یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، دڵگرانیی زۆری خۆی لەئاست ئاهەنگی كردنەوەی ئۆڵمپیادی پاریس 2024 دەربڕی و داوا دەكات ڕێز لە پیرۆزییەكان بگیرێت
یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، دڵگرانیی زۆری خۆی لەئاست ئاهەنگی كردنەوەی ئۆڵمپیادی پاریس 2024 دەربڕی كە سوكایەتییەكی ئاشكرای زۆری بەرامبەر بە ئایینەكان و پێغەمبەران لەخۆگرتبوو، بەتایبەتی پێغەمبەرمان عیسا و حەوارییەكان.
ئەوەی لەو ئاهەنگەدا ڕوویدا، لێژبوونەوەیەكی نائاسایی ئەخلاقییە كە پێشتر بوونی نەبووە و بەزاندنی سنووری بەها ڕۆحی و بنەما مرۆییەكانە. بگرە بەزاندنی سنووری هەستی هەموو باوەڕدارانە بە خوا و پێغەمبەرانی و سووكایەتی كردنە بە قووڵترین بیروباوەڕەكانیان. هەروەك چۆن لادانی ئاشكرایە لە هەموو ئەو شتانەی كە پێویستە لە وەرزشدا هەبن لە گیانی یەكێتی و لەیەك تێگەیشتن.
ئێمە ئەمڕۆ لادانێكی زیادی بەها ڕۆژئاواییەكان دەبینین لە سەرجەم بوارەكانی ژیاندا، كە دەستبەردادی بەها ڕۆحی و ئەخلاقییەكان بووە و دەستی داوەتە هاندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان و پەراوێز خستنی پەیوەندییە مرۆییەكان و لادانی ئەخلاقی.
ئەو بەهایانەی لەو ئاهەنگەدا بەرجەستە بووبوون، لەلای هەموو ئایینە ئاسمانییەكان و سروشتە خواڕسكییەكان ناپەسەند و ڕەت كراوەیە. چونكە دەبێتە هۆی تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگاكان و بڵاو بوونەوەی خراپەكاری و تاوان و ڕق و كینە و بێ ڕێزی لەنێوان خەڵكدا.
هەروەها یەكێتیی زانایان سەیری لە لێدوانی بەرپرسانی فەڕەنسی دێت كە لەم ئۆڵمپیادەدا زۆر بە گەرمی پێشوازی لە دەوڵەتی داگیركار (ئیسڕائیل) دەكەن كە هەتا ئێستاش بەردەوامە لە كوشتنی منداڵ و پیر و ژن بە بەرچاوی هەموو دونیاوە. هەروەها بە ئاشكرا و بێ پەردە مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات و بەهۆی ئەو تاوانكاری و جینۆسایدەیەوە؛ لەلایەن هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانەوە ئیدانە كراوە.
ئەم دووڕووییە ئابڕووبەرەی نێوان بانگەشەكارانی ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و پێشوازی كردنیان لە دەوڵەتێكی داگیركار، ئەو لادان و ستەمە دەردەخات كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دووچاری هاتووە و دەروازەیەكە بۆ ستەم و چەوساندنەوەی زیاتر.
ئێمە لە یەكێتیی زانایان، زۆر بە توندی ئەو ئاڕاستانە ڕەت دەكەینەوە كە لەبری یەكێتی و لەیەك تێگەیشتن، بانگەشە بۆ خراپەكاری و سوكایەتی كردن دەكەن. داوا لە هەموو لایەنە وەرزشی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، بەرپرسیارێتییەكانیان بگرنە ئەستۆ لە ڕێزگرتنی ئایین و پیرۆزییەكان و دوور كەوتنەوە لە هەموو ئەو شتانەی ڕەنگە ئاژاوە و گرژی بخاتە نێو گەلانەوە. هەروەها وەرزش پێویستە پردێك بێت بۆ پەیوەندی بەستن و لەیەك تێگەیشتن، نەوەك گۆڕەپانێك بۆ لادان و سووكایەتی پێكردن.
لەم ڕووە، داوا لە ئیمام و وتاربێژان دەكەین، لە وتار و وانەكانیاندا، سەرنج بخەنە سەر گرنگیی ڕێزگرتنی سەرجەم پێغەمبەران و ڕەوانەكراوان. هەروەها جەخت لەوە بكەنەوە كە باوەڕهێنان بە تەواوی پێغەمبەران، پایەیەكە لە پایەكانی ئایینەكەمان. بەهەمان شێوە جێگەی بەرز و مەزنیان لە تەواوی ئایینە ئاسمانییەكاندا نیشان بدەن. پێویستە هەڵوێستی خۆمانمان لەئاست پێغەمبەر عیسا (سەلامی خوای لەسەر) لەبیربێت، كە وەك پێغەمبەر و نێردراوێكی مەزنی خوا لێی دەڕوانین. هەروەها یەكێكە لە (أولی العزم) و باوەڕمان بە خۆی و پەیامە ئاسمانییەكەی و پەڕجووە نەمرەكانی هەیە، كە بانگەشەی دەكرد بۆ یەكتاپەرستی و، ڕێز لە پلە و پایەی مەزنی ئەو زاتە دەگرین.
گرنگی دان بەم بەهایانە، هاوكارە بۆ بڵاو كردنەوەی لێبوردەیی و ڕێزگرتنی دوولایەنەی نێوان گەلان، هەروەك چۆن جەخت دەكاتەوە لە یەكێتیی پەیامە ئاسمانییەكان و ئامانجە پیرۆزەكانیان.
دەوحە، 22 محرم 1446 ك
بەرامبەر بە 28 یۆلیۆ 2024 ز
پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان
د. علی بن محمد الصلابي
ئەمینداری گشتی
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان