1 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

فەتوا لەسەر ئاهەنگ گێڕان و یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت)

Image

فەتوا لەسەر ئاهەنگ گێڕان و یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت).

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر ﷺ لەنێوان حەرام و پەسەندیدا، بەپێی فیقهی میزان (پێوان):

بە قەڵەمی پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی

 

پرسیار:

ئەم ڕۆژانە كە لەناو مانگی (ربیع الأول)ین، پرسیار لەبارەی یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر ﷺ زۆر بووە. ئایا ئەم یادە بە ڕەهایی بیدعەیە، یاخود (موستەحەبە - پەسەندە)، یان بە ڕەهایی دروستە؟ تكایە بەپێی فیقهی میزان (پێوان) وەڵاممان بدەنەوە، خوا پاداشتتان بداتەوە.

 

وەڵام:

سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێنی جیهانییان، دروود و سەلام لەسەر ئەو زاتەی وەك میهرێك ڕەوانەی تەواوی جیهانییان كرا، هەروەها لەسەر تەواوی خانەوادە و كەس و كار و هاوەڵانی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی تا ڕۆژی قیامەت شوێن ڕینمووییەكانی دەكەون. دواتر..

 

چەند پێوان (میزان)ێكی نەگۆڕ هەن كە ڕاستییە شەرعییەكان ڕوون دەكەنەوە:

1- ئاشكرایە مسوڵمانان تەنها دوو جەژنی ئایینییان هەیە، جەژنی ڕەمەزان كە لەپاش بەئەنجام گەیاندنی پایەی ڕۆژوو دێت؛ لەگەڵ جەژنی قوربان كە دوابەدوای بەئەنجام گەیاندنی كۆتا پایەی ئیسلام دێت (حەج). هەردوو جەژنەكەش نوێژ (نوێژی جەژن) و تەكبیرات و كۆمەڵێك پەرستشی تری هاوشێوەیان  تێدایە. هەربۆیە بە كۆی ڕای زانایان ناكرێت هیچ جەژنێكی تری ئایینی زیاد بكرێت، چونكە بیدعەیەكی حەرامە و مەترسییە بۆسەر خودی ئایینەكەمان. بەڵام بۆنە نەتەوەییەكان و ئاهەنگ گێڕان بۆ پاڵەوانێتییەكان یاخود ئەو كەسایەتییانەی ڕۆڵیان لە خزمەتكردنی ئیسلام و مسوڵمانان، یاخود نیشتماندا هەبووە، شتێكە لەدەرەوەی جەژنی ئایینی و هیچ ڕێوڕەسمێكی ئاینییان نییە، هەروەك چۆن هیچ نوێژ و پەرستش و دروشمێكی تایبەتیان نییە. ئەگەرچی بە جەژنیش ناویان بهێنرێت كێشەی نییە، چونكە ئەوەی گرنگە و لەبەرچاودەگیرێت مەبەست و ڕاستییەكانە، نەك وشە و دەستەواژەكان.

2- پێوانەی دووەم لە بارەی كۆبوونەوەی هەندێ خەڵك و هەستانیان بە چالاكییەكی دیاریكراوە، بۆنمونە ئاهەنگ گێڕان و یاد كردنەوەی ڕۆژی لەدایك بوونی پێغەمبەر ﷺ، كە ئەم هەلە دەقۆزنەوە و هەندێ وتار و گوتە لەبارەی پێغەمبەر ﷺ و بانگەوازەكەی و شتی لەو جۆرەوە پێشكەش دەكەن. ئەمە بۆ خۆی وەك چالاكییەك تەماشا دەكرێت نەك نوێژ، نەك جەژنی ئایینی و حەج و تەواف. بەڵكو تەنها چالاكییەكی گشتییە و -وەك زانایانی زانستی ئوصول دەڵێن- ئەحكامە تەكلیفییەكان یاخود زۆرینەیان، بەم پێیەی خوارەوە بەسەریدا جێبەجێ دەبێت:

- گەر چالاكییەكە بیدعەی حەرام و خورافات و تێكەڵاویی حەرام و حەرامی تری هاوشێوەی لێ كەوتەوە، ئەوا لەبەر حەرام بوونی شتەكانی دی، ئەویش حەرام دەبێت. خۆ ئەگەر شتە مەكروهەكانی تێكەڵ بوو، ئەوا دەبێتە كردەیەكی مەكروهـ. ئەمەش حوكمێكی گشتییە بۆ تەواوی ئەو چالاكییانەی حەرام یاخود مەكروهاتییان تێكەڵ دەبێت، بەهۆی ئەو حەرام و مەكرووهاتانەوە دەبنە حەرام یان مەكروهـ. چونكە دەچێتە ژێر یاسای (ئیعتیبار لە ئامڕاز و هۆیەكان، بەپێی ئاكام و لێكەوتەكانیانە). بە كۆدەنگی زانایان، ئامڕاز و هۆیەكان حوكمی ئامانج و مەبەست و لێكەوتەكان وەردەگرێت.

- خۆ گەر هیچ حەرام و بیدعەیەكی حەرامی تری لەگەڵ نەبوو، بەڵكو ئەنجامدەرانی وەك هەلێك قۆستیانەوە بۆ بانگەواز كردن بۆلای خوای گەورە و ناساندنی پێغەمبەر ﷺ و پشتیوانی لێ كردنی، ئەوا بە پشتیوانی خوای گەورە پاداشتیان دەبێت، چونكە "الأعمال بالنیات وإنما لكل امرئ ما نوی - كردەوەكان بەپێی نیەتەكانیانن و هەر كەس بەپیێ نیەتەكەی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت" (ڕیوایەتكراوە لەلایەن بوخاری لە صەحیحەكەیدا (1) و موسلیم (1907).

- گەر ئەنجامدەرانی ئەو بۆنەیە ویستیان بۆنەكە بكەنە جەژنێكی ئایینی و تایبەتی بكەن بە جۆرێك لە صەلاوات و دروشم و شتی هاوشێوەوە (كە هەندێك بە دروشمی ئایینی ناوی دەبەن) ئەوا بەبێ گومان حەرامە و بیدعەیەكی داهێنراوە و گومڕاییە.

قسە و فەتوای ئێمە لەسەر بڕگەی (2)ی پێشووە بەتەنها، كە پێوانی بانگەوازكردن بۆلای خوای بەسەردا جێبەجێ دەبێت، ئەویش بۆخۆی پانتاییەكی گەورە لە هۆكارەكانی بانگەواز لەخۆ دەگرێ‌:

ئەم بابەتە هەر لە سەدەی چوارەمی كۆچییەوە، ڕاجیاییەكی زۆری زانایانی لەسەر بووە. لەنێوان (دروستی) كە زۆرینە بوون، لەگەڵ (حەرامی) كە كەمینە بوون. هەر لایەنێكیش بەڵگەی خۆی هەبووە و ڕووگەیان لەو شوێنە بووە كە بەڕاستیان زانیوە.

منیش بێ ئەوەی بچمە وردەكاریی ئەم بابەتە و بەڵگەی هەر لایەنێكەوە، دەڵێم:

یەكەم: بەپێی فیقهی پێوان (میزان)، دەرگای پەرستشە تایبەت و ڕێوڕەسمە ئایینییەكان بەسەر زیادكردن و گۆڕینی شێوەكەیدا داخراوە، ئەمە ئەگەر هیچ دەقێكی ڕوون لەبارەیەوە نەهاتبێت. بەڵام دەرگای خوو و داب و نەریت و مامەڵەكان بەڕووی گۆڕانكاریدا كراوەیە. چونكە ئەسڵ و بنچینەی ئەو كردانە ڕێگەپێدراوییە مەگەر دەقێكی ڕوون و ڕاست و صەحیح لەسەر حەرامبوونیان هاتبێت.

دووەم: زۆرینەی زانایان دانیان ناوە بە بەكارهێنانی پێوانەگیریی لە هەندێ‌ لە جۆرەكانی پەرستشدا، كە بیدعەی چاك هەیە و تەبایە لەگەڵ بنەماكانی شەریعەتدا و دژ نییە پێی، بۆنمونە: كاتێك خەڵكی كۆبوونەوە لەسەر ئەنجامدانی بیست ڕكات لە هەموو شەوەكانی ڕەمەزاندا، پاشانیش عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) كە بینی بە ڕێكوپێكی لەدوای یەك ئیمامەوە وەستاون وتی: (ئەمە بیدعەیەكی باشە).

هەروەك چۆن عوسمانیش (خوا لێی ڕازیبێت) بانگی دووەمی بۆ ڕۆژی هەینی داهێنا.

ئەبو شامە لە (الباعث علی إنكار البدع والحوادث) لاپەڕە (62) دەڵێت: "بیدعەی چاك كۆدەنگیی زانایان لەسەر دروستیی ئەنجامدانی هەیە و بە پەسەند (موستەحەب) دەژمێردرێت" پاشان لە پێناسەی بیدعەی چاكدا دەڵێت: "بیدعەیەكە لەگەڵ یاساكانی شەریعەت دەگونجێت و دژی ناوەستێتەوە و بەئەنجامدانی هیچ كردەیەكی نەهی كراوی لێ ناكەوێتەوە".

سێیەم: ئامڕاز و مەبەست جیاوازن لەیەكتری، چونكە ئامڕازی پەرستشەكان یەك سوننەتی دیاریكراویان نییە و بەیەك جۆرە ئەنجام نادرێن، هەندێ ئامڕاز هەن دەكرێت گۆڕانكارییان تێدا بكرێت. بۆنمونە ئامڕازەكانی جیهاد، یان گەیاندنی بانگ بە ئامڕازی نوێ.

چوارەم: پەرستش (عیبادەت) چەمكێكی فراوان و بەرینە، تەواوی ئەو پەرستشە تایبەت و دروشمە ئایینییانە دەگرێتەوە كە ناتوانین دەستكارییان بكەین مەگەر بە بەڵگە و دەقێكی ڕوون نەبێت. هەروەها سەرجەم جۆرەكانی تری نزیك بوونەوە لە خوا دەگرێتەوە، وەك جیهاد و بانگەواز بۆلای خوا. بگرە تەواوی ئەو كارە چاكانە دەگرێتەوە كە مەبەست لێیان ڕازی كردنی خوای گەورەیە، هەر لە كشتوكاڵەوە بیگرە هەتا پیشەسازی و بازرگانی و زۆر كردەی تر.

 

ڕای پەسەند:

دوای تێڕامانم لە بابەتی ئاهەنگ گێڕان و یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر ﷺ بەپێی فیقهی میزان. بۆم دەركەوت ئەم كردەیە دەچێتە ژێر سایەی بانگەواز بۆلای خوا و یەكێكە لە ئامڕازەكانی ناساندنی پێغەمبەر ﷺ و ژیاننامە و ڕەوشت و گوفتار و كردارەكانی. ئاشكرایە كە ئەسڵ لە ئامڕازەكانی بانگەوازدا ڕێگەپێدراوییە مەگەر ئەوەی ئەو ئامڕازانە حەرام بن یاخود حەرامیان لی بكەوێتەوە، بەڵگەی ئەمەش فەرمایشتی خوای گەورەیە كە دەفەرموێت: (ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ) (النحل: 125).

واتە: بانگه‌واز بکه بۆ لای به‌رنامه ‌و ڕێبازی په‌روه‌ردگارت به ‌حیکمه‌ت و دانایی (بۆ هه‌ندێك) و ئامۆژگاری جوان و به‌جێ، (بۆ هه‌ندێکی تر) و گفتوگۆ و موجاده‌له به باشترین شێوه (له‌گه‌ڵ هه‌ندێکی تردا به تایبه‌تی خاوه‌ن کتێبه‌کان).

مەبەست لە حیكمەت، سەرجەم ئەو ئامڕازە سوودبەخش و كاریگەرانەیە كە لەگەڵ كەس و سەردەم و شوێنەكان دەگونجێت.

مەبەستیش لە ئامۆژگاری جوان، مژەدەبخشی و قسەی نەرم و پەندی جوان و چیرۆكی ڕاستەقینە و هاوشێوەكانیانە، كە كار لە دڵ و دەروونەكان دەكەن.

لە موجادەلەش مەبەست گفتوگۆیە، كاتێكیش بە باشترین شێوە وەسف دەكرێت، بەڵگەیە لەسەر دروستیی و پەسەندیی هەوڵدانی بانگخواز بۆ گەیشتن بە باشترین لەڕووی زارەكی و كرداری و مانا و ناوەڕۆكەوە. ئەمەش بۆخۆی بەواتای نوێبوونەوە دێت، چونكە ئایەتەكە وا دەخوازێت هەڵبژاردنی باشترینەكان بەپێی كات و شوێن و كەس و گوزەرانەكان بگۆڕین. ئەوەی بۆ ئەمڕۆ باشترینە؛ مەرج نییە بۆ سبەی باشترین بێت.

ئیبنولقەیم لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا دەفەرموێت: "خوای گەورە (سبحانه وتعالی) پلەكانی بانگەوازی وەك پلەكانی خەڵك لێكردووە، ئەوەی بەدەم بانگەوازەوە هاتبێت؛ بە دانایی بانگی لێ دەكرێت. ئەوەشی بەدەم ئیسلامەوە هاتووە بەڵام دواكەوتووە و بێ ئاگایە، بە ئامۆژگاری جوان بانگ دەكرێت. كەسی سەرسەخت و لاریش بە باشترین و جوانترین شێوە مشتومڕی لەگەڵ دەكرێت".

هەروەك چۆن ئامڕازەكانی جیهاد بەند نییە بەو دەقانەوە كە لەبارەیەوە هاتوون، بەڵكو گشتگیرن و هەموو ئەو شتانە دەگریتەوە كە دەبنە هۆی بەدیهێنانی ئامانجە ویستراوەكە، بەڵام بەندە بەوەوە كە نابێت دژی دەقە شەرعییەكان بوەستێتەوە. بۆنمونە خوای گەورە باسی ئێشكگریی ئەسپی كردووە، ئەمڕۆ ئێشكگریی دەبابە و فڕۆكە و هاوشێوەكانیانی بۆ زیاد كراوە. ئامڕازەكانی بانگەوازیش بەهەمان شێوەن، هەر لە بانگەواز بۆلای خواوە هەتا بانگەواز بۆ خۆشویستنی پێغەمبەرەكەی ﷺ و شوێنكەوتنی بەرنامە و ژیاننامە و سوننەتەكانی.

خۆ ئەگەر بگەینە ئەو ئەنجامە، ئەوا ئاهەنگ گێڕان و یادكردنەوەی ڕۆژی لەدایك بوونی سەروەر ﷺ ئامڕازێكە لە ئامڕازەكانی بانگەواز بۆلای خوا و ناساندنی پێغەمبەرەكەی ﷺ و بەرنامە و خوڕەوشتەكانی. بەم پێیە ئیتر شەرعی و ڕێگەپێدراوە، بگرە مرۆڤ پاداشت لەسەر ئەنجامدانی وەردەگرێت، بەم مەرجانەی خوارەوە:

1- مەبەست لە ئاهەنگ گێڕانەكە بانگەواز بۆلای خوا و خۆشویستنی خۆی و پێغەمبەرەكەی ﷺ و زیندوو كردنەوەی سوننەتەكانی و شوێنكەوتنی شەریعەتەكەی و پابەند بوون بە بەرنامەكەیەوە؛ بێت.

2- ئاهەنگەكە هیچ شتێكی حەرامكراوی لێ نەكەوێتەوە، وەك سەما كردن و تێكەڵ بوونی حەرام و هەندێ كردار و گوفتاری حەرامكراوی تر.

3- زیادەڕەوی و ئیسراف و خۆدەرخستنی ناپێویستی لێ نەكەوێتەوە.

4- گەر خواردنی تێدا بوو، پێویستە هەژارانیشی بۆ بانگهێشت بكرێت.

 

پێنجەم: گەر ئەمانە ڕوویاندا، ئەوا نكووڵیی و گیریی هەندێ لەو بانگخوازانە وەرناگیرێت كە گیرییەكەیان لە گیر بوونیان لەسەر حەرامە گومانبڕەكان زیاترە. وەك ئەوەی یەكێكیان وتبووی: "ئەوەی یادی ڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر ﷺ بكاتەوە، تاوانەكەی لە تاوانی خواردنەوەی مەی و زینا و كوشتن زیاترە". هەروەك خاوەنی كتێبی (مفهوم البدعة) لە لاپەڕە (21-22) هێناوێتی.

ئەم توندی و گیرییە زۆر قووڵ كردنەوەی ئایینە و دەبێتە هۆی تێكدانی هاوسەنگییەكان و پاشان دروستكردنی بیری تەكفیری و دواتر خۆ تەقاندنەوە.

دوا قسە ئەوەیە كە بابەتەكە خۆی ڕاجیایی لەسەرە، هەر لایەنەو مافی پەسەند كردن و زاڵ كردنی ئەو ڕایەی هەیە كە بەباشی دەزانێت، بەبێ خواردنی مافی لایەنەكانی دی و پیرۆز كردنی ڕایەكەی خۆی.

بەپێی فیقهی پێوان (میزان) گەیشتینە ئەم دەرەنجامە، داواكارم لە خوا بمپارێزێت لە هەڵە و پێ هەڵخلیسكان لە بیروباوەڕ و عەقیدە و وتە و كرداردا؛ هەروەها بمانكاتە دڵسۆز و خزمەتكاری ئایینەكەی و لە هەڵە و گوناهەكانمان ببورێت. (رَبَّنَا لاَ تُؤَاخِذْنَا إِن نَّسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا..) (البقرة: 286). واتە: په‌روه‌ردگارا؛ لێمان مه‌گره ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشیمان به‌سه‌ردا هات یان گوناه و هه‌ڵه‌یه‌کمان له ده‌ست قه‌وما.

ئامین ئەی پەروەرێنی جیهانییان

پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی

 

 

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی