لێدوانی پ. د. عەلی قەرەداغی لەسەر ڕوخاندنی منارەی مزگەوتی سەڕاجی لە قەزای ئەبولخەصیب لە پارێزگای بەصرە
ڕاگەیەنراوی دیوانی وەقفی سوننی عیراقم خوێندەوە (بە ڕێزگرتنی هەموو ئەوقاف و مزگەوت و منارەكانمان بە تایبەتی مێژوویی و شوێنەوارییەكان، كە ئەوە مافێكە لە مافەكانی خوای گەورە لە ئاسمان و مافی بەندەكانیشیەتی لەسەر زەویدا).
منیش ئەم لێدوانە دەخەمە سەر ئەو ڕاگەیەنراوە و دەڵێم..
ئای ئەمە چ بڕیارێكی خراپە كە دەیەوێت مەشخەڵەكانی باوەڕ و مێژوو بسڕێتەوە و لەناویان بەرێت..
كەلەپوری تەلارسازیی ئیسلامیی بەشێكە لە كەلەپوری عیراق و جیهانی ئیسلامیی، كە بە درێژایی مێژووی ئیسلام وێنای بلیمەتی هونەری ئیسلامیی دەكات لە دیزاین و بیناسازییدا، چونكە ئەو كەلەپورە ژمارەیەكی زۆر لە نەخشەسازیی و دیزاینی ئەندازیاریی قەشەنگ و نایاب و هونەری جوان لەخۆدەگرێت كە گوزارشت لە ژیاری ئیسلام دەكەن و بەشێكن لە جیهانی ئیسلامیی.
لەبەر هەموو ئەمانە زۆر دڵگران بووم بە ڕوخاندنی ئەو منارەیە، ئەم بڕیارە ستەمكارانەیە زیانێكی گەورە بە كەلتور و هونەرە ئیسلامییەكان دەگەیەنێت، كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر بونیادی ناسنامە و پێكهاتەی كەلتوریی لەناو عیراقدا هەیە، هاوكات دەستدرێژییەكی بێشەرمانەیە لەسەر وەقفی سوننەو مێژووەكەی.. ئەمە جگە لەوە كە بۆی هەیە ڕوخاندنی ئەو شوێنەوارە ببێتە هۆی لەدەستدانی هۆشیاری بە مێژووی ئیسلام و كەلەپورە ڕۆشنبیرییەكەی.
هەر بۆیە من داوا لە بەرپرسان دەكەم، كاربكەن لەسەر سەرلەنوێ نۆژەنكردنەوەی ئەو بەشەی كە ڕوخێنراوە، بە شێوەیەك كە ببێتە كەفارەتی ئەو كارە ناشیرین و قێزەونە و تاوانی ڕوخاندنی، ئەوەش وەك نیشانەیەك كە ئاماژە بدات بە نیەتی باش، چونكە پێویستە بە ڕادەی پێویست گرنگی بدەین بەو كەلەپورە، هەروەها كاربكەین لەسەر پارێزگاریكردنی و نۆژەنكردنەوەی و پەرەپێدانی بەجۆرێ كە ببێتە شایەتێكی بینراو لەسەر ناسنامەمان.
بە شێوەیەكی گشتیش، دەتوانرێ بوترێ كە پارێزگاری لە كەلەپوری تەلارسازیی ئیسلامیی یارمەتیدەرە لەسەر بونیاتنانی ناسنامەو بەهێزبوونی لایەنداریی لە نەوەكانی داهاتوودا تا فێری مێژوو و ناسنامەمان ببن و شانازی بكەن پێیەوە.
من وادەبینم كە ڕوخاندنی منارەی مزگەوت دادەنرێ بە ڕەفتارێكی خراپ و نەویستراو و ڕەتدەكرێتەوە، هاوكات پێشێلكردنی هەموو لایەنە شەرعی و مێژوویی و كۆمەڵایەتی و یاساییەكانە كە ناكرێ لێی بێدەنگ بین.
ئەی كەسی بەرپرس: ئەو هەڵسوكەوتەت ڕاستبكەرەوە، وەرە دەستپێشخەربە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو كارەی ئەنجامتداوە، چونكە مێژوو لە كەس نابورێ..
چاوەڕێی ڕاستكردنەوەین..
والله غالب على أمره ولكن أكثر الناس لا يعلمون
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان