1 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

ئێمە و ئەوان

Image

 

كتێبی (ئێمە و ئەوان) لێكۆڵینەوەیەكی فیكریی زانستیی فیقهییە بۆ ڕوونكردنەوەی پەیوەندی مرۆڤی مسوڵمان بە مرۆڤی نامسوڵمانەوە؛ لە كاتەكانی جەنگ و ئاشتیدا. هەروەها ڕوونكردنەوەی پەیوەندیی كەمینە و زۆرینەیە لەبەر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) و فیقهی پێواندا.

نووسەر لەم كتێبەدا چارەسەری ئەو كێشە هەنووكەییانەی گەل دەكات كە لە زووەوە دووچاری پەیوەندی مسوڵمانان و نامسوڵمانان هاتووە. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كە چەندین تەمومژ زاڵە بەسەر ئەم پەیوەندییەدا و لەلایەن هەندێكی تریشەوە دەستدرێژی دەكرێتە سەر؛ كە وەك خۆی چەندین پەرچەكرداری بەدوای خۆیدا هێناوە.

 كتێبەكە لە شەش تەوەرەی سەرەكی پێكهاتووە كە نووسەر دوور لە ڕۆچوون لە وردەكاری، مەگەر بەو هێندەیەی پێویستە، هەروەها بە پشت بەستن بە قورئانی پیرۆز و سوننەتی جێگیر و چەسپاوی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) و كۆدەنگی زانایان؛ بابەتەكان ڕوون دەكاتەوە.

لە تەوەرەی یەكەمدا باس لە ڕێگای دروست بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەوی تر دەكات و سەرەتا لە تاك و كۆمەڵگەی ئیسلامییەوە دەست پێدەكات. بابەتی خود بەهێزكردن لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە دەكاتە دەروازەی وتەكانی و پاشان  یەكبوون و یەكێتیی و هاوپەیوەندیی مسوڵمانان بەیەكەوە، بە یەكێك لە چەسپاو و نەگۆڕەكانی ئایین دەناسێنێت. دواتر لە فیقهی نەگۆڕ و گۆڕاوەكان دەدوێت و بە گشتیی تیشك دەخاتە سەر جیاوازیی ئایینزاكان و جیاوازییە ئیجتیهادییەكان و شتە گۆڕاوەكان لە نەگۆڕەكان جودا دەكاتەوە و هانی مسوڵمانان دەدات كە لەسەر هەندێ جیاوازیی ئیجتیهادیی و بابەتە جێ ناكۆكەكان، یەكێتیی و یەكدەنگییان لەسەر چەسپاوەكان نەكەنە قوربانی؛ وەك چۆن ئەو جیاوازیی فرەییە بە ڕەحمەت لە قەڵەم دەدات.

لە تەوەرەی دووەمدا باس لەو بنەما هزری و تیۆری و ئایینییانە دەكات كە ئایینی ئیسلام دایناون بۆ هاوبەشی كردن و ڕێككەوتنی نێوان (منی مسوڵمان) و (ئەوی نامسوڵمان)، بنەماگەلێك كە بۆ قبووڵ كردنی ئەوی تر زۆر گرنگن. ئەم بنەمایانەشی زۆر باش پشت ڕاستكردۆتەوە و بە شێوەیەكی جوان و بێ وێنە بناغەی بۆ داڕێژاون و لە 17 خاڵدا ڕوونی كردوونەتەوە.

لە تەوەرەی سێیەمدا لە سایەی ژیاننامەی پێغەمبەری سەرەوەرەوە (دروودی خوای لەسەر)، مامەڵەی ئەو زاتە لەگەڵ ئەوانی تر ڕوون كردۆتەوە و هەر لەو تەوەرەیەدا لەژێر ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز و هەندێ سوورەت، باسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەكات. دواتر ماف و ئەركەكانی نامسوڵمان لە دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕوون دەكاتەوە و كۆمەڵە ئادابیكی پێشكەوتوومان پێ دەناسێنێت كە ئیسلام دایناون بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ نامسوڵمانان.

تەوەرەی چوارەم پێناسەی جیهاد دەكات، هەم لەڕووی زمانەوانییەوە و هەمیش لە ڕووی شەرعییەوە، دواتریش حوكمەكانی دیاری دەكات. وێڕای باسەكانی بنەما و فیقهی ئیسلامی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ئان و ساتی جەنگ.

نووسەر لە تەوەرەی پێنجەمدا پەیوەندی مسوڵمانە كەمینەكان بەو دەوڵەتە نائیسلامییانەوە ڕوون دەكاتەوە كە تیایدا دەژین، بەهەمان شێوە ماف و ئەركی سەرشانیان شی دەكاتەوە. دواتر بە سوود وەرگرتن لە دوو نمونەی ژیاننامەی پێغەمبەران (خوا لێیان ڕازی بێت) بابەتەكەی زیاتر دەوڵەمەند دەكات. ئەوانیش پێغەمبەر یوسف و نمونەی كۆچەرییەكانی حەبەشەن.

لە تەوەرەی شەشەم و كۆتاییدا، بە گشتی باس لە ئێمەی گەلی مسوڵمانان و ئەوانی گەلی ڕۆژئاوا دەكات، كە واقیعی ڕۆژئاوایی و ڕۆڵی فیلمەكان و چەند كەسایەتییەكی دیاری ڕۆژئاوایی و چەندین باسی هەمەڕەنگی تر دەهێنێتە بەر ڕۆشنایی. لەكۆتاییدا، چارەسەری گونجاو و هەڵوێستە و مامەڵەی دروست لەگەڵ واقیعی ئێستا، دەكاتە كۆتا باسی كتێبە بەپێزەكەی.

 

 

وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:

  • زمانی بنەڕەتی: عەرەبی
  • نووسین: عەلی محێدین قەرەداغی
  • وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی لەلایەن تاریق نەجیب، عەبدولقادر ساڵح.
  • ژمارەی لاپەڕە: 305
  • ساڵی بڵاوبوونەوە: 2010

 

بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە، كرتە لێرە بكە

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی