بەیاننامەی ناڕەزایی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لەسەر كارە ڕەگەزپەرستانەو تیرۆریستییەكەی شاری پاریس
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان، ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ دژ بە كارە ڕەگەزپەرستییەكان و ئەو ڕەگەزپەرستانە كە تاوان دژ بە موسڵمانان و خەڵكانیتریش ئەنجامدەدەن، ئەو كارەیان بە تاوانی تیرۆریستی دەناسێنێ و ڕیسوای دەكات.
پێیوایە كە ئەو كارە خراپ و فیتنەگێڕیانە بە زیانیش دەگەڕێتەوە سەر دانیشتوانی ئەو وڵاتەی خۆشیان
-هەروەك لەم دواییانەدا لە ئەڵمانیا ڕوویدا-.
یەكێتی زۆر بە توندی ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ دەرهەق بە كوشتنی سێ كەس لە ڕەوەندی كوردی و زامداربوونی ژمارەیەكیتر لێیان، ئەوەش لە بەرئەنجامی هێرشێكی قێزەون لەناو جەرگەی شاری پاریسدا، كە لەسەر دەستی ڕاستڕەوێكی توندڕەوی ڕەگەزپەرستدا ئەنجامدرا، كە پێشینەی تریشی هەیە لە زامداركردنی دوو كۆچبەری تر لە بەرواری 8/12/2021 بە چەقۆ، ئەوەش بەپێی بڕیار و دانپێدانانی خانمی داواكاری گشتی فەرەنسا.
جا بەم بۆنە سەخت و ئازارگەیەنەر و خەمناكەوە یەكێتی پرسەو سەرەخۆشی خۆی دەگەیەنێتە كەسوكاری ئەو كەسانەی ڕەوەندی كوردی كە بە ستەم كوژراون، لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە بەزەیی پێیاندا بێتەوەو لە ڕیزی شەهیداندا قوبوڵیان بكات، هەروەها دەپاڕێتەوە بە چاكبوونەی ئەو كەسانەش كە لەو كارە قێزەونەدا زامدار بوون.
یەكێتی دووپاتیدەكات كە هەندێ لە سیاسەتە خۆرئاواییەكان یارمەتیدەرن بۆ بڵاوبوونەوەی ڕەگەزپەرستیی و تاقمی ڕاستڕەوی توندڕەو، ئەوەش بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە و گەیشتن بە دەستەڵات لە ڕێگای قوربانیدان بە بەهاكان و پرەنسیپە مرۆڤایەتییەكان.
یەكێتی داوای بەگژداچوونەوەی ڕەگەزپەرستیی دەكات بە دەرهێنانی لە ڕیشكەوە، هاوكات داوای بەهێزكردن و قووڵكردنەوەی پرەنسیپەكانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە دەكات، بێئەوەی حیساب بۆ هیچ جیاكارییەكی نەژادیی یان تایفی یان ڕەنگ بكات.
(وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ) يوسف: 21 صدق الله العظيم
پ. د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەکێـتى جیهانى زانایانى مسوڵمان
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان