1 مانگ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان فەتوا لەسەر قوربانیی بەستوو و گواستنەوەی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەردەكات

Image

پرسیار:

 

بەڕێزان لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوا لە یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

پاش سڵاو و ڕێز

لای بەڕێزتان ئاشكرایە كە گوزەرانی ئێستای جیهانی ئیسلامی چۆنە و بە چەند ڕووداوی ناخۆشدا تێدەپەڕین، لە سەروو هەموویەوە ئەو كارەساتانەیە كە دووچار بە برایانمان لە غەززە و وڵاتە ئیسلامییە چەوسێندراوەكانی تر هاتووە، لای خۆیەوە ئەمەش هەژاری و نەدارییەكی وای هێناوەتە دونایەوە كە لە هیچ كەسێكی ژیر شاراوە نییە. لەم ڕووەوە بیرۆكەی پڕۆژەی قوربانیی بەستوو لەلایەن ژمارەیەك لە دەستە و دامەزراوەی بواری كاری خێرخوازی و مرۆیی هاتە دونیاوە. ئێمەش دەمانەوێت لە بەڕێزتان داوا بكەین، حوكمە شەرعییەكانی پەیوەست بە قوربانیی بەستوو بخەنە ڕوو بۆمان، تا بزانین حوكمی چۆنە و تا چەند دەتوانرێت دابەشكردنی دوا بخرێت بۆ دوای جەژن و، پێویستە لەم پڕۆژەیەدا ڕەچاوی چی بكرێت.

تەواوی سوپاس و پێزانینم بۆ بەڕێزتان.

 

وەڵام:

بەناوی خوا، سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێن، صەلات و سەلامیش لەسەر گیانی پاكی پێغەمبەر و خانەوادە و هاوەڵانی، دواتر:

پاش تاوتوێ و گفتوگۆ كردنی ئەم بابەتە لەلایەن لیژنەی فەتواوە، ئەم بڕیارە درا:

یەكەم: لیژنەكە باوەڕی وایە قوربانی كردن سوننەتێكی موئەكەدەیە، ئەویش بەپێی ڕای گرۆی زانایان، جگە لە ئەبی حەنیفە و ڕیوایەتی مالیك و ژمارەیەكی تر كە دەڵێن لەسەر دەوڵەمەندان واجب و فەڕزە.

هەروەك چۆن دروشمێكە كە ئیسلام جەختی لەسەر كردۆتەوە و ئاماژەی بە گەورەییەكەی داوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿‌فَصَلِّ ‌لِرَبِّكَ وَانْحَرْ﴾. [الكوثر: 2]

هەروەها چەندان فەرموودەمان لەم ڕووەوە هەن، وەك فەرموودەكەی موسلیم: "پێغەمبەر دوو بەرخی قۆچداری ڕەش و سپیی بە دەستی خۆی كردە قوربانی و، ناوی لەسەر هێنان و تەكبیری كرد، قاچیشی خستە سەر لا ملیان".

چونكە قوربانی "خۆشەویستترین كردەوەیە لەلای خوای گەورە لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، لە ڕۆژی دواییشدا چۆن سەربڕدرابوو هەر ئاوا دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی خوێنەكەی بكەوێتە سەر زەمین، دەكەوێتە شوێنی باش و خوازراوەوە. هەروەها سوننەتێكی پێغەمبەر ئیبراهیمە -سەلامی خوای لەسەر-، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَفَدَيْنَاهُ ‌بِذِبْحٍ عَظِيمٍ﴾  [الصافات: 107]. هەروەها قوربانیكەر بە هێندەی توكی قوربانییەكەی خێری بۆ دەنووسرێت. باش نییە كەسێك لە توانایدا هەبێت و نەیكات، هەر پارەیەكیش كە بۆ كاری خەیر خەرج دەكرێت، بە هێندەی قوربانی كردن باش نییە، ئەمەش بەو مەرجەی مەبەست لێی شوێنكەوتنی سوننەتی پێغەمبەر بێت و دوور بێت لە مەبەستی خراپ و بەو پێیە بێت كە شەرع دایناوە" الشوكاني لە (نیل الأوطار) (5/ 129)

دووەم: بە كۆدەنگیی زانایان دەكرێت لە سەربڕینی قوربانیدا پشت بە كەسێكی تر ببەسترێت (بریكار دابنرێت)، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿فَابْعَثُوا أَحَدَكُمْ ‌بِوَرِقِكُمْ هَذِهِ إِلَى الْمَدِينَةِ﴾ [الكهف: 19]، هەروەها لەبەر ئەوەی كە لە (المستدرك)ی حاكمدا هاتووە: "ئەی فاطمە، هەستە بچۆرە سەر قوربانییەكەت و ئاگات لێی بێت"، چونكە دان نراوە بە حوكمی شوێن گرتندا.

لەڕووی شەرعەوە وا خوازراوترە كە قوربانیكەر خۆی بەسەر قوربانییەكەیەوە بێت و ئاگاداری بێت، بەڵام ئەگەر بۆی نەگونجا هیچ نەنگییەكی تیادا نییە. هەروەها دەشكرێت كارەكە بدرێتە دەستی كەسێكی تر چ لە ناوەوەی وڵات یان دەرەوەی وڵات، بەپێی خواستی خۆی، هەروەها بەپێی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكی شەرعیی. بەڵام وا چاكترە هەبوو لە وڵاتیی خۆیدا دانەیەك بكات و لە دەرەوەش دانەیەكی تر، ئەگەر دانەیەكیشیان بكات بەپێی توانای خۆی، هەر بەسە.

سێیەم: لیژنە وای دەبینێت ئەوەی كە مەبەستە نیەتی بریكارەكەیە، چونكە قوربانییەكە لەلایەن ئەوەوە پێویستی بە نیەتی بەدەست هێنانی خێر هەیە، بۆیە نابێت بریكارەكە نیەتی نەبێت لەكاتی سەر بڕینەكەدا.

چوارەم: لیژنە پێی وایە ئاساییە قوربانییەكە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان و سێ ڕۆژی دواتریشدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەپێی ڕای شافیعی و ئەوزاعی، كە ڕای ژمارەیەك لە شوێنكەوتوانیشە. لەپێناو كارئاسانی بۆ قوربانیكەران و دامەرزاوە تایبەت بە قوربانییەكان، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هەندێك لە قوربانیكەران درەنگ پارەی قوربانییەكە ڕادەست دەكەن. ئەمە هەمووی لەبەر ئەم فەرموودەیە: " كل أيام التشريق ذبح" . ئەحمد و ئیبن حبان ڕیوایەتیان كردووە.

پێنجەم: دەكرێت گۆشتی قوربانی زەخیرە بكرێت بۆ پاش ڕۆژانی جەژن، هیچ سنوورێكیش بۆ كاتی زەخیرە كردنەكە نییە، چونكە پێغەمبەر ڕێگەی بەمە داوە بەبێ دیاریكردنی كات. بەڵگەش بۆ ئەوە ڕیوایەتەكەی بوخارییە: "بخۆن و بەشی خەڵكی بدەن و زەخیرە بكەن، چونكە ئەو ساڵە خەڵك ماندوو بوو و ویستم هاوكارییان بكەن".

هەربۆیە ڕێگەدراوە دابەشكردنی گۆشتی قوربانی دوا بخرێت بۆ پاش چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، تەنانەت ئەگەر بشگاتە چەندین مانگ، ئەمەش لەبەر ئەوەی شەرع ڕێی داوە، چونكە بەرژەوەندیی هەژار و نەدار و چەندانی تری تێدایە كە سوود لەو گۆشتە قوربانییە دەبینن.

شەشەم:  ڕێگە دراوە گۆشتی قوربانی ببەستێنرێت و بپێچرێتەوە، چونكە ئەمەش جۆرێكی ترە لە جۆرەكانی زەخیرە كردن. مادەم زەخیرە كردن لە شەرعدا ڕێگەی پێ دراوە، كەوایە تەواوی ئەو ئامڕازانەی دەیهێننە دی؛ ڕێگەپێدراون. چونكە ئامڕازەكان حوكمی مەبەستەكانیان هەیە، ناشبێت هیچ ئامڕازێك بە تایبەتی دیاری بكرێت مادەم شەرع دانەر دیاریی نەكردووە. بگرە بەستاندن باشترە بۆ زەخیرە كردن، چونكە دەتوانرێت گۆشتەكە لەڕووی زانستی و تەندروستییەوە بۆ ماوەیەكی درێژ بپارێزرێت. دەشكرێت بە درێژایی ساڵ دابەش بكرێت ئەگەر پێویست بوو، ئەمەش بەرژەوەندیی و مەبەستە شەرعییەكان بەدی دەهێنێت، لەبەر زۆری و بەرفراوانیی ئەو كەسانەی سوود لەو گۆشتە دەبینن، ئیتر بە بەستوویی ئەو گۆشتە بگات بە هەژار و نەداران یان بە پێچراوی.

حەوتەم: لیژنەكە باوەڕی وایە ئاساییە قوربانی بگوازرێتەوە -بە بەستوویی یان پێچراوی- لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر، بۆ خزم و كەسوكار، یان كەسانێك كە زیاتر پێویستیان پێیەتی وەك لە خەڵكی وڵاتەكەی خۆی. بەڵام ئەگەر هیچ پێویستییەك بۆ گواستنەوەی نەبوو ئەوا ڕاجیایی لەنێوان زانایاندا هەیە، بە نەخوازراو و ڕێگەدراو و حەرام. بەڵام لیژنەكە پێی وایە گواستنەوەی ڕێ پێدراوە و هەر ئەمەش ڕای زانا سەردەمییەكانە. بەتایبەتی لەبەر ئەوەی زۆر پێویستە بۆ ئەو وڵاتانەی جەنگ و حاڵەتی كتوپڕ تیایاندا زۆرە و نەداری زۆر دەكەوێتەوە، لە سەروو هەموویانەوە كارەساتی غەززە. بۆیە لەڕووی شەرعەوە ڕێ دەدرێت قوربانی لە وڵاتی قوربانیكەرەوە بگوازرێتەوە بۆ غەززە و سودان و ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی تر كە حاڵیان هاوشێوەیە و لە هەموان زیاتر پێویستیان بە خواردن و خواردنەوەی ئاسایی هەیە، چ بگات بە گۆشت كە ڕەنگە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەیەك سوودی لێ ببینن.

كەوابێ قسەكە ئەوەیە دەكرێت لە وڵاتێكەوە بگوازرێتەوە بۆ وڵاتێك كە زیاتر پێویستیەتی، كە ئەمەش ئاسانكارییە بۆ خەڵك تا بتوانن ئەو دروشمە زیندوو ڕابگرن و هەروەها ئاسانكارییە بۆ دامەزراوە خێرخوازییەكان تا وەك بریكاری خەڵك بن لە كڕین و قوربانی كردندا و پاشان بیبەستێنن و دابەشی بكەن بەسەر ئەو وڵاتە ئیسلامییانەدا كە لە پێویستییەكی زیاتردان. ئەویش لەپێناو بەدی هێنانی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿فَإِذَا وَجَبَتْ جُنُوبُهَا فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا ‌الْقَانِعَ وَالْمُعْتَرَّ ﴾ [الحج: 36].

 

وەك هۆشدارییەك و دەرچوونیش لە ڕاجیایی، لیژنەكە پێشنیار دەكات ئەوەی قوربانی بەم شێوەیە دەكات یان لایەنێك ڕادەسپێرێت بۆی، تەواوی تێچووی زیاد لە تێچووی قوربانییەكە بگرێتە ئەستۆ، لەسەر ئەمەش پاداشتی بۆ هەیە.

 

خوای گەورەش ڕێنمووییكەرە بۆ حەق و ڕاستی

سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێنی جیهانییان

وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

 

دەرچووە بە كۆدەنگی لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوا لە یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، ئەندامانی لیژنەكە:

  1. عەلی قەرەداغی: سەرۆكی لیژنە
  2. فضل مراد: ئەمینداری گشتی
  3. عجيل النشمي: ئەندام
  4. محمد الحسن الددو: ئەندام
  5. محمد جورماز: ئەندام
  6. عبدالحي یوسف: ئەندام
  7. خالد حنفي: ئەندام
  8. مصطفی داداش: ئەندام
  9. ونیس مبروك: ئەندام
  10. سالم الشیخي: ئەندام
  11. فریدة صادق زوزو: ئەندام
  12. مسعود صبري: ئەندام
  13. إبراهیم أبو محمد: ئەندام
  14. سلطان الهاشمي: ئەندام
  15. نورالدین خادمي: ئەندام
  16. أحمد حوی: ئەندام
  17. أحمد كافي: ئەندام
  18. عكرمة صبري: ئەندام

 

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی