بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
نامەیەكی كراوە بۆ هەموو پیاوان و ئافرەتانی موسڵمان لە سەرتاسەری جیهاندا
جاڕنامەی بەیەكگەیشتن و دیداری جیهانیی
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، درود و سەلام لەسەر پێغەمبەر موحەممەد كە بە بەزەییەوە ڕەوانەكراوە بۆ جیهانیان، لەسەر خانەوادەو هاوەڵانی تا ڕۆژی قیامەت، پاشان
وەك جەختكردنەوە لەسەر بەهاكانی ئیسلام و لەسەر ئەوەی باوەڕمان پێیەتی كە ئازادی ڕادەربڕین شتێكی پیرۆزە، بەڵام ئەو ئازادییە مەرجداركراوە بە ڕێزگرتن لە بەهاكان و لە پیرۆزییەكانی تر، ئەمەش دادەنرێ بە بنەمای ئاشتی كۆمەڵگایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی هاوبەش.
ئێمە داوا دەكەین ڕێز لە پیرۆزییەكانی ئیسلام بگیرێ، بە ڕێز و پێزانینەوە هەڵسوكەوت لەگەڵیاندا بكرێ، باوەڕمان هەیە كە گەورە پرەنسیپە نەگۆڕ و پیرۆزەكانی ئیسلام بریتین لە:
* قورئانی پیرۆز.
* پێغەمبەری ئیسلام (صلی الله علیە وسلم).
لێرەدا دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە لەلایەن هەموولایەكەوە ڕێزیان لێبگیرێ، پێزانین دەرهەقیان بەخەرجبدرێ، چونكە پێگەو پایەی بەرزیان هەیە، هەر جۆرە پێشێلكردنێكی ئەو مافەو دەستدرێژی لەسەری سەردەكێشێ بۆ تێكچوونی میزانی دادپەروەریی و ئاشتی جیهانیی.
هەروەها جەختدەكەین لەسەر گرنگێتی ڕێزگرتن لە كەسە دیار و كاریزما مێژووییەكانی ئیسلام وەك:
* دایكانی باوەڕداران.
* جێنشینە ڕاشیدەكان و هاوەڵانی بەڕێز، دەبێت دان بنرێ بە ڕۆڵی گەورەیاندا لە بڵاوكردنەوەی ئیسلام و پەرەدان بە كۆمەڵگای ئیسلامیی، هەر جۆرە زماندرێژییەك دەرهەق بەو كەسە كاریزمایانە قەدەغە بكرێ، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی بێزاریی و توڕەبوونێكی زۆر لەلای موسڵمانان.
لە هەمانكاتدا داواكارین شایەنبازیی لە تەرازووەكەدا نەكرێ و وازبهێنرێ لە دوو جۆر كێشان و پێوان، چونكە دەبێتە هۆی ئەوە هەر جۆرە ستەمێك ببات بەرەو توندڕەویی و ستەمكردن، ئەوەش لەو شتانەدا كە پەیوەندییان بە پرسە گەورەكانی ئازادی و ڕزگارییەوەیە وەك:
* دەستهەڵگرتن لە دەستوەردانە كاروباری ناوخۆی كۆمەڵگا ئیسلامیی و عەرەبییەكان، هاوكات ڕێز لە بڕیارەكانی گەلان بگیرێ لەوەی كە مافی خۆیانە كێ هەڵدەبژێرن ببێتە نوێنەریان.
* پاراستنی مافەكانی كەمینەی موسڵمان.
* ڕزگاركردنی قودس.
ئێمە داوای جێبەجێكردنی دادپەروەریی دەكەین، داوای ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی باوەڕ و پەرستش دەكەین لە سەرتاسەری جیهاندا، پێویستە پشتگیری بكرێ لە هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و زانایان و پەڕلەمانتاران و كەمینە موسڵمانەكان بۆ دەستەبەركردنی ئەو پرسانەو فەراهەمهێنانی پێشكەوتن.
لەبەرئەوە داوا دەكەین دیالۆگ و هاوكاری هاوبەش لە نێوان هەموواندا پیادە بكرێ و بەهێز بكرێ، ڕا گۆڕینەوە و هزر و ئەزموونەكان ئاڵوگۆڕیان پێبكرێ، بەشداری مەعریفی و ئەزموونە سەركەوتووەكان لە بواری پاراستنی پیرۆزییەكان و پرسە جیهانییەكان بەهێز بكرێن و ببرێن بەرەو ڕزگاربوون و دادپەروەریی.
پ. د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان