێكی باشتر، كردووە بە نیشانەی قبووڵ بوونی خواپەرستییەكان. ( إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ). دەی ئێمە چەندە پێویستمان بەو گۆڕانەیە؟ بەڵكو خوا بەر بەزەییمان بخات و پێمانی ببەخشێت و سەرمان بخات و سەرفرازمان بكات.

هاوكات پێویستە ئەو گۆڕانە ناوەكی بێت، نەوەك گۆڕانی شكڵ و شێوە، چونكە ئەوەیان لە ئایینی ئێمەدا لەبەرچاو ناگیرێت. (خوای گەورە تەماشای سەر و شكڵ و جەستە و پارە و سامانەكانتان ناكات، بەڵكو تەماشای دڵەكانتان دەكات).

 

پەیامی سێیەم:

شتە فەڕزەكان و شەرعی خوا، پەیوەست نییە بە كات و ساتێكی دیاریكراو و تەنها مانگی ڕەمەزانەوە، بەڵكو هەردەم و هەمیشەیین لە هەموو قۆناغەكانی تەمەندا.

بۆنمونە ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ تەنها تایبەت نییە بە مانگی ڕەمەزانەوە، بەڵكو ئەركە لەسەرمان بەردەوام بین لە ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ. نابێت لەپاش ڕەمەزانەوە سەرنجمان بچێتە سەر شتانێكی تر، چونكە باوەڕدار لە هەموو ئان و ساتێكیدا خوا دەپەرستێت. تەنها ڕەمەزانی نییە، بەڵكو بەو جۆرەیە كە خوای پەروەردگار دەیەوێت: ( وَلَكِنْ كُونُوا رَبَّانِيِّينَ )، بەڵكو ڕەببانییە.

مانگی ڕەمەزان لەوێنەی خولێكی ڕاهێنانە كە پێویستە ئەو شتانەی لێوەی فێر بووین و لەم مانگەدا پێوەی پابەند بووین، بەردەوام ببێت و درێژ ببێتەوە بۆ تەواوی ڕۆژەكانی ساڵ. ئەم پەیامە زۆر گرنگە، پێویستە لەسەرمان ڕەببانی بین و تەنها لەپێناو خوادا هەستین و دانیشین و لەسەر پەیڕەوی ئەو زاتە دامەزراو بین و شوێن ڕینماییەكانی پێغەمبەرەكەی بكەوین (دروودی خوای لەسەر). چونكە دامەزراوییمان لەپاش ڕەمەزان، لەسەر هەموو ئەو شتانەی كە لە ڕەمەزاندا ئەنجاممان دەدان، بەری ڕاستەقینەی ڕۆژوو و شەو بێدارییە. ( إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنْتُمْ تُوعَدُونَ ).

 

پەیامی كۆتایی بریتییە لە پەیامی برایەتی و یەكبوون و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، بەرپرسیارێتی لەئاست یەك گەل (گەلی ئیسلامی)، پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر) دەفەرموێت: (نمونەی بڕواداران لە هاسۆزی و هاودڵی و بەزەییاندا بەرامبەر یەكتری، وەك نمونەی جەستەیەك وایە كە ئەگەر ئەندامێكی بناڵێنێت، تەواوی جەستە لەرز و تا دایدەگرێت). جا ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهانیی ئیسلامیمان ورد ببێتەوە، جەستەی هەڵدەلەرزێت و دڵی گڕ دەگرێت و چاوەكانی پڕ فرمێسك دەبێت، چونكە كێشە و گرفت لە هەموو لایەكەوە دووچاری گەلی ئیسلامیمان هاتووە. حاڵی گەلمان زۆر پەرێشانە، لە بێ ئاگایی و هەژاری و جیاكاری، كۆمەڵە كێشەیەك كە كەسی ژیر سەرگەردان دەكات و ئەمیان ئەویان لەبیر دەباتەوە. قوس و دۆزی یەكەمینمان لەبیر چووە، برایانمان لە ئەفریقا لەیاد كردووە، برایانمان لە سووریا و عێراق و یەمەن لەیاد چووە.

دەسا پەروەردگارا، حاڵمان بگۆڕە بۆ باشترین حاڵ، ئەی پەروەردگاری جیهانییان.

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی