ڕۆژانی 25 و 26ی مانگی سێپتەمبەری 2024ز، كۆنگرەی ژیاننامەی پێغەمبەری ئەمساڵ لە كۆلێژی خوێندنە ئیسلامییەكانی زانكۆی حمد بن خلیفة بەڕێوە چوو.
ئەم كۆنگرەیە ژمارەیەك لە زانایان و زانستخوازانی سەرتاسەری جیهانی لە كۆمەڵێك گفتوگۆدا بەیەكەوە كۆكردەوە، لەبارەی بەڵگەكانی پەیامبەرێتی پێغەمبەرمان موحەمەد (دروودی خوای لەسەر)، وەك كۆڵەكەیەك لە توێژینەوە ئیسلامییە سەردەمییەكاندا.
لە كۆنگرەكەدا باس لە ڕەهەندە مێژوویی و سەردەمییەكانی زانستی بەڵگەی پێغەمبەرایەتی كرا و چەندین پەیوەندی نێوان بیری زانستیی نوێ و زانستی بەڵگەی پێغەمبەری دۆزرایەوە.
شایەنی باسە پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، وەك ئەندامێكی گفتوگۆی كۆنگرەكە بەشدار بوو و وتارێكی دەوڵەمەندی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
پ.د. عەلی قەرەداغی لە سەرەتای ئاخاوتن و پێشكەش كردنی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە دا كە سەرجەم بنەما ئەخلاقی و یاسایی و مافەكانی ئەمڕۆ، پەراوێز خراون؛ چونكە زۆرینەی ئەم بنەمایانە لە تیۆریای ڕۆژئاواییدا لەسەر بەرژەوەندی دامەزراون. بەجۆرێك، تەنها لەو كاتانەدا جێبەجێ كراون كە لەگەڵ بەرژەوەندی ڕۆژئاوا گونجابێتن و مادەم ئەمڕۆ ئەو بەرژەوەندییانە لەئارادا نیین؛ كەوایە پەراوێز دەخرێن.
سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایان جەختی لەوە كردەوە كە جیهان پێویستی بە ڕێكخستەیەكی جیهانیی نوێ هەیە كە لەسەر بنەمای چەسپاو دامەزرابێت، ئەمەش تەنها بە گەڕانەوە بۆ بنەما خوداییەكان دێتە دونیاوە، چونكە بەشێوەیەكی بەردەوام پێداویستییەكانی مرۆڤ دابین دەكات.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان