یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، بە توندی ئیدانەی قسە وتن بە پایەدارانی ئیسلام دەكات و داوا لە حكومەت و دەزگا ئایینییەكان دەكات، ڕێگری لە گومڕاكاری و ئاژاوەگێڕی بكەن.
یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، بە توندی ئیدانەی ئەو شتانە دەكات كە لە بۆنەی ئایینیی تایبەت بە هەندێ لە مەزهەبەكاندا ڕوودەدەن، لە هاوەڵ بۆ خوا دانان و جنێو فرۆشتن و قسە وتن بە پایەدارانی مسوڵمانان و جێنشینەكان و دایكانی باوەڕداران (خوا لە سەرجەمیان ڕازی بێت).
هەروەك چۆن هۆشداری دەدات كە ئەو كردەوانە گومڕایی و فیتنەن و ڕێ خۆشكەرن بۆ جیاكاری و دووبەرەكیی زیاتری نێوخۆی یەك وڵات. هەروەها داوا لە بەرپرسە حكومی و دەزگا ئایینییەكانی ئەو مەزهەبانە دەكات، بەر بەم هاوەڵ بۆ خوادانان و فیتنە و ئاژاوە و كارە ناڕەوایانە بگرن.
یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان -بە داخ و پەژارەوە- چاودێری ئەو شتانەی كردووە و دەكات كە لە هەندێ لەو بۆنە ئایینییانەدا ڕوودەدەن كە تایبەتن بە یادكردنەوەی ئەو پێشەوا پایەبەرزانەی زیاد لە هەزار ساڵە وەفاتیان كردووە یاخود شەهید كراون (خوای گەورە لێیان ڕازیبێت).گەرچی سەرەخۆشی و تەعەزێ، لە ئیسلامدا لە سێ ڕۆژ زیاتر تێناپەڕێت، چونكە لەم جۆرە بۆنانەدا هەندێ لە جۆرەكانی هاوەڵ بۆ خوادانان ڕوو دەدەن كە دژی ئەو بنچینە ڕاستەقینانەی باوەڕن كە لەسەر بنەمای یەكتاپەرستیی ئلوهییەت و ڕبووبیەت دامەزراوە. هەروەها بنەمای (خوا هیچ هاوەڵێكی نییە و مرۆڤ هەرچەندە پلەی بەرز بێت، تەنانەت گەر پێغەمبەریش بێت؛ ناتوانێت بگاتە پلەی بەدی هێنان (دروستكردنی شتیك لە نەبوونەوە) و زانینی غەیب). چونكە ئەوەتا خوای گەورە بە خۆشەویستی هەڵبژێردراوی ﷺ فەرمووە: " لَيْسَ لَكَ مِنَ الْأَمْرِ شَيْءٌ أَوْ يَتُوبَ عَلَيْهِمْ أَوْ يُعَذِّبَهُمْ فَإِنَّهُمْ ظَالِمُونَ ". (ال عمران: 128)
واتە: بێگومان تۆ هیچ شتێکت له کاروباری بهندهکان بهدهست نیه (بهڵکو ههمووشت بهدهست خوا خۆیهتی) ئهگهر تهوبه و پهشیمانییان لێ وهربگرێت، یان سزاو ئازاریان بدات، (سهربهسته)، چونکه ئهوانه ستهمکارن.
تەواوی پێغەمبەرانیش دانیان بە یەكتایی و بێ هاوتایی و بێ هاوەڵیی خوای گەورەدا ناوە، هەروەها دانیان بەوەدا ناوە كە ئەوانیش وەك ئێمە مرۆڤن، بەڵام ئەوەیە خوای گەورە بە دابەزاندنی سرووش بۆسەریان و ڕاسپاردنیان بە كاری گەیاندنی پەیامەكەی؛ ڕێزداری كردوون. خوای گەورە فەرموویەتی: "مَّا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلَاغُ..". (المائدة: 99)
واتە: پێغهمبهر هیچی لهسهر نی یه جگه له ڕاگهیاندنی پهیامی خوا..
هەروەها فەرموویەتی: "..وَمَا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ". (النور: 54)
واتە: ..دڵنیاش بن که ئهرکی سهرشانی پێغهمبهر ﷺ تهنها گهیاندنێکی ڕوون و ئاشکرایه و هیچی تر نییە.
خۆ گەر قورئان بخوێنینەوە، -زۆر بە ئاسانی- دەبینین قورئان سەرنج دەخاتە سەر یەكتاپەرستی و ڕوونكردنەوەی مافەكانی ئەو یەكتاپەرستییە و زۆر بە ڕوونی مەترسییەكانی هاوەڵ بۆ خوا دانان و تەواوی جۆرەكانی و ئاكامەكانی دەخاتە ڕوو.
هەربۆیە، بەهیچ جۆرێك نابێت پێگەی پێغەمبەر و نێردراوەكانی خوای گەورە و پیاوچاكەكانی و، خۆشویستن و ڕێز لێنانیان، تێكەڵ بكەین لەگەڵ هاوەڵ بۆ خوادانان یان ئەوەی سیفەتی خوا و زانستی غەیب بدەینە پاڵیان. چونكە ئەمە لە شتە ئاشكرا و ڕوونەكانی ئەم بیروباوەڕەن كە خوای گەورە لەپێناویاندا كتێبەكانی دابەزاندووە و پەیامبەرانی ناردووە.
هەروەها زۆر بەداخەوە كە لەم جۆرە بۆنانەی ئاماژەیان پێ كرا، جنێو فرۆشتن و قسەوتن بە گەورە و پایەدارانی ئیسلام و دایكانی باوەڕداران و جێنشینەكان؛ بەدی دەكرێن. ئەمەش جارێكی تر لە دیدی ئیسلامەوە، تاوانە و بگرە فیتنەی گەورەیە و هاوكارە بۆ لێكترازان و لەیەك دوورخستنەوەی مسوڵمانان و جیاوازی خستنە نێویانەوە، هەروەك چۆن هۆكارە بۆ پێك نەهاتن و یەك نەگرتنیان. كە ئەمەش گرفتێكە یارمەتی دوژمنانی ئیسلام دەدات بۆ زاڵ بوون و دەستگرتن بەسەر سامانی گەلەكەماندا. چونكە دروشمیان بریتییە لە "لێكیان بترازێنە و زاڵبە".
لەبەر هەموو ئەمانە، یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، بە توندی ئیدانەی هاوەڵ بۆخوادانان و ئاژاوە و فیتنە دەكات و بە پێداگرییەوە داوا لە حكومەتە پەیوەندیدارەكان و دەزگا ئایینییەكان دەكات؛ ڕێگرییان لی بكەن و بڕیار و فەتوای تایبەت بە وەستاندن و ڕێگری كردنیان دەربكەن.
خوای گەورە دەفەرموێت: "وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا..". (ال عمران: 103)
واتە: ههر ههمووتان به توندی دهست بگرن به ئاینی خواوه و پهرت و بڵاو مهبن..
هەینی 23ی سەفەر 1445ی كۆچی
بەرامبەر: 8ی سێپتەمبەر 2023
پ.د. عەلی قەرەداغی / ئەمینداری گشتی
د. سالم سقاف الجفري / سەرۆك
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان