مشتومڕی تێزێكی دكتۆرا لە كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكان بە ناونیشانی (الإجتهاد المقاصدي عند الشيخ على القره داغى و تطبيقاته الفقهية المعاصرة)
نوسینگەی ڕاگەیاندنی پ. د. عەلی قەرەداغی
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی 18/7/ 2023 لە هۆڵی صەلاحەدین لە كۆلیژەكەمان، كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكان -بەشی فیقه و بنەماكانی- مشتومڕ كرا لەسەر تێزی دكتۆرای قوتابی (عیماد عەبدوالله موحەممەد)، دەربارەی تێزەكەی بەناوی (الإجتهاد المقاصدي عند الشيخ على القره داغى و تطبيقاته الفقهية المعاصرة)، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر د. عوسمان خزەیر مزعل، گرنگی بابەتەكە لەو زانیارییە دایە كە دەقەكانی قورئان و سوننەت سەرچاوەی دەوڵەمەند و تێروتەسەلی ئەو فیقهەن، ئەو ڕووناكییەن كە هاتووە بۆ بەختەوەربوونی مرۆڤایەتی لە دنیاو قیامەتدا، بەڵام ئەو دەقانە پێویستییان بە سەرنجدان و تێڕامان و وردبوونەوەیە، تا تێگەیشتن لە واتاكانیان بكرێ و هەڵێنجان بۆ حوكمە شەرعییەكانیان بكرێ، هەروەها چۆنێتی دابەزاندنیان لەسەر واقیع و ڕووداوەكان، كە ئەوەش دەخوازێ ئیجتیهاد بۆ هەموو حاڵەت و بارودۆخەكانی ئەو پرس و ڕووداوانە بكرێ كە تازە دەكەونەڕوو، هەر بۆیە دەبێت كەسی موجتەهید تەواوی هەوڵ و توانای خۆی بخاتەگەڕ، بۆ پەیبردن بە حوكمە شەرعییەكان، یان بۆ چۆنێتی دابەزاندنیان بەو ئاراستەیە كە پێیوایە مەبەست و ئامانجی شەرع جێبەجێ دەبێت، لێرەوە ئیجتیهادی مەبەستدار لە سەرووی هەموو ئیجتهادێكی ترەوە گرنگەو دێتەناو بابەتەكە، توێژینەوەكە ئامانجی ئەوەیە ئاراستە دەقیی و باتینییەكان بخاتەڕوو تا هەڵسوكەوت لەگەڵ دەقەكاندا بكات، هەردووكیشیان چەكوشی ڕوخێنەرن بۆ شەریعەت، یەكەمیان لە ڕێگای چڕبوونەوەی لەسەر خوێندنەوەی سەرزارەكی و ڕواڵەتی دقەكە لە ڕووی تێگەیشتن و دابەزاندنییەوە، كە ئەمە بووە هۆی ئەوە خەڵكی بكەونە ناو سەغڵەتی و ناڕەحەتییەوە، دووەمیش لە ڕێگای خوێندنەوەی باتینییەوە كە لە گرنگیدان بە ماناكاندا دەردەكەوێ، ئەویش لە ژێر جۆرەها ناوی وەك نوێگەریی و مۆدێرنەو گۆڕانكاریی، كە لە ڕاستیدا كاردەكەن لەسەر لێدان لە پرەنسیپ و ڕێساكانی زانستی ئوسوڵی فیقه، قوتابی (عیماد عەبدوالله موحەممەد) بەم چەند دەرئەنجامەی لای خوارەوە كۆتایی بە توێژینەوەكەی هێناوە:
1- لە ڕاستیدا ئیجتیهادكردن بە چەمكە فراوانەكەی و بە مانا گشتییەكەی هەموو جۆرەكانی هەڵێنجان بۆ دەقی شەرعی دەگرێتەوە، ئیتر تێگەیشتن بێت یان مانا یان هۆكار یان دەرهێنان یان بەهێزكردن یان دابەزاندن بێت چوونیەكە.
2- چەمكی مەبەستداریی لای مامۆستا قەرەداغی لەو چەمكە گشتگیرتر و فراوانترە كە لای كەسە هاوچەرخەكانی تر هەیە، ئەو پێیوایە كە مەبەستەكان، واتە ئەو مانا و حوكم و ئامانجانە كە خوای گەورە لە تەشریع و لە بەدیهێنان و لە پێكهێناندا مەبەستی بووە.
3- بێگومان مەبەستە خواییەكان كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون و سوننەتی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بە تێروتەسەلی باسیكردوون، یەك ڕشتەبەندی پێكەوەبەستراون و بەش بەش ناكرێن، قەتیس نەكراون تەنها لەسەر مەبەستەكانی تەشریعی حوكمە شەرعییەكان، بەڵكو ئەو سنورە تێدەپەڕێنن تا مەبەستەكانی بەدیهێنان و پێكهێنان بگرنەوە -بە تایبەتی مەبەستەكانی بەدیهێنانی گەردوون و بەدیهێنانی مرۆڤ-، هەروەها مەبەستە گشتی و تایبەت و بەشییەكانی تەشریع، هەروەها مەبەستی ئەرك پێسپێردراوان، ئینجا فیقهی سەرئەنجام و بیانووەكان، كە ئەمەی ناوناوە (المنظومة المقاصدية، أو البعد المقاصدي).
4- لە ڕاستیدا ئیجتیهاد هەتا لە ڕێگای ئەو ڕشتەبەندییە مەبەستدارەوە تێگەیشتنی بۆ نەكرێ، ناتوانێ ئامانجەكانی خۆی لە بونیاتنان و چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەستەبەر بكات، چونكە مەبەستەكانی تەشریعی حوكمە شەرعییەكان بە تەنها بەس نین بۆ ڕێكخستن و توندوتۆڵكردنی ئیجتیهاد و فەتوا.
5- لەم توێژینەوەیەدا دەركەوت كە مامۆستا قەرەداغی پێی وانییە مەسەلە زەرورەكان تەنها لەو پێنج مەبەستە هەمووەكییەدا سنوردار بكات كە باسكراون، بەڵكو هاتووە مەبەستی پاراستنی ناموس و ئاسایشی كۆمەڵگا و كۆمەڵی خستووەتە سەریان، هەروەها ئاسایشی دەوڵەتی شەرعی تا ببنە هەشت مەبەستی هەمووەكی، هەروەها وادەبینێ كە مەرجی بە هەندگرتنی هەر مەبەستێك لە مەبەستەكان بەوەی زەرورییە یان هەمووەكییە ئەوا بە لەدەستدان و تێكچوونی ئەو مەبەستە سیستمی ژیان تێكدەدات، خوای گەورەش لەسەر كارپێنەكردن و تێكدانی هەر مەبەستێك سزای شەرعی و تۆڵەسەندنەوەی داناوە.
6- ئەو فەتوایانە كە تایبەتن بە مەسەلە بەشییەكان و ئیجتیهادكردن تیایاندا بەجیا لە ڕەچاوكردنی مەبەستەكان بە چەمكە گشتییەكەی دەبێتە هۆی دابڕان و جیابوونەوە لە نێوان ئەو حوكمە شەرعییانەی كە دەربارەی چالاكی مرۆڤ و نێوان مەبەستەكانی بەدیهێنان و دروستكردنی هەمووی گەردوون دەرچوون.
7- ئیجتیهادی مەبەستدار لەسەر ڕەچاوكردنی بەڵگە هەمووەكی و بەشییەكان و لەسەر مەبەستەكانی شەریعەت بەرپا دەبێت، بێئەوەی قوربانی بدرێ بە هیچ یەك لەوان لەسەر حیسابی ئەویتریان، ئەوەش بەپێی میزانێكی ورد كە هەردووكیان كۆبكاتەوە، یان بێت لایەنێكیان بەهێزتر بكات بەسەر لایەنەكەی تردا.
لیژنەی تاوتوێ و مشتومڕ پێكهاتبوو لەم مامۆستا بەڕێزانە:
1- پ. د. عەبدولمەلیك عەبدولمەجید بەكر سەرۆك
2- پ. د. یوسف حەسەن حەمەد ئەندام
3- پ. د. مەحمود یونس حەمادە ئەندام
4-پ. د. مەحمود عەبدوستار عەبدوجەبار ئەندام
5- پ. د. عەبدولمەوجود عوسمان عەلی ئەندام
6- پ.د. عوسمان خزەیر مزعل ئەندام و سەرپەرشتیاری تێزەكە
لەدوای مشتومڕێكی تێروتەسەل، لیژنەی زانستی تەواوی ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند كە لەلایەن قوتابیەكەوە دراون و دواجار پلەی پێزانینی شایستەی پێدرا.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان